فراكسیۆنی یەكگرتوو: حكومەت بەنیازە مووچەی مانگی 10، 11 و 12 پاشەكەوت بكات

کوردستان

30/10/2018‌ 366 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند، حكومەتی هەرێمی كوردستان پلانی هەیە مووچەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵ پاشەكەوت بكات.

فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ سێشەممە لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند، "لەكاتێكدا مووچە خۆرانی هەرێمی كوردستان چاوەڕێی موژدەی خۆش و موچەی تەواوبوون بێ پاشەكەوت، بەڵام بە پێچەوانەی هەموو پێشبینییەكان حكومەتی هەرێمی كوردستان بەنیازە مووچەی مانگەكانی 10،11،12ی 2018 پاشەكەوت بكات".

ئاماژەی بەوەشكردووە،  پێویستە حكومەت پێداچوونەوە بەو بڕیارەیدا بكات و مووچەی تەواوی هەرسێ مانگی 10،11،12 ساڵی 2018 بۆ فەرمانبەران خەرجبكات.

لە راگەیەندراوەكەی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستاندا  هاتووە، ئەو شێوازە مامەڵەكردنە لەگەڵ قووتی فەرمانبەران رەتدەكەنەوە، چونكە پێچەوانەی یاسایە، پێیانوایە ئەو پاشەكەوتەی ئەمساڵیش دەچێتە سەر هەڵەكانی دیكەی دەسەڵات كە بەرانبەر موچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی كردووە.

پێشتر میدیاكانی پارتی بڵاویانكردبووەوە، كە وەزارەتی دارایی لەمساڵدا دوو مووچەی دیكە دابەشدەكات و سێ مووچەی دیكە پاشەكەوت دەكات.

تا ئێستا لەمساڵدا حكومەتی هەرێمی كورستان حەوت مووچەی دابەشكردووە، ئەوەش لەكاتێكدایە جگەوەی حكومەت رۆژانەی زیاتر لە 380 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت لە بەغداشەوە مانگانە زیاتر لە 317 ملیۆن دۆلار رەوانەی هەرێم دەكرێت.
ه.م