نهێنی پشت رووداوەكان
كۆسرەت رەسوڵ لە "پاڵەوان"ی پارتی-یەكانەوە بۆ "دوژمنی" بارزانی

عیراق

04/11/2018‌ 19865 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: هونەر حەمەڕەشید
یەكێتی-یەكان قسەیەكی باویان هەیە دەڵێن: "كۆسرەت رەسوڵ لەكوێ‌ بێت، سەركەوتن لەوێیە.."، رەنگە ئەم قسەیە جۆرێك لەزیادەرەوی تێدا بێت، بەهۆی پێهەڵدانی كادرانی یەكێتی نیشتمانی بەسەر یەكێك لەسەركردەكانیان، بەڵام لەگەڵ ئەوەش جۆرێك لەراستی تێدایە، چونكە كۆسرەت رەسوڵ لەمانۆڕە سیاسی‌و سەربازییەكان رۆڵی كاریگەری هەیە.

بەگەڕانەوە بۆ دوو رووداوی سەر گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستان‌و عێراق، لەماوەی تەنیا ساڵێكدا، ئەوەت بۆ دەركەوێت، كۆسرەت رەسوڵ لەهاوكێشەكان رۆڵی هەبووە، رۆڵەكەشی بەشێوەیەك بووە، كە یەكلاكەرەوە بوون.

لەپرسی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان، كە پرۆسەكە لە 25ی ئەیلوولی 2017 بەرێوەچوو، كۆسرەت رەسوڵ هەر لەیەكەم رۆژەوە پشتگیری بۆ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكرات راگەیاند، لەكاتێكدا زۆرینەی بەرپرسانی یەكێتی، بەتایبەتی ئەو بەرپرسانەی لەباڵی "دەسترۆیشتووی" حیزبەكە نزیكبوون، دژایەتی پرۆسەكەیان دەكردو هەوڵی ئەوەیان دەدا، ریفراندۆم هەر نەبێت، لەكەركوك ئەنجامنەدرێت، ئەوەش بەهۆی ترسیان لەكاردانەوەكانی سەر پرۆسەكە.

لەگەڵ ئەوەی دژایەتییەكی زۆر هەبوو لەناو یەكێتی-یەوە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، بەتایبەتی لەكەركوك، بەڵام پشتگیرییەكانی كۆسرەت رەسوڵ بۆ ئەو پرۆسەیە، وای كرد ریفراندۆم لەكەركوك بكرێت‌، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی كۆسرەت رەسوڵ وەك كەسێكی "خۆشەویست‌و پاڵەوان" لای پارتی-یەكان دەربكەوێت‌و بەو سیفەتانە وەسفی بكەن.

هەروەها ئەو پشتگیرییانەی كۆسرەت رەسوڵ بۆ ریفراندۆم بووە هۆی ئەوەی نزیكبوونەوەیەكی زۆر لەنێوان مەسعود بارزانی‌و كۆسرەت رەسوڵ بێتە ئاراوە، بەشێوەیەك بەتەواوی متمانەی پێبكات، تەنانەت رایسپارد خۆی‌و هێزەكەی لەكەركوك كار بۆ سەرخستنی ریفراندۆم بكەن.

ئەو متمانەو نزكبوونەوەی نێوان مەسعود بارزانی ‌و كۆسرەت رەسوڵ بەردەوامی هەبوو، تا پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری نوێی عێراق لەمانگی 10ی ئەمساڵ، بەڵام ئەو پرسە بووە سەرەتای لێكترازانی نێوانیان‌و دروستبوونی ململانێیەكی نوێ لەنێوانیان‌، كە لەم پرسەشدا هەر كۆسرەت رەسوڵ سەركەوت، بەڵام لەلایەن پارتییەكان وەك جاران "پاڵەوان" نەما.

كۆسرەت رەسوڵ، كە پۆستی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی هەیە، لەپرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار رۆڵێكی گەورەی هەبوو لەهەرێمی كوردستان بۆ گێڕانەوەی بەرهەم ساڵح، لەناو هاوپەیمانی بۆ دیمكراتی‌و دادپەروەری، بۆ ناو یەكێتی نیشتمانی.

هەروەها رۆڵ‌و پشتگیرییەكانی ئەو بوو، كە سەركردایەتی یەكێتی بەكۆی دەنگ بیكەنە تاكە كاندیدی حیزبەكە بۆ سەرۆك كۆمار، كە لێرەوە نیگەرانییەكانی مەسعود بارزانی‌و پارتی لەبەرانبەر كۆسرەت رەسوڵ دروست بوو، بەوەی لەدیاریكردنی بەرهەم ساڵح، هیچ حسابێكیان بۆ نەكردوون.

نیگەرانی‌و دژایەتی پارتی بۆ كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح، گەیشتە ئاستێك راستەوخۆ مەسعود بارزانی دەستوەردانی كردو لەبەرانبەریدا، فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید كردو هەڕەشەی ئەوەشی كرد، ئەگەر بەرهەم ساڵح ببێتە سەرۆك كۆمار، ئەوە لەهەرێم مامەڵەی لەگەڵ ناكات‌و رێگەش نادات سەردانی هەولێر بكات.

لەگەڵ بەردەوامی نیگەرانی‌و هەڕەشەكانی مەسعود بارزانی، بەڵام كۆسرەت رەسوڵ سووربوو لەسەر پشتگیرییەكانی بۆ بەرهەم ساڵح، تا ئەوەی بەسەرۆكایەتی شاندێكی حیزبەكەی چووە بەغداو تا هەڵبژاردنی ناوبراو لەناو هۆڵی پەرلەمانەوە نەگەڕایەوە هەرێمی كوردستان، كە ئەوە تووڕەیی‌و نیگەرانییەكانی پارتی بەرانبەری زیاد بوو، بەشێوەیەك "لەخۆشەویست‌و پاڵەوان"ەوە كردیانەوە "دوژمن‌و هەلپەرست‌و بەرژەوەندی خواز".

كۆسرەت رەسوڵ چۆن لەمەسعود بارزانی دووركەوتەوە؟
شارپرێس لەبەدواداچوونێكدا هۆكاری دووركەوتنەوەی كۆسرەت رەسوڵ لەمەسعود بارزانی ئاشكرادەكات، كە بەپێی زانیارییەكان، كۆسرەت لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە بۆچوونی بەرانبەر بارزانی‌و پارتی گۆڕاوە، بەشێوەیەك هەستیكردووە، نزیكبوونەوەی لەپارتی پێگەی لەناو یەكێتی لاواز دەكات، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەو پەرلەمانتارانەی یەكێتی لەهەڵبژاردنی 12ی ئایاری رابردووی پەرلەمانی عێراق چوونە لەئەو نزیك نەبوون.

هەر بەپێی زانیارییەكان، نزیكبوونەوەكانی كۆسرەت رەسوڵ بەبارزانی‌و پارتی بووەتە هۆی ئەوەی فشارێكی زۆری لەناوخۆی یەكێتی لەسەر دروست بێت، بۆیە پێویستی بەوەبووە بەو پەیوەندییانە بچێتەوەو لەناوخۆی حیزبەكەشی، رۆلی خۆی بگۆریت بۆ دوو پرس، یەكێكیان پێگەی لەناو یەكێتی بەهێزبكاتەوە بەدوركەوتنەوەی لە پارتی، دووەم بۆ راگرتنی هاوسەنگی ناو پارتەكەشی پێویستی بەكەسایەتی بەرهەم ساڵح هەبووە بیكاتە سەرۆك كۆمار.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، بوونی بەرهەم ساڵح گەرەنتی ئەوە بۆ كۆسرەت رەسوڵ دەستەبەر دەكات، كە ئایندەی خۆی‌و كوڕەكانی لەناو یەكێتی زیاتر مسۆگەر بكات، كە بەدرێژایی ماوەی رابردوو ململانێی ئەوەی كردووەو بەردەوامیشە لەململانێكانی لەناوخۆی یەكێتی.

ئەو هەوڵانەی كۆسرەت رەسوڵ لەكاتێكدایە، كە ناوبراو ماوەیەكە باری تەندروستیشی باش نییەو بەهۆی ناجێگری تەندروستیشی چەند جارێك بۆ وەرگرتنی چارەسەر چووەتە دەرەوەو بە بەردەوامیش لەژێر چاودێری تەندروستیدایە.