بۆچوونی تارق هاشمی لەبارەی بەرهەم ساڵح و عادل عەبدولمەهدی

عیراق

30/10/2018‌ 7451 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەرگێرانی
: لوقمان حاجی قادر
تاریق هاشمی، جێگری پێشووی سەرۆك وەزیری عێراق بۆچوونی خۆی سەبارەت بە هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح، بە سەرۆك كۆماری عێراق و عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند.

تارق هاشمی، جێگری پێشووی سەرۆك وەزیری عێراق لە فەیسبووكی خۆی بڵاویكردەوە، "دكتۆر بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق.. شارەزاییەكەی، كەسایەتییەكەی، پەیوەندییە گشتییەكانی، ڕۆشنبیرییەكەی، توانای ئەوەی پێدەدەن كە پۆستی سەرۆك كۆمار بكاتە پێگەیەكی دانسقە و كارا لە ڕووی پێگە و ئاستی كارەوە، ئێمەش هەر ئەوە بە ئاوات دەخوازین، واتا وا چاوەڕوان دەكرێت عێراق ببێتە خاوەنی سەرۆكێكی جیاوازتر لەو سەرۆكانەی پێشووتر بینیومانن لەو پۆستەدا".

هاشمی ئاماژەی بەوەشكردووە، "دەستور دەسەڵاتی زۆری بە پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار بەخشیووە، بە ڕادەیەك لە ڕووی گرنگییەوە لە پۆستی سەرۆك وەزیرانیش گرنگترە... بەڵام نرخی هەموو ئەمە چییە ئەگەر كەسێكی لێوەشاوە ئەو پۆستە پڕنەكاتەوە و كەسێكی دیكە بە پاڵنەری بەرژەوەندی تەسكی حزبی بگاتە ئەو پێگەیە؟؟".

دەشڵێت، "هەر چەندە ئەركەكەی سوك و ئاسان نییە ، بەڵام من متمانەم بەوە هەیە كە دكتۆر بەرهەم سیاسییەكی داڕژاو‌ و سەنگینە و سەركەووتووش دەبێت لە كارەكەی".

هەرچەندە لە پۆستەكەیدا باسی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق نەكردووە، بەڵام كۆمێنتی هەندێك لە چالاكوانان هاشمی ڕاكێشاوەتە ناو بابەتەكە و بۆچوونی خۆی لەسەر ئەو سیاسییە شیعەیە دەربڕیووە.

هاشمی لە وەڵامی یەكێك لەو چالاكوانانەدا كە نووسیبووی، " ئەو پیاوە (بەرهەم سالح) سەر بە ئێرانە... عادل عەبدول مەهدیش هەر سەر بە ئێرانە، حەلبوسیش هەر بە هەمان شێوە... ئەوان لە 100% حكومەتێكی نۆكەری ئێران پێكدێنن"، هاشمی بۆی نوسیووە، "من لەگەڵ هەردووكیان كارم كردووە ... ڕاستییەكە ئەوە نییە كە تۆ دەیڵێیت".

تارق هاشمی، و عادل عەبدول مەهدی هەردووكیان جێگری سەرۆكی كۆچكردووی عێراق جەلال تاڵەبانی بوون لە خولی یەكەمی سەرۆكایەتیدا (2006-2010).

كەسێكی دیكە بۆ تارق هاشمی نوسیووە، "هەڵبژاردنی ئەو دووانەی دەمانگێرنەوە بۆ هەمان تاس و حەمامی جاران"، بەڵام هاشمی بۆی نوسیووە، "هەر ئەوەی كە پۆستی سەرۆك وەزیران لە حزبی دەعوە وەرگیراوەتەوە ... ئەمە بۆ خۆی دەستكەوتە".

2ی ئەم مانگە بەرهەم ساڵح توانی بە دەنگی 219 پەرلەمانتار بەرامبەر بە دەنگی 22 پەرلەمانتار بۆ فواد حسێن، كە كاندیدی پارتی بوو توانی ببێتە سەرۆك كۆماری عێراق.

لە دوای چەند كاژێرێك لە دەست بەكاربوونی بەرهەم ساڵح، وەك سەرۆكی عێراق ، عادل عەبدولمەهدی، سیاسەتمەداری شیعەی ڕاسپارد بۆ پێكهێنانی حكومەتی ئایندەی عێراق لە ماوەی 30 ڕۆژدا.