ئەگەر هەیە جێنشینی سعودییە رووبەڕووی دادگا نێودەوڵەتییەكان بكرێتەوە

جیهان

27/10/2018‌ 1125 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: تایبەت
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر
لەوانەیە محەمەدی كوڕی سەلمان و پیاوكوژەكانی پێیان وابێت لەدوای كوشتنی جەمال خاشقچی رۆژنامەنووس لەبندەستی  دادگا نێودەوڵەتییەكان دەربازییان دەبێت ، بەڵام نابێت پشتی لێوەكەن و زۆر دڵنیابن ، چونكە كۆمەڵە ڕێبازێك هەن، كە دەتوانرێت بەهۆیانەوە فەرمانڕەوا سعودییەكەو تاوانیارەكانی دیكە لە بەرانبەر ئەو تۆمەتەی دراوەتە پاڵیان دادگایی بكرێن، جا ئەمە چ لە دادگا مەدەنییەكان بێت، یاخود لە دادگا تاوانكارییەكان لە سەرتاسەری جیهاندا.

"ستیڤن ڕاپ" ی  باڵوێزی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكای تایبەت بەپرسەكانی تاوانەكانی جەنگ لەو بارەوە دەڵێت: "ئەگەر ئەو ڕاپۆرتانەی باسیان لێوە دەكرێت ڕاستبن ، ئەوا ئەوەی بەسەر خاشقچیدا هاتوو پێشێلكارییەكی مەترسیداری سەرجەم یاساكانی مافەكانی مرۆڤی نێودەوڵەتییە وەك یاسای پاراستنی تاكەكان لەئەشكەنجەدان و شوێنبزركردنی زۆرەملێیانە".

دەشڵێت: "گەڕان بەدوای دادپەروەری و لێپێچینەوە لە پرسی خاشقچیدا ئاسان نییە ، بەڵام چەندەها میكانیزمی بەردەستیش هەن بۆ ڕاوەدوونانی محمدی كوڕی سەلمانی جێشنینی سعودیە و ئەوانەش كە دەوترێت لە تاوانی كوشتنەكەدا بەشداربوون. خانەوادە‌ی خاشقچیش مافی خۆیانە لە دادگا مەدەنییەكان و لای داواكارانی گشتی لە زۆرێك لە ووڵاتانی دیكە بە دوای دادپەروەریدا بگەڕێن ، دەشتوانن تۆمەتی تاوانكاری ئاراستەی تۆمەتباران بكەن ، ئەمەش لەسەر بنەمای یاسای نێودەوڵەتی".

ڕاپ بەردەوام دەبێت دەڵێت: "ئەو جۆرە كاروكردەوانە ماف دەدەنە قوربانی و خەڵكانی دیكەش كە ئەو بابەتە لەبەردەم دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان بورژێنن ، دەكرێت لەسەر ئاستی كەسیش یەكلاییی بكرێنەوە. لە هەمووی گرنگتریش ئەوەیە كە گریمانەكانی ئەشكەنجەدان و شوێنبزركردنی زۆرەملێیانەی خاشقچی و كردەی كوشتنەكەشی كە زۆر قێزەوونە ، دەرگا لەبەردەم ڕاوەدوونانی یاسایی دەكاتەوە دژ بە تێوەگلاوا‌نی ئەو كردەوەیە لە دەوڵەتی سێیەمدا (لە دەوڵەتێكی دیكەدا)".

لە ڕاستیدا دەتوانرێت لە ڕووی تاوانكارییەوە و لە چوارچێوەی ڕێككەوتننامەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەشكەنجەدان كە سعوودیەش واژۆی كردووە ، محمدی كوڕی سەلمان و ئەفسەر سعودییەكانی دیكە ڕاوەدوو بنرێن ، چونكە ئەو ڕێككەوتننامەیە قەدەغەی هەموو كار و كردەوەیەك دەكات كە ببنە هۆی دەردەسەری و ئیش و ئازارێكی توند ، جا چ ئەو كردەوەیە لە ڕێگەی یان بە ڕەزامەندی یان بە ئاگاداری بەرپرسێكی فەرمی یان هەر كەسێكی دیكە كە بە سیفەتی فەرمی دەسەڵات بەكاردێنێت ئەنجام درابێت.

لە سەر بنەمای ویلایەتی دادگای جیهانیش ، هەر‌ دەوڵەتێكی ئەندامی ئەو ڕێككەوتننامەیە كە ئەمەریكاش یەكێكە لەو دەوڵەتانە  ، دەتوانێت لەبەردەم دادگای دادی نێودەوڵەتی داوای خۆی پێشكەش بكات ، داواش بكات برێارێكی پابەندكەر دەرچێت كە سعودیە پابەند بكات دادگاییكردنی یان ڕادەستكردنی محمدی كوڕی سەلمان و تۆمەتبارەكانی دیكە. نمونەیەكی لەم چەشنەشمان هەیە كە لەو ماوەی پێشوودا ڕویداوە كاتێك بەلجیكا داوایەكی دژ بە سەنگیال تۆماركرد و داوای كرد "حسین حبری" سەرۆكی پێشووی تشاد بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ڕادەست و دادگایی بكرێت.

دۆناڵد ترامپ و ئیدارەكەشی بەرەنگاری بنەماكانی ویلایەتی دادوەری جیهانی بوونەوە لە ترسی ئەوەی نەوەك بەرپرسانی ئەمەریكی تۆمەتبار بكرێن. ئەڵمانیاش لە دەوڵەتەكانی دیكە توندتر بوو لە ڕاوەدوونانی بكەرانی تاوانەكانی ئەشكەنجەدان و شوێنبزركردنی زۆرەملێیانە جا لە هەر جێگە و شوێنێك بووبن. لە مانگی یۆلیۆدا ، داوكاری گشتی ئەڵمانیا بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ ، پسوولەیەكی ڕاگیركردنی نیودەوڵەتی دژ بە سەرۆكی دەزگای هەواڵگری ئاسمانی سوریا دەركرد. 

لەو بارەشەوە ڕاپ دەڵێت: " دەكرێت وا دابندرێت كە شێوازی مامەڵەی سعودیە لەگەڵ دوژمنەكانی هێرشێكی بەرفراوانی سیستماتیكیە دژ بە خەڵكانی سڤیل ، لەو دۆخەشدا كردەووەكانی كوشتن و ئەشكەنجەدان و شوێنبزركردنی زۆرەملێیانە دەكرێت بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە قەڵەم بدرێن ، بەمەش‌ دەكرێت وەك كەیسێك بخرێتە بەردەم دادگای نێودەوڵەتی و بكەرانیشی ڕاوەدوو بنرین". 

تا ساتەوەختی نووسینی ئەم وتارە ،  حكومەتی سعودیە وا وەسفی كوشتنی خاشقچی دەكات، كە بە دەستی چەند كەسێكی بەدڕەفتار ئەنجامدراوە ، دەشڵێت "جێنشین ئاگادرای ئەو تاوانە‌ نەبووە و بەشداریشی تێدا نەكردووە. هەرچی سەرۆك "تڕەمپ" یشە سەرباری ئەوەی قسەكانی حكومەتی سعودیەی بە درۆ و فرتوفێڵ دەزانێت ، كەچی مكوڕە و ئەوە ڕەتدەكاتەوە كە محمدی كوڕی سەلمان ئۆباڵی ئەو كارەی لە ئەستۆ بێت".

لە بەرامبەریشدا و لەژێر پەردەی یاسای نێودەوڵەتی و یاسای ئەمریكیدا ، هەتا ئەگەر نەشسەلمێندرێت كە پێشتر محمد‌ی كوری سەلمان ئاگای لە پلانی كوشتنەكە بووە ، ئەوا هەر دەتواندرێت تۆمەتی بدرێتەپاڵ بەو پێیەی ئەو بەرپرسی ئەو بكوژانەیە كە تاوانەكەیان ئەنجامداوە.

ڕاپ دەڵێت: " تۆمەتباركردن لەسەر بنەمای بەرپرسیاریەتی سەركردایەتیكردن (مسۆلیە القیادە) پێویستی بەوەیە هەیە بیسەلمێنن كە كەسەكە جڵەوی ڕاستەقینەی كارەكانی بەدەستەوەیە ، زۆر باشیش ئاگاداری تاوانەكەیە ، شكستیشی هێناوە له بەرلێگرتنی یان سزادانی تێوەگلاوانی ڕاستەقینە بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ. سزادانی بەرانەكانی قوربانیش سزادان نییە ، بەڵكو ئەم كارە باری سەرشانی  محمدی كوری سەلمان قورستر دەكات".

جا مەگەر جێنشین و تیوەگلاوان لە ناو خاكی ئەمەریكا دابن ، دەنا ڕەنگە مەحاڵ بێت كە پسوولەیەكی دەستگیركردن یان داوایەكی دادوەری لە ووڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دژ بە محمدی كوڕی سەلمان یان تێوەگلاوان بجوڵێندرێت و جێبەجێ بكرێت. ئەگەر هەركام لە تۆمەتباران چوونە ناو خاكی ئەمەریكاوە ، ئەوا دەكرێت بە گویرەی یاسایی ئەمریكی دەستگیر بكرێت و تۆمەتی ئاراستە بكرێت. محمدی كوڕی سەلمانیش كە دبلۆماتێكی پایەبەرزە ، دەكرێت دەست بە پارێزبەندییەكەیەوه (حصانە) ‌ بگرێت ، لیرەدا ئەو پرسە دەكەوێتەوە سەر بریاری دادگاكان كه چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەكەن.

محمدی كوڕی سەلمان و تۆمەتبارەكانی دیكەش بە سیفەتی كەسی خۆیان دەكرێت ڕووبەڕووی هەموو جۆرە بەرپرسیارییەتێكی مەدەنی بكرێنەوە ، چونكە ئەندامانی خانەوادەی خاشقچی بە گوێرەی یاسایی پاراستنی قوربانیانی ئەشكەنجەدانی ساڵی 1991 ، دەتوانن لەبەردەم دادگا ئەمەریكییەكاندا ڕاوەدوویان بنێن ، چونكە ئەو یاساییە دەسەڵات‌ بە دادگا ئەمریكییەكان دەدات كە ڕاوەدووی تاوانەكانی ئەشكەنجەدان بنێن ، جا هەر كەسێك و لە هەر شوێنێكیش ئەنجام درابێت.

خیزانی خاشقچی دەشتوانن بە پشتبەستن بە یاسای ساڵە 1789 داوای یاسایی تۆمار بكەن ، ئەو یاسایە ڕێگە بە هاووڵاتییە بیانییەكان دەدات  كە دژ بە پیشێلكارییەكانی مافەكانی مرۆڤ كە لە دەرەوەی ئەمریكا ئەنجامدراون ، داوای یاسایی یاسایی خۆیان بخەنە بەردەست دادگانی ئەو ووڵاتە. ئەو یاسایە بەركاهاتووە بۆ ڕاووەدوونانی پێشێلكارانی مافەكانی مرۆڤ كە عمر‌ حسن بەشیری سەرۆكی سودان یەكێك بوو لەوانە ، ڕاپ لێڕەدا دەڵێت: "ئەگەر‌ من لە بری خێزانی خاشقچ بام ، بیرم لەو بژاردەیە دەكردەوە".

سەرباری ئەوەی كۆنگرێس دەتوانێت یاسایەك دەربكات كە ڕێگە بە خێزانی خاشقچی بدرێت ڕاوەدووی دەوڵەتی سعودیە بنێن ، هەر وەك لە دوای كارەساتی 11 ی سێبتیمبەر شتێكی لەم بابەتەی كرد ، سەرباری ئەوەش كە حكومەتەكەی ئۆباما ناڕازی بوون. هەموو ئەو ڕێبازانە لە پێناو سەپاندنی دادپەروەردی و لێپێچینەوە لە لە تاوانی كوشتنی خاشقچیدا دەكرێت بگیرێنەبەر ، ئەمەش تێكۆشانێكە لە پێناو سەپاندنی ئەو بنەما مرۆییانەدا كە باسكران. لەولاشەوە محمدی كوڕی سەلمان پێی وایە بای ئەوە هەژموون و هێز هەیە كە توانای دەداتێ لە بندەستی دادپەروەری ڕاستەقینە دەربازی بێت ، لەوانەش ئەو ڕاست بكات و ئەوەی پێ بكرێت. 

بەڵام هەرگیز ناتوانێت بە تەواوی لەوە دڵنیا بێت كە تا مردن دەربازی دەبێت ، ئەو وەك هەر پێشێلكارێكی مافەكانی مرۆڤی نێودەوڵەتی بە ڕسوایی و بێزراوی دەمێنێتەوە. خۆی یان یەكێك لە هاوبەشەكانی بۆ هەر وولاتێك گەشت بكەن كە مافەكانی مرۆڤ تیایدا ڕێزلێگیراوبن ، ئەوا دەبێت لە دڵەڕاوكێی ئەودابن كە لە بەرامبەر كەیسی كوشتنی خاشقچی و تاوانەكانی دیكەیان لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت.