كەناڵی ئەی بی سی: مایك پۆمپیۆ گوێی لە تۆماری دەنگیی كوشتنی خاشقچی گرتووە

جیهان

19/10/2018‌ 3588 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بانگەشەی ئەوە دەكرێت كە مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە میانی سەردانەكەیدا بۆ ئەنقەرە، گوێی لە تۆماری دەنگیی پەیوەست بە "كوشتنی" جەمال خاشقچی، رۆژنامەوانی سعوودیی گرتبێت لەنێو كۆنسوڵخانەی سعودیە لە ئیستانبوڵ.

كەناڵی ئەی بی سی بە پشتبەستن بە كاربەدەستێكی توركیا بڵاویكردووەتەوە، بانگەشەی ئەوە كراوە لەمیانی سەردانەكەیدا بۆ ئەنقەرە رۆژی چوارشەممە، كاربەدەستانی توركیا تۆماری دەنگیی پەیوەست بە كوژرانی قاشقچییان بۆ پۆمپیۆ لێداوە و زانیارییان سەبارەت بە ئاشكراكردنی دەنگەكانی نێو تۆمارە دەنگییەكەش داوەتە ناوبراو.

لە هەواڵەكەدا بانگەشەی ئەوەشكراوە، كە كاربەدەستە توركەكە، باسی لەوەكردووە خاشقچی لە كۆنسوڵخانەی سعوودیە لە "ئەنجامی هەوڵێكدا كە ماوەی هەشت خولەكی خایاندووە، لە رێگەی خنكاندنەوە كوژراوە".

بەڵام هێزەر ناوێرت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و بانگەشەكانی رەتكردەوە.
ناوێرت رایگەیاندووە، "پۆمپیۆ، نە گوێی لە تۆمارێكی دەنگی سەبارەت بە دیارنەمانی خاشقچی گرتووە و نە زانیاریی سەبارەت بە ئاشكراكردنی دەنگەكانی نێو تۆمارە دەنگییەكە بینیوە".

پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی نیویۆرك تایمز، سەبارەت بە چارەنووسی جەمال خاشقچی رایگەیاندبوو، "ئەگەر موعجیزەیەكی زۆر گەورە روونەدات، ئەوا ئەو مردووە. ئەمە پشت بە سەرجەم زانیارییە هەواڵگرییەكان دەبەستێت كە هاتوون".
ه.م