هۆشداری بۆ عەبدولمەهدی.. دەنگە ناڕازاییەكان بەرانبەر بودجەی عێراق زیاتر دەبێت

عیراق

04/11/2018‌ 299 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسان‌و هاووڵاتیانی هەردوو پارێزگای بەسرەو موسڵ ڕەخنە لەو پشكە دەگرن، كە لەبودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2019 بۆیان دیاریكراوەو داوای زیادكردنی دەكەن.

دوای ناڕازاییەكەی لایەنە كوردییەكان لەبارەی پشكی هەرێمی كوردستان لەبودجەی گشتی عێراق، چەند ڕۆژێكە لایەنی سوننی‌و چەند لایەنێكی دیكەش دەنگی ناڕەزەیەتییان بەرانبەر ئەو پڕۆژە بودجەیە بەرزكردووەتەوەو داوای پێداچوونەوەی دەكەن.

لەو بارەشەوە پەرلەمانتاران و دانیشتوانی پاریزگای بەسرە، كە گەورەترین شاری بازرگانی لەباشووری عێراق‌و موسڵی دووەم گەوەرەترین شاری عێراق لەباكووری ئەو وڵاتە لەبەشە بودجەی پاریزگاكانیان نیگەرانن و هەڕەشەی ئەوە دەكەن داوای یاسای لەسەر عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی نوێ تۆماردەكەن، ئەگەر هاتوو پێداچوونەوەی پێدا نەكات.

پرۆژە یاسای بودجەی عێراق، لەلایەن كابینەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق ئامادەكراوەو كابینەی نوێش بەسەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی وەك خۆی پەسەندیكردووەو رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی كردووە.


پرسی بودجەی عێراق دەبێتە یەكەمین كیشەی قورس و نیگەرانی بەربڵاو، كە رووبەڕووی كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی دەبێتەوە.

نیگەرانییەكانی دانیشتوانی ئەو دوو پارێزگایەش دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی، كە بەسرە تووشی گرفتی گەورەی خزمەتگوزاری بووەو پاریزگای موسڵیش، كە بەهۆی شەڕو داگیركاری داعشەوە تووشی وێرانبونێكی تەواو بووە.

لەئێستاشدا ئەگەری ئەوە هەیە بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو دوو پارێزگایەو زیادكردنی بەشە بودجەكانیان لەبەشە بودجەی حەشدی شەعبی كەمبكریتەوە، كە ئەوەش نارەزایەتی لایەنە شیعییەكانی لێدەكەوێتەوە.

هـ ـ ر