پارتی‌و یەكێتی لەناوەڕۆكی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق ناڕازین

عیراق

01/11/2018‌ 442 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسانی پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی ناڕازین لەناوەڕۆكی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2019، ئەوەش بەهۆی كەمكردنەوەی پشكی هەرێمی كوردستان.

عارف تەیفوور سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكرات لەدەڤەری سلێمانی لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رایگەیاند، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق وەك تۆڵەكردنەوەیەك لەهەرێمی كوردستان لەكۆتایی وادەی كابینەكەی پرۆژەیاسای بودجەی عێراقی بۆ ساڵی 2019 ئامادەكرد.

عارف تەیفوور راشیگەیاند، بەپێی ناوەڕۆكی پرۆژەكە پشكی هەرێمی كوردستان كەمكراوەتەوە، بۆیە ئێمە لەو پرۆژەیە ناڕازین‌و پێویستە كابینەی نوێ‌ بەسەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی پێداچوونەوەی پێدا بكات، ئینجا رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بكات بۆ پەسەندكردن.

پێشتر پشكی هەرێمی كوردستان لەبودجەی گشتی عێراق بە 17 لەسەدا دیاریدەكرا، بەڵام ماوەی دوو ساڵە ئەو پشكە بۆ 12.67% كەمدەكرێتەوە، كە ئەوەش كاردانەوەی جۆراوجۆری دروست كردووە.

هاوكات هەر لەكاردانەوەی ئەو پرسەدا، حاكم قادر كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەكۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی عارف تەیفوور بەشداری كردو رایگەیاند، هەر پرسێكی لەدژی هەرێمی كوردستان‌و بەرژەوەندی گەلی كورد بێت، ئەوان لەدژی دەوەستنەوە، بۆیە ناڕازین لەبودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2019.

حاكم قادر راشیگەیاند، پێویستە حكومەتی نوێی عێراق پێداچوونەوە بەناوەڕۆكی پرۆژەكەدا بكات‌و شایستە داراییەكانی هەرێم وەك خۆی دابینبكرێت، بەبودجەی هێزەكانی پێشمەرگەشەوە.

هـ ـ ح