سۆفیگەری لەمیسر.. دیمەنێكی سیاسی نوێ بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی ئەو كۆمەڵانەی قەدەخەكە كراون

جیهان

27/10/2018‌ 1855 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: تایبەت
ئامادەكردن: حلمی رەسوڵ رەزا
كاتێك هۆڵەكە پڕ دەبێت لەخەڵك و رووناكی نامێنێت، دەچنە سەر شانۆ بەهەموو ئەو رێكارانەی لەسەری راهاتوون، دیژداشەیەكی سپی و جامانە و پژدوێنی سەوز، خەڵكی ئەوێ گەرم دادێن و جوڵە بە جەستەیان دەكەن وەك بازنەی زیكر كردن، و دەست بە سروتەكانیان دەكەن، ئەم سروتانەش لە چواردەوری پێداهەڵدانە بە پێغمبەری ئیسلام (ص).

سەرەتا بەم وێنەیە دەردەكەوتن و خەڵكیش بەم شێوەیە لەسەر وێنەكەیان راهاتبون، بەڵام لە واقیعدا پێچەوانە بۆتەوە، لەم ساڵانەی دواییدا رژێمی مصر بواری بە شوێنەكەوتوانی رێچكە سۆفیەكان دا بۆ بڵاوكردنەوەی فكرەكانیان، لەهەمان كاتدا پلەی سیاسی و ئاینییان پێ بەخشرا، بەوەی پاڵپشتی هەركەسێك لەوان دەكەن كە خزمەت بە رژێمی مصر بكات و پێیاندا هەڵێ.

لە چوارچێوەی هەوڵەكان بۆ "دیمەنێكی ئیسلامی" جێگرەوە بۆ ئەو كۆمەڵانەی قەدەخە كراون، و لە هەنگاوێكدا پێش چەند هەفتەیەك، بە سیستەمی "دانان =تعین" سەرۆكی ئەنجومەنی رێچكە سۆفیەكان " عبد الهادی قەسەبی" بوە سەرۆكی هاوپەیمانی " پشتیوانی مصر" لە ئەنجومەنی نوێنەران، ئەم هاوپەیمانیە زۆرینەیەش لە سەرۆكی مصرەوە نزیكە.

ئەم سەركەوتنە بەبۆچونی شێخەكانی تەریقەت گەڕانەوەی متمانەیە بۆیان بەوەی بۆ ماوەی چەند دەیەیە لەهەموو رەهەندێكی سیاسیەوە دوورن، بەڵام -ئێستا وای دەبیننن یاخود لە بۆچونی  رژێمدا – ئەوان شایستەن نوێنەرایەتی تەیاری ئیسلامی بكەن لەناو پەرلەمان و دیمەنی سیاسی بەهەمو شێوەكانیەوە، ئایە چی وای لە رژێمی مصر كرد پاڵپشتی رێچكە سۆفیەكان بكات لەسەر حسابی تەیارە ئیسلامیەكانی تر؟

77 رێچكەی سۆفی لە مصردا هەیە، 67 رێچكەیان لەلای ئەنجومەنی باڵای رێچكە سۆفیەكان تۆماركراون، و ژمارەی شوێنەكەوتوانیان دەگاتە 15 ملیۆن، سەرەرای 6 هەزار گۆڕ كە بەسەر پارێزگاكاندا دابەش بوون و شوێنكەوتوان سەردانی 1000 گۆڕ بەناوبانگ دەكەن، تەنها قاهیرە 294 گۆڕی تێدایە، لە بەناوبانگترینیان گۆڕی "حسین ی كوڕی عەلی" و "سیدە زینب" و "سیدە نفیسە".

ئەم ژمارە زۆرە لە سۆفیەكان وای لە هێزە سیاسیەكان كرد لێیان نزیك ببنەوە، بەشێوەیەك كاندیدەكانی سەرۆكایەتی خۆیان لە سەرۆكی رێچكەكان نزیك دەكەنەوە بەمەبەستی بەدەستهێنانی لایەنگیرییان، بەوەی یەكێكن لە تەیارە ئیسلامیە میانڕەوەكان، لە كاتی پێشبڕكیی سەرۆكایەتی لە ساڵی 2014، رێچكە سۆفیەكان خۆیان یەكلا كردەوە بە پاڵپشتی كردنی عبد الفتاح السیسی.

لە ئەنجامی پاڵپشتی بێ سنوری رێچكە سوفیەكان بۆ دەسەڵاتی مصر، وای كردوە دەسەڵاتیش دژی توندرەوی ئایینی بەكاریان بهێنێ- كە لە بۆچونی دەسەڵاتدا ئیخوان موسلمینە، سەرەرای بەكارهێنانیان بۆ پركردنەوەی ئەو بۆشاییە سیاسیەی ئیخوان بەجییان هێشتوە.

ئەم هەڵوێستە لە وێنەی دوژمنایەتی رێچكە سۆفیەكاندا بە روونی دەردەكەوێت بەرانبەر ئیخوان موسلمین و سەلەفیەكان، بەجۆرێك كۆمەڵێك لێدوانی شێخەكانی تەریقەت بەڵگەی وەستانیانە لەگەڵ لێبراڵیەكان و دژی ئیخوان و سەلەفیەكان، بۆ نمونە ئەو لێدوانەی شیخی تەریقەتی "عەزمیە" بەناوی "محمد علا الدین" لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیدا گوتی " هەوڵی كۆمەڵەی ئیخوان موسلیمن و كۆمەڵە سەلەفیەكان بۆ تێكەڵ بوونی كاری سیاسی هەرەشەیە بۆسەر لێبوردنی ئایینی".

لە قسەكرنیشیدا لەگەڵ كەناڵی "دی دەبلیو"ی عەرەبی، كۆمەڵەی ئیخوان وا دەبینێ كە " كۆمەڵەكە ئایین و نیشتمانیان نییە" و ئەمەش روون دەكاتەوە " گەلی مصری راستی ئەوانی زانی بەوەی كۆبونەوەیەكی تیرۆریستین"، سەبارەت بە سەلەفیەكانیش گوتی " ئیخوان و سەلەفیەكان لەیەك شت نزیكن، قسەی زۆر دەكەن و كرداریان كەمە".

هەڵوێستی دوژمنایەتی سۆفیەكان بەرانبەر ئیخوان و سەلەفیەكان نە ئاینیە نە نیشتمانی هەروەك ئەوەی كە رەواجی پێ دەدەن، بەڵكو ململانێیە لەسەر هەژموون، ئەگەر بێت و دەسكەوت بەدەست نەهێنن ئەوا ئەبێتە كودەتا لەسەر خۆیان و پاشان هیچ رۆڵێكیان نامینێ.

بەم شێوەیە رژێمی دەسەڵات وەك ئامرازێك بەكاریان دەهێنێ بۆ پشتگوێخستنی ئەو كۆمەڵانە " ئیسلامی سیاسی و بەتایبەت ئیخوان موسلمین"، رێچكە سوفیەكان وەك جێگرەوەیەكە بۆ پركردنەوەی بۆشایی كۆمەڵگە، كە لە ئەنجامی بچوككردنەوەی تەیاری ئیسلامیەوە بەرهەم هاتوه"‌، سەركەوتنیان بۆ پەرلەمان هاوكاتە لەگەڵ بەرتەسك كردنەوەی لایەنی ئەمنی و دادوەری و ئاینی دژی سەركردەو كۆمەڵە سەلەفیەكانی دژ بە رژێمی السیسی.

سۆفیگەری نوێ... مەیلدار لەگەڵ دەسەڵات لەسەرجەم ئاراستەكان
سۆفیەكان زۆرترین سودیان بینی لە شكستهێنانی دەسەڵاتی ئیخوان، و سەر لەنوی رێگا تەخت بوو لەبەردەمیان بۆ گەڕانەوەی هەژمون و رۆڵیان بۆ جارێكی تر، هەرواش بوو، لەگەڵ دەركەوتنی سەرۆكی ئێستا عبد الفتاح السیسی دوای كاندید بوونی بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی لە ساڵی 2014، یەكسەر رایانگەیاند پاڵپشتی لێدەكەن و بەیعەتیشیان بۆ دووپات كردەوە.

لەكاتی راماڵینی ئیخوانەوە پێش پێنج سال، سۆفیەكان خۆیان وەك هێزێكی میانرەو نمایش دەكەن و داوایان لە خەڵكی مصر كرد پالپشتی السیسی بكەن و لەچەندین بۆنەدا شێخەكانی تەریقەت هاوكارییان كرد، ئەوەشیان نەشاردەوە لەسەرجەم بڕیارەكانی سەرۆكدا پاڵپشتی لێ دەكەن.

هەروەها شێخی ئەزهەر " ئەحمەد تەیب" – لە ئەسڵدا سۆفیە- لە بەیاننامەی سێیەمی كودەتادا لە تەموزی 2013- پاڵپشتی خۆی بۆ نەخشەرێگاكەی السیسی راگەیاند لە لابردنی "محمد مورسی"، بەهەمان شێوە موفتی پێشوی مصر " علی جمعە" بە روونی دژی شۆرش وەستایەوەو پاڵپشتی كودەتاكەی كرد.

لەگەل دەستپێكردنی هەلبژاردنەكانیش شێخەكانی تەریقەت هەڵسان بە رێكخستنی چەندین كۆنفراس بۆ پاڵپشتی كردنی السیسی پێش ئەنجامدانی هەلبژرادنەكان، لەوانە " علا مازی ئەبو عەزام" شێخی رێچكەی " العزمیە"، و سەرۆكی یەكێتی جیهانی بۆ رێچكە سۆفیەكان، گوتی " ئەوەی لە خۆی رادەبینێ كە شایستەیە با خۆی كاندید بكات، بەڵام هەر كاندیدیك بچێتە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیەوە لە بەرانبەر السیسی، بە دلناییەوە شكست دەهێنێ".

خۆنزیك كردنەوەو ئینتیمای سۆفیەكان بۆ السیسی گەیشتە ئاستێك پێی بگوتڕێ " سۆفیە"، هەروەك لەسەر زمانی "زین العابدین فهمی سلامە" جێنشینی جێنشینەكانی رێچكەی رفاعیە لە "المنیا" ەوە هات كە گوتی " السیسی خۆشەویستی رێچكە سۆفیەكانە چونكە لە ئەسلدا سۆفیە"، و ئاماژەشی بەوە كرد " سەرجەم ئەندامانی رێچكە سۆفیەكانی رفاعیە لە المنیا، دەچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و پاڵپشتی لێدەكەن بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆك". یەكێك لە شێخەكانی تری تەریقەت بەناوی "اسماعیل توفیق" گوتی " دەنگەكانی ئێمە لە هەڵبژرادنەكان بۆ هیچ كاندیدێكی تەیاری سەلەفی و ئێخوانی و كۆمەلەی ئیسلامی ناچێت".

لە مایوی 2014" وەفدێك لە شێخەكانی تەریقەت  لەسەری هەمویانەوە " محمود الشریف" نەقیبی خانەدانەكان، "عبد الهادی قەسەبی" سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای رێچكەكانی سۆفیەت" دیداریان لەگەڵ " السیسی" سازكرد، بەمەبەستی پاڵپشتی كردنی لە هەلبژاردنەكان، ئەمەش بۆ یەكەم جار بوو رێچكە سۆفیەكان پاڵپشتی خۆیان بۆ كاندیدێك دووپاتكردەوە لە ژێر دروشمی " لا اله الا لله، السیسی حبیب الله".

پاش ئەوەی السیسی گەیشتە دەسەلات، سۆفیەكان بە هەمو شێوەیەك پاڵپشتییان لێكرد، تا ئەو رادەیەی هەندێ لەوان گوتی " پێغمبەری ئیسلام محمد لە السیسی رازیە"، ئەمەش لەسەر زاری " ئەبو العزائم" ەوە هات، دیارە ئەم بابەتە تەنها لە چوارچێوەی قسەكردندا نەمایەوە، بەڵكو رێچكە سۆفیەكان رێچكە سۆفیەكانی نوێنەر لە یەكێتی جیهانی بۆ رێچكە سۆفیەكان بەهاوكاری لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف كۆربەندێكیان بەناونیشانی " التصوف چد التگرف" رێكخست لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2015، ئەمەش لە ژێر رۆشنایی داواكاری السیسی بۆ نوێكردنەوەی گوتاری ئایینی.

لە پاش پشتگوێخشتنی ئیخوان و خەفەكردنیان لە رێگەی داپلۆسینەوە، و دوورخستنەوەی سەلەفیەكان بەهۆی جیازای لە بۆچونیان دەربارەی رێكخستنی كاروبارە ئاینیەكان، بزوتنەوەی سۆفیگەری گۆرەپانەكانی نوێژو جەژنەكانی لە مصر كەوتە ژێر دەست، لەگەڵ ئەوەی وەزارەتی ئەوقاف رایگەیاندبوورێگە بە بزوتنەوەی سۆفیگەری نادات لە گۆرەپانەكاندا رێ و رەسمی نوێژكردن رێكبخات مەگەر ئەوە نەبێت كە وەزارەت رەزامەندی لەسەر بێت بە ئاگاداری وەزارەتی ناوخۆ.

ئەم پەرەسەندنە لە دۆخی ئیسلامی مصری ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە جولانەوەی سۆفیگەری تەنها بەوە رازی نابێت دەستبگرێت بەسەر مزگەوتەكانی ئالی بەیت، بەڵكو جۆلانەوەكەیان فراوان دەكەن بۆ داگیركردنی رووبەرێكی گرنگ لە دیمەنی سیاسی پاش ئامادەنەمانی ئیخوان و سەلەفیەكان.

لە زیكردنەوە بۆ سیاسەت...
رێچكە سۆفیگەریەكان كەوتنە خزمەتكردنی رژێم، لە پەنجاكانی سەدەی رابردوو شوێنكەوتوەكانی رێچكەی سۆفیگەری لەسەرەتادا بە روونی پاڵپشتی "جمال عبد الناصر" یان كرد لە بوارەكانی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و دەرەوە، بۆ نمونە شێخەكان لەگەل عبد الناصردا وەستانەوە دژی ئیخوان موسلمین، هەروەها گەوەترین كەژاوەی فەرمی سۆفی رێكخرا بۆ پاڵپشتی كردن لە عبد الناصر لەكاتی شكستی 5ی یونیۆی ساڵی 1967.

لەبەرانبەر گەیشتنی شێخەكانیان بە هەندێ پلەو پۆستی سیاسی، و بە شێوەیەكی رەها پاڵپشتی رژیمە دەسەڵاتدارەكانیان كردوە، بەوەی لەگەڵ سەرۆكی لەكارلادراوی پێشوو "حسنی مبارك" وەستانەوە لە شۆرشی كانونی دووەمی 2011، پاشان پاڵپشتی "احمد شفیق" یان كرد كە یەكێك بوو لە كەسە دیارەكانی رژێمی پێشوو، لە هەلبژاردنەكانی سەرۆكایەتیدا لە بەرانبەر سەرۆكی پێشوو "محمد مرسی".

لە سەردەمی موبارەكدا، سۆفیەكان سەركەوتو بون لە بەدەستهێنانی متمانەو پاڵپشتی سەركردەكانی حزبی نیشتمانی قەدەخە كراو، حزبەكەش ئەم هەلەی قۆستەوە بۆ پەرەدان بەفكرەكان و مەبەستە سیاسیەكانیان، جا چ لە سەردەمی هەڵبژاردنەكاندا بوبێت، یان هەر بۆنەیەك كە پێویستی بە پاڵپشتی جەماوەری هەبوبێت. هەرچەندە ناسەقامگیریەك روویدا لە نێوان هەردوولا، كاتی كە موبارەك "عبدالهادی قەسەبی" دامەزراند، كە ئەندام بوو لە حزبی نیشتمانی دیموكراتی لەو كاتەدا- بە یەكێك لە شێخەكانی تەریقەتی سۆفی، بەوەی ئەمە پێچەوانەی رێكارە كارپێكراوەكانە لە دامەزراندنی گەورەترین ئەندامی ئەنجومەنی باڵا بۆ رێچكە سۆفیگەریە هەلبژێرداوەكان لە شێخانی تەریقەت، بەڵام ئەم گرژیەی نێوانیان سەری نەكێشا بۆ پیكدادانی نێوانیان.

لە ماوەی كاری سیاسیدا "قەسەبی" لەگەڵ سەرجەم رژێمەكان خۆی ریكخستبوو، هەلبژێردا بە ئەندام لە ئەنجومەنی شورا لە بازنەی "تەنتا" ساڵی 2007، لە سەردەمی السیسی وەكو ئەندامی پەرلەمان هەڵبژێردرا، لەكاتێكدا خۆی سەرۆكی لیژنەی جڤاكی كۆمەڵایەتی بوو لە پەرلەمان ، لەماوەی كاركردنیدا پرۆژە یاساكانی گفتوگۆی توندی هێناوەتە ئاراوە، دیارترینیان یاسی "كۆمەڵە ئەهلیەكان"، كە روبەروی رەخنەی توند بوەوە لە ئاستی نێو دەولەتی و ناوخۆیی بەهۆی ئەو مەرجانەی بەسەر رێكخراوە ناحكومیەكاندا سەپاندبوی.

بەڵام لەگەڵ پشت بەستنی السیسی بە دامەزراوەی سەربازی و دام و دەزگای ئەمنی بۆ پالپشتی كردنی رژێمەكەی، هەندێك بە دووری نازانن پشت ببەستێ بە هەندێ كۆمەڵەی ئیسلامی وەك پالپشتیەكی سیاسی بۆی، بەمەرجێك چزوی راستەقینەی نەبێت و لەهەمان كاتدا توانای كۆمەڵە ئیسلامیەكانی تری نەبێت، هەر بۆیە ئەزمونی جولانەوەی سۆفیگەری لە مصر ئەوەی سەلماندو ئەمە سەرەرای هەوڵی كۆڵنەدەرانە بۆ زیندو كردنەوەی رۆڵی تەیاری سۆفیگەری.

لەگەڵ پاشەكشەی ئیسلامی سیاسی كە خۆی لە ئیخوان و سەلەفیەكاندا دەبینێتەوە، لێكۆڵەران و شیكەرەوەكان وای دەبینن كە رێچكە سۆفیگەریەكان تا ئێستا ناتوانن ببن بە جێگرەوە، بەهۆی ئەوەی دۆخی سۆفیگەری تا ئێستا لە شێوەی میللیدایەو رێكنەخراوە، و لەلایەكی ترەوە بە شێوەیەكی بەهێز نەچۆتە كاری سیاسیەوە وەك پێكهاتەی حزبی بەهێز، لەگەڵ ئەوەشدا پێدەچێ دەسەڵات بیانقۆزێتەوە لە رووی سیاسیەوە هەروەك رژێمەكانی پێشوو.