دەربڕینی ناڕازایی لەبارەی 48 ملیۆن دینارەكەی خانەنشینی پەرلەمانتاران

کوردستان

01/11/2018‌ 480 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دەیان چالاكی مەدەنی لەشاری سلێمانی خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، ئەوەش بەهۆی دابینكردنی 48 ملیۆن دینار وەك خەڵاتی خانەنشینی پەرلەمانتارانی خولی چوارەم.

خۆپیشاندەران، لەمیانی دەربڕینی ناڕەزاییەكانیان یاداشتێكیان خوێندەوەو تێدا رایانگەیاند، پەرلەمانتارانی خولی چوارەم لەجیاتی پشتگیری لەمافی خەڵك بكەن، خۆیان بوونەتە بارگرانی بەسەر خەڵكی هەرێمی كوردستانەوە.

هەروەها راشیانگەیاند، بەهۆی كێشە سیاسییەكانەوە، خولی پەرلەمان ماوەی دوو ساڵ كاری نەكرد، بۆیە پێویست ناكات، ئەو بڕە پارە زۆرە بە پەرلەمانتاران بدرێت.

ئەوەشیان راگەیاندووە، لەكاتێكدا ئەو پەرلەمانتارانە ئەو پاداشتە وەردەگرن، كە دۆخی فەرمانبەرانی هەرێم خراپەو تائێستاش موچەی فەرمانبەران بەتەواوی نادرێت.

خۆپیشاندەران داواشیان كرد، كە نابێت حكومەت ئەو بڕە پارەیە بدات بەپەرلەمانتاران، چونكە ئەوە بارقروسییەكی زۆریاتر بەسەر داهاتی هەرێمی كوردستان دروست دەكات.

هـ ـ ح