كۆدی قسەكانی فازڵ میرانی
"قەدەری دابەشكاری" پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی هەرێم یەكلادەكاتەوە

کوردستان

21/10/2018‌ 17730 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: تایبەت
راپۆرتی شیكاری
فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكرات، زیاتر و بەوە ناسراوە، لەكورتی راستەوخۆ قسەی دڵی خۆی دەكات، قسەی ئەو بەوە لەسەركردەكانی تری حیزبەكەی جیادەكرێتەوە، كە كۆدی سیاسەتی فەرمی پارتی-یە، چونكە، ئەو نزیكە لەناوەندی بریارەوە.

فازڵ میرانی لەدواین لێدوانی لەسەر پەیوەندی پارتی‌و یەكێتی نیشتمانی وتی: هەردوولا "پارتی‌و یەكێتی ناتوانن پەیوەندییان نەبێت، بەڵێ ناكۆكی دەبێت، بەڵام ئەوە كۆتایی تونێلەكە نییە لەپەیوەندی ئەو دوو حیزبە". 

میرانی لەكاتێكدا ئەو قسانەی كرد، هێشتا هەڕەشەكانی پارتی لەسەر پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم، لەگوێی خەڵكدا دەزنگێتەوە، بەوەی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی رایگەیاند، دەبێت یەكێتی ئەوە لەبەرچاو بگرێت، پارتی زۆرینەی دەنگەكانی پەرلەمانی بەدەستهێناوەو لەسەر ئەو بنەمایەش حكومەتی داهاتوو پێكدەهێنرێت.

ئەو قسانەی نێچیرڤان بارزانی یەكەم كاردانەوەی پارتی بوو، دوای ئەوەی یەكێتی ئامادەنەبوو لەسەر كاندیدی كورد بۆ سەرۆك كۆمار لەگەڵ ئەو حیزبە رێككەوتن بكات‌و پەنای بۆ هۆڵی پەرلەمان‌و دەنگدانی پەرلەمانتاران لەبەغدا برد، كە دواجار یارییەكەی لەبەرژەوەندی خۆی كۆتایی پێهێنا.

جێگری سەرۆكی پارتی بەڕوونی لەپەیامەكەدا ئەوەی بە بەرپرسانی یەكێتی وت، كە ئەوان چۆن بۆ پرسی سەرۆك كۆمار پەنایان بۆ زۆرینەی كەمینە بردووە لەناو پەرلەمان، ئەمانیش لەهەرێمی كوردستان پەنا بۆ دەنگی زۆرینەو كەمینە دەبەن‌و لەسەر ئەو بنەمایەش حكومەتی داهاتوو پێكدەهێنن.

بەرپرسانی پارتی‌و یەكێتی لەپرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق كاردانەوەی توندیان بەرانبەر یەكتری نواندو كاردانەوەكانیش گەیشتە ئاستی هەڕەشەكردن لەیەكتری‌و قسەكردن لەسەر چەند پرسێك، كە پێشتر بەهێڵی سوور ناویان دەبرد، لەوانەش گەڕانەوە بۆ سەردەمی دوو ئیدارەیی.

فازڵ میرانی لەپاڵ ئەوەی دانی بەو راستییەدانا، كە ئاڵۆزی‌و گرژییەكانی ئەم دواییەی نێوان یەكێتی و پارتی قورس‌و كاریگەر بوون‌و پەیوەندییەكانیان بەو گەرموگوڕییەی جاران نەماوە، بەڵام لەپاڵا ئەوەشدا وتی: "ئەوە مانایی ئەوە نییە پەیوەندییەكەیان پچڕاوە و كۆتایی تونێلی پەیوەندییەكانی ئەوان بێت"، كە ئەمەش ئەوەش وەك سەرەتایەكی تازەی دوایی ئاڵۆزییەكانی نێوان ئەو دوو حیزبە دەبرێت.


پارتی لەو پەیامەیدا دڵنیایی دایەوە یەكێتی، كە لەدوو دەیەی رابردوو هاوتاو شەریك بوون لەبەرێوەبردن‌و ئیدارەدانی هەرێمی كوردستان بەوەی پەیوەندییەكەیان بەردەوامدەبێت. 

لەناو پەیامەكەی فازڵ میرانی دا، كۆمەڵێك كۆد هەبوو، كە بەشێك لەپەیامەكە ئاراستەی جەماوەری پارتی بوو تا ئاگاداری پانتایی پەیوەندییەكەیان بن و خەیاڵیان بۆ ئەوە نەڕوات، كە پارتی بەئاراستەی تێكدانی پەیوەندی لەگەڵ یەكێتی هەنگاو هەڵدەگرێت، بەشەكەی تریشی ئاراستەی یەكێتی بوو، كە هەردووی بۆ حوكمرانی پێویستیان بەیەكە، بۆیە وتیشی: "پارتی و یەكێتی ناتوانن پەیوەندییان نەبێت، بەڵێ ناكۆكییەك دەبێت، بەڵام ئەوە كۆتایی تونێلەكە نییە، قەدەری ئێمە ئەوەیە".

مەبەستی میرانی ئەو قەدەری هێزەیە ، كە لەنێوان پارتی و یەكێتی دوو لەت بووە، هەر لەسەر ئەم قەدەرەش وڵات بەو جۆرە دەبرێت بەرێوە لەداهاتوو، ئەوەش كاریگەری لەسەر پێكهێنانی حكومەتی هەرێم دەبێت.

پێشتر مەلا بەختیار كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی وتبووی ئەگەر "یەكێتی یەك كورسیش بێنێت هەر یەكێتییە و هێز‌و چەك تەسلیم بەكەس ناكەین"، كە ئەوەش ئەو راستییە دەردەخات پارتی چەندێك زۆرینەش بێت، بەبێ یەكێتی ناتوانێت ئیدارەی هەرێمی كوردستان بكات.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30 ئەیلوولی رابردوو بەرێوەچوو، كە بەپێی ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە، پارتی لەكۆی 111 كورسی پەرلەمانی 45 كورسی بەدەستهێناوەو یەكێتیش 21 كورسی، كە پارتی بەدەنگی 11 كورسی تر دەتوانێت حكومەتی زۆرینە پێكبهێنێت، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە، ئایا پارتی دەتوانێت ئەوە بكات؟ یان ئەگەر هەنگاوێكی لەو شێوەی هاویشت بەبێ یەكێتی سەركەوتوو دەبێت لەبەرێوەبردن‌و ئیدارەدانی هەرێم؟

یەكێتی ‌و پارتی پێشتر رێككەوتنی پەنجا بەپەنجاو ستراتیژی-یان هەبوو بۆ ئیدارەدانی هەرێمی كوردستان، بەڵام لەدوای هەڵبژاردنی 2009 ئەو هاوكێشەیە گۆڕاو لە هەڵبژاردنی 2013 بەتەواوی كۆتایی بەو رێككەوتنانە هێنرا.

پارتی لەخولی چوارەمی پەرلەمان 38 كورسی هەبوو، یەكێتیش 18 كورسی، كە حكومەت بە بەشداری هەموو لایەنەكان پێكهێنرا، هەرچەندە یەكێتی داوای نیوەی پۆستەكانی دەكرد، بەڵام گوێی لێنەگیرا.

لەئێستادا یەكێتی بە بردنەوەی 21 كورسی بووەتە هێزی دووەم، بۆیە رەنگە بۆ ئەم خولەی نوێی پەرلەمانی كوردستان سەرەڕای ئەوەی دەیەوێت بەشداری بكات، لەگەڵ ئەوەش هاوكێشەكە بگەڕنێتەوە بۆ پێشوو جارێكی تر داوای نیوەی پۆستەكان بكاتەوە، بەتایبەتی ئەگەر پارتی‌و یەكێتی پێكەوە حكومەتی داهاتوو پێكبهێنن.

بەپەلە