مەسعود بارزانی: ڕیفراندۆم سەركەوتنی ئیرادەی گەلی كوردستان بوو

کوردستان

20/10/2018‌ 7270 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكرات رایگەیاند، ڕیفراندۆم سەركەوتنی ئیرادەی گەلی كوردستان بوو، ٩٣لەسەدی گەلی كوردستان پشتیوانی بوو‌و یەكخستنی ئیرادەی ئازادیخوازیی كوردستانییان بوو لە سەرتاسەری جیهان.

مەسعود بارزانی راشیگەیاند "داستانەكانی پردێ و سحێلاش لە ٢٠ و ٢٦ـی ئۆكتۆبەر، وەرچەرخانی مێژوویی بوون و سەركەوتنی ئازادیخوازیی بوو بەسەر داگیركاری و پیلانگێڕیی دەرەكی و ناوخۆییدا".

قسەكانی مەسعود بارزانی ئەمڕۆ شەممە لەمیانی كۆبوونەوەیەكی بووە لەگەڵ  جان دۆست، نووسەرو رۆشنبیر، كە بەپێی راگەیەنراوی كۆبوونەوەكە بارزانی ئەوەشی راگەیاندووە "دوژمنان بەدرێژایی مێژوو هەموو توانای سەربازییان بۆ تێكشكاندن و لەناوبردنی گەلەكەمان تەرخان كرد و شكستیان هێنا، ئێستا كار لەسەر شكاندنی ئیرادە و نەهێشتنی باوەڕبەخۆبوون لای تاكەكانی گەلەكەمان دەكەن و دەیانەوێ وای لێ بكەن خۆمان بە شیاوی ئازادی نەزانین، بەداخەوە لەوەشدا هەندێ بەناو ڕۆشنبیر و لایەنی سیاسی، بوونەتە بەشێك لەو پیلانە و خزمەتی ئامانجەكانی دوژمنان دەكەن".

هەروەها مەسعود بارزانی ئەوەی روونكردووەتەوە، كە هەر لە دوای زەوتكردنی خاك و ئازادیی گەلەكەمان، دەیانساڵە ڕۆشنبیرانی نیشتمانپەروەر و ئازادیخواز، ڕێگەیان نەداوە كولتور و فەرهەنگ و زمانی كوردی و هەستی ئازادیخوازی لەناو بچێت، ئێستایش ڕۆڵی ئێوەی نووسەر و ڕۆشنبیرانە كە شوێنكەوتووی ڕێبازی ئەوان بن و نەهێڵن دوژمنان لەو پیلانەدا سەركەوتوو بن.
 
سەرۆكی پارتی جەختی لەوەش كردووە، كە پێویستە ئێوەی ڕۆشنبیران ئەو پەیامە بە لاوانی كوردستان بگەیەنن، كە پێویستە ئامانجی مەزنیان هەبێت و باوەڕیشیان بەخۆیان و ئایندەی گەلەكەیان هەبێت.

هـ ـ ح