عادل عەبدولمەهدی‌و لایەنە سوننییەكان كێشەیان بۆ دروست بووە

عیراق

20/10/2018‌ 629 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عادل عەبدولمەهدی راسپێراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، لەگەڵ سەركردەی لایەنە سوننییەكان كێشەی بۆ دروست بووە.

بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگادار، كێشەی عادل عەبدولمەهدی لەگەڵ سەركردەی لایەنە سوننییەكان لەسەر پرسی دابەشكردنی وەزارەتەكانە لەنێوان پێكهاتەكان، كە لەو بارەوە ئێستا گفتوگۆ دەكرێت.

سەرچاوەكە قسەی بۆ پێگەی "الغد برس" كردووەو رایگەیاندووە، لایەنە سوننییەكان بۆ هەر وەزارەتێك ناوی تەنیا یەك كاندیدیان پێكەشكردووە، لەكاتێكدا عادل عەبدولمەهدی داوای كاندیدی زیاتری كردووە.

سەرچاوەكە راشیگەیاندووە، كە عادل عەبدولمەهدی ئەو ناوانەی رەتیكردووەتەوەو داوای كردووە بۆ هەر پۆستێك ناوی پێنج كاندید پێكەش بكەن، بەو هۆیەشەوە كێشە دروست بووە.

عادل عەبدولمەهدی لە 2ی ئەم مانگەوە راسپێراوە بۆ پێكهێنانی حكومەت‌و بڕیارە لەم هەفتەیەش پێكهاتەی كابینەی حكومەت بباتە پەرلەمان‌و رایبگەیەنێت.

هـ ـ ح