یەكەم كاردانەوەی ئێران بەرانبەر قۆناغی دووەمی گەمارۆكانی ئەمریكا

جیهان

03/11/2018‌ 3306 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی دەرەوی ئێران، ئەمریكای بەشەڕی "دەروونی بەربڵاو" لەدژی وڵاتەكەی و دروستكردنی ترس و دڵەڕاوكێ لەنێو خەڵكی وڵاتەكەیدا تۆمەتباركردو رایگەیاند "بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سزاكان هەنگاوی پێشەكی نراوە".

بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوی ئێران، لەچاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنی وڵاتەكەیدا راشیگەیاند، "ئەمریكا بە ئابڵۆقەكان، كە بەگوشار خستنە سەر وڵاتان لەدژی ئێران گرتوویەتییە بەر وەك هەوڵدانی ئەوان بۆ بانكەكان، كۆمپانیاكان، ناوەندە ئابوورییەكان و ڕێكخراوەكان بۆ وازهێنان لەكاركردن لەگەڵ ئێراندا، بە هیچ جێگایەك نەگەیشتووە".

قاسمی هەروەها رایگەیاند "حكومەتی حەسەن ڕۆحانی هەنگاوی پێشینەی لەمبارەیەوە ناوە و هیچ جێگای نیگەرانی لەم سزایانەدا نییەو ئەمریكا ناتونێت هەنگاوەكانی سەر بگرێت".

ئەمریكا رۆژی هەینی رایگەیاند، لە ڕۆژی دوشەمە 5ی نۆڤەمبێر تەواوی ئابڵۆقە نەوتی‌و بانكییەكان، كە ئیدارەی باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشوو وڵات لای بردبوو، دەیگەڕێنێتەوە بۆ سەر ئێران، ئەوەش وەك قۆناغی دووەمی گەمارۆكانی واشنتۆن بۆ سەر تاران.

بەپێی ڕاپۆرتەكان، هەشت وڵات ، كە لەناویاندا هندستان‌و كۆریای باشوورو ژاپۆن هەیە، دەتوانن هاوكاری نەوتی لەگەڵ ئێران بەردەوامی پێبدەن، ئەوەش بەپێی بەخشینەكانی ئەمریكا بۆ ئەو وڵاتانە.

هاوكات بەپێی ناوەڕۆكی سزا نەوتییەكانی ئەمریكا‌ بۆ وڵاتانیتر، ترەمپ چاوەڕوانی لەوڵاتانی هاوبەشی ئابووری و سیاسی خۆی هەیە لەماوەی شەش مانگدا، هێنراوە نەوەتییەكانی خۆیان لەگەڵ  ئێراندا كەمبكەنەوە.

یەكێتی ئەوروپاش لە كاردانەوەی ئەم سزا نوێیانە دەڵێت، هەوڵ لەدروستكردنی ڕێگایەكی دارایی نوێی توندتر لەقازانی ئێراندا كردووە.

لەو بارەشەوە حەسەن ڕۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران ئەمریكای بەهەوڵدان بۆ لەنێوبردنی حكومەتی ئێران تاوانبار كردو ئەمریكای بەرپرسی كێشەكانی ئێران زانی.
 
ئیدارەی ترەمپیش لەوەڵامدا رایگەیاندووە، مەبەست لە سزاكان، ڕوخانی تەواوەتی ئێران نییەو ئەوان دەیانەوێت ئێران ڕەفتار و هەڵسوكەتە سیاسییە بەرژەوەندیخوازەكانی لەناوچەكە بگۆڕێت.

هـ ـ ح