قۆناغی دووەمی سزاكانی ئەمەریكا كاری دامەزراوە داراییە بیانییەكانی ئێران سنووردا دەكات

جیهان

04/11/2018‌ 407 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 شارپرێس:
سبەی دووشەممە دووەمین قۆناغی سزاكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەسەر ئێراندا دەست پێدەكات، و كاری دامەزراوە داراییە بیانییەكانی ئێران سنووردا دەكات.

ستیڤن منوشین، وەزیری گەنجینەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند، "لە چوارچێوەی سزاكان كە 5ی تشرینی دووەم دەچنە بواری جێبەجێكردنەوە زیاتر لە 700 كەس و دامەزراوەی ئێرانی دیكە بۆ لیستی رەش زیاد دەكرێن".

ئەو سزایانەی لە دوای كشانەوەی تاك لایەنەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپێندراوە، سبەی كاتژمێر 08:00 دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

دوای ئەوەی ترەمپ بڕیاریدا بە كشانەوە لە رێككەوتنەكە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا رایگەیاند، كە بەدوو قۆناغی 90 بۆ 180 رۆژی سزاكانی سەر ئێران دووبارە جێبەجێ دەكرێنەوە. 

لەو چوارچێوەیەشدا دوای 90 رۆژ قۆناغی یەكەمی سزاكان لە 7ی ئابدا چووە بواری جێبەجێكردنەوە، دوای تەواوبوونی ئەو ماوەیەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا دیاریكردبوو كە 180 رۆژ بوو.

لە سەرەتای ماددەكاندا كەرتەكانی كارپێكەرانی بەندەری ئێران، كەشتیوانی و دروستكردنی كەشتی هەن، سزاكان كۆمپانیاكانی وەك هێڵەكانی كەشتیوانی كۆماری ئیسلامی ئێران و هێڵی كەشتیوانی باشوور و دامەزراوە پەیوەندیدارەكان دەگرێتەوە.

دووەمین ماددەی سزاكانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا كاروبارەكانی پەیوەست بە نەوت لە خۆدەگرێت، وەك كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی ئێران (NIOC) و كۆمپانیای تانكەری نیشتمانی (NITC). هەروەها سنوورداركردنی نێودەوڵەتی دەسەپێنێت بەسەر كڕینی نەوت، بەرهەمەكانی نەوت یان بەرهەمەكانی پێترۆكیمیای ئێراندا.

ئامانجێكی دیكەی سزاكان، كاری دامەزراوە داراییە بیانییەكان دەگرێتەوە كە لەگەڵ بانكی ناوەندی ئێران و دامەزراوە داراییە دیارە ئێرانییەكان ئەنجامی دەدەن.
ه.م