فەرماندەیی پێشمەرگە: بەرگری پردێ‌ پلانی داگیركردنی هەولێری شكست پێهێنا

عیراق

20/10/2018‌ 1556 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فەرماندەیی ژووری ئوپەراسیۆنەكانی پێشمەرگەی كوردستان رایگەیاند، لەڕۆژێكی وەك ئەمڕۆ لە 20ـی 10ـی 2017ـدا "گەلی كوردستان لە داستانێكی مەزنی پڕ لە قارەمانیدا بەرەنگاری هێرش و پیلانی ناحەزانی ناوەوە و دەرەوە بووەوە".

فەرماندەییەكە راشیگەیاند "ئەو پیلانە لە خیانەتە گەورەكەی 16ـی ئۆكتۆبەر دەستی پێكردبوو، كە پشتی پێشمەرگەیان بەردا و كەركوكی دڵی كوردستانیان بە نرخێكی هەرزان فرۆشت، كە ئەو خیانەتە وایكرد نەیارانی گەلەكەمان، هەرێمی كوردستان بە پاروویەكی ئاسان بزانن و ویستیان داگیری بكەن. بۆیە ڕوویان كردە هەولێری پایتەخت، بەڵام لە بەرگرییە پڕ لە قارەمانیەكەی پردێدا پێشمەرگە پەلامارەكەی نەیار و داگیركارانی تێكشكاند و مەبەستی گڵاوی ئەوانی لەگۆڕنا".

فەرماندەیی ژووری ئوپەراسیۆنەكانی پێشمەرگەی كوردستان ئەوەشی راگەیاندووە "بە هەمان شێوەش لە سحێلای بەرخودان و مەردایەتی و لە مەخموور و بەرەكانی ڕۆژهەڵاتی دیجلە، پێشمەرگە پشت بە خودا و خۆڕاگر و نیشتمانپەروەرانی گەل، پیلانی نەیارانی بۆ لەناوبردنی هەرێمی كوردستان تێكشكاند و كوردستان بە سەربەرزی مایەوە".

فەرماندەییەكە دڵنیاییداوە "20ـی ئۆكتۆبەری 2017 وەرچەرخانێكی گەورە بوو لە خەباتی میللەتەكەماندا و لەو ڕۆژەدا مێژوویەكی پڕ لە شانازی تۆمار كرا. فەرماندەییئۆپەراسیۆنەكان ئەو ڕۆژە مێژووییە بە ڕۆژێكی پڕشنگداری پێشمەرگە و كوردستان دەزانێت و یادی بەرز دەنرخێنێت".

ساڵی رابردوو چەكدارانی حەشدی شەعبی‌و سوپای عێراق هێرشیان كردە سەر كەركوك‌و دەوروبەری‌و لەنزیك پردێس لەنێوان هەولێرو كەركوك رووبەڕووبوونەوە لەنێوان هێزی پێشمەرگەو ئەو هێزانە روویداو ماوەی دوو رۆژ بەردەوامبوو.

هـ ـ ح