لەگەڵ پارتی گفتوگۆی لەسەر دەكەن
ئاراستەیەكی بەهێزی ناو سەركردایەتی گۆڕان لەگەڵ ئەوەیە بەشداری حكومەتی داهاتووی هەرێم بكەن

کوردستان

20/10/2018‌ 14063 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئاراستەیەكی بەهێزی ناو بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ ئەوەیە بەشداری حكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان بكەن، بۆ ئەوەش لەگەڵ پارتی دیموكرات وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردن گفتوگۆ دەكەن.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس كەوتووە، ئەو ئاراستەی ناو بزووتنەوەی گۆڕان، كە لەبەرپرسانی باڵای بزووتنەوەكە پێكهاتوون، دەیانەوێت بزووتنەوەكەیان بەشداری لەحكومەتی بكات.

هەر بەپێی زانیارییەكان، ئەو بەرپرسانە دەیانەوێت ئەو پرسە لەدەرەوەی جڤاتی نیشتمانی تاوتوێكراوەو تارادەیەكیش پرسی بەشداریكردن یەكلاكراوەتەوە.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە گۆڕان پارتی-یان ئاگاداركردووەتەوە، كە دەیانەوێت بەشداری لە حكومەت بكەن و گەرەنتیشیان داوە ئەزموونی كابینەی رابردوو دووبارە نەكرێتەوەو بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە بەم نزیكانە شاندێكی پارتی و گۆڕان كۆببنەوەو گفتوگۆی وردو جدی لەسەر ئەو پرسە بكەن.

ئەمە لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ شەممە جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان كۆدەبێتەوە، كە بڕیارە لەبارەی بەشداری گۆڕان لەحكومەتی داهاتوو، چەند پرسێكی تر بڕیار بدات، كە "ئێستا سەعات 2:10 نیوەڕۆ كۆبوونەوەكە بەردەوامی هەیە".

زانیارییەكان باس لەوە دەكەن، كە رەنگە ئەو پرسە لەناو جڤاتی نیشتمانی رەتبكرێتەوەو كاردانەوەی ناوخۆیی بزوتنەوەكەشی لێ بكەوێتەوە، چونكە بەشێك لەهەڵسوراوان‌و ئەندامانی جفاتی نیشتمانی دژی بەشداریكردنن لەحكومەت.

گۆڕان لەكابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێم بەشداری كرد، كە 24 كورسی پەرلەمانی هەبوو، بەڵام بەهۆی كێشەكانی لەگەڵ پارتی لەحكوتەكە دەركراو ئێستاش بەپێی ئەنجامە بەراییەكان لەخولی نوێ‌، تەنیا 12 كورسی پەرلەمانی بەدەستدەهێنێت.

هـ ـ ح