یاداشتێك-یان داوەتە كۆمسیۆن
شارپرێس هەوڵێكی گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و یەكگرتوو بۆ هەڵوەشانەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمان ئاشكرادەكات

کوردستان

20/10/2018‌ 7100 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بزووتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی‌و یەكگرتووی ئیسلامی لەهەوڵدان بۆ ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەڵوەشێننەوە، كە لە 30 ئەیلوولی رابردوو بەرێوەچوو.

بەپێی ئەو زانیاری-یانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دراوە بەشارپرێس، هەرسێ‌ لایەن گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و یەكگرتوو بۆ ئەو مەبەستە یاداشتێك-یان داوەتە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێمی كوردستان.

هەر بەپێی زانیارییەكان، یاداشتەكەی گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و یەكگرتوو لەچەند رۆژی رابردوو دوای چەند كۆبوونەوەیەكی سێ‌ قۆڵی ئامادەكراوە، كە تێدا باسی هەڵوەشانەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكەن.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، یاداشتەكە باسی لەو "ساختەكاری"یانە كردووە، كە لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدراوەو تێدا جەختیانكردووەتەوە، بەهۆی ئەو ساختەكارییانە ئەنجامی هەڵبژاردن رەتدەكەنەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، پێشتر جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌، كە هێزێكە یەكەم جارە بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی كردووەو چەند كورسییەكی بەپێی ئەنجامە بەراییەكان بەدەستهێناوە، ئەنجامی هەڵبژاردنی رەتكردووەتەوە، ئەوەش بەبیانووی ئەوەی "ساختەكاری" كراوە.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و یەكگرتوو، لەرێگەی ئەندامانیان لەئەنجوومەنی كۆمیسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان فشار بكەن، بۆ ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن پەسەندنەكرێت‌و هەڵبوەشێنرێتەوە.

بڕیارە لەم هەفتەیە ئەنجامی هەڵبژاردن بەفەرمی لایەن كۆمسیۆنەوە رابگەیەنرێت، كە بەپێی ئەنجامە بەراییەكان پارتی دیموكرات براوەی یەكەمە، ئەوەش بە دەستهێنانی 44% دەنگەكان‌و یەكێتی نیشتمانیش لەپلەی دووەمە.

هـ ـ ح