یەكێتیی وەبەرهێنەران: تا كۆتایی ساڵی ئایندە شەش هەزار پڕۆژەی وەستاو دەكەونەوە كار

کوردستان

04/11/2018‌ 434 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یاسین مەحمود، وتەبێژی یەكێتیی وەبەرهێنەران رایگەیاند، لە ئێستادا رێژەی 20 تا 30 لەسەدی نرخی خانووبەرە زیادی كردووە، و چاوەڕوانیش دەكرێت تا كۆتایی ساڵی 2019، پێنج تا شەش هەزار پڕۆژەی وەستاو بكەونەوە كار.

یاسین مەحمود، وتەبێژی یەكێتیی وەبەرهێنەران سەبارەت بە قۆناغی دووەمی سزاكانی ئەمەریكا بەسەر ئێران بە ئاژانسی ئەنادۆڵی راگەیاند،  "لەبەر ئەوەی ئێمە لە هەرێمی كوردستاندا بەتایبەت لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین بەكاربەری سەرەكیین بۆ كەلوپەلی ئێرانی و پێداویستییەكانی رۆژانەمان لە كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ دێت بۆیە راستەوخۆ تووشی هەندێك لە كاریگەرییەكان دەبین و بەشێك لەو سزایانەی بەسەر ئێراندا دەسەپێنرێت بە نەرێنی لەسەر هەرێمی كوردستان دەشكێتەوە".

ئاماژەی بەوەشكرد، بەپێی پێشبینییەكانی ئەوان بەڕێژەی 20 لەسەد و هەندێكی دیكەی كەلوپەلیش بەڕێژەی 30 لەسەد نرخەكانییان گران دەبن، چونكە لە دوای كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تاكە دەروازەیەك كە بتوانن پشتی پێ ببەستن وڵاتی توركیایە، بەڵام بە هۆی گرانیی گواستنەوە لە وڵاتی توركیاوە بۆ پارێزگای سلێمانی هەندێك لە كەرەستەكان گران لەسەر خەڵكی هەرێمی كوردستان و بەتایبەت پارێزگای سلێمانی دەكەوێت.

یاسین مەحمود راشیگەیاند، "داوامكردووە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەتایبەت ئەنجوومەنەكانی باڵای ئابووری و ئەنجوومەنی وەبەرهێنان كە بەپەلە ژوورێكی ئۆپەراسیۆن دروست بكەن لە ئەنجوومەنی وەزیران، خەڵكانی شارەزا لە كەرتی تایبەت و خەڵكانی شارەزا و لێهاتوو وەكو ئابووریناسان و مامۆستایانی زانكۆ بەشداربن تێیدا، و بەهاوكاری حكوومەت رۆژانە چاودێری ئەو دۆخانە بكەن كە دوای ئابڵوقەی ئابووری بۆ سەر ئێران روودەدات".

سەبارەت بە رەوشی ئابووری لە هەرێمی كوردستان و بەگەڕخستنەوەی ئەو پڕۆژانەی پێشتر بە هۆی قەیرانی دارایی و چەندین كێشەی دیكەوە وەستابوون، یاسین مەحمود دەڵێت، "لەمانگی ئاداری ئەمساڵەوە گۆڕانكاری و جووڵانەوەی باش روویداوە دوای ئەوەی هەرێمی كوردستان لە شەڕی داعش رزگاری بوو و پاشەكەوتی باشتر كرد و پەیوەندییەكانمان لەگەڵ حكوومەتی ناوەندیی باش بووە".

رونیشیكردەوە، كۆی گشتی ئەو پڕۆژانەی لەكار وەستابوون بە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و بەڵێندەرایەتییەوە نزیكەی 10 هەزار پڕۆژە دەبوو، ئێستا نزیكەی هەزارو 500 پڕۆژە دەستیان بەكاركردن كردووەتەوە، ئەگەر ئەو 100 ملیۆن دۆلارەی حكوومەت كە چاوەڕێ دەكرێت بە بەڵێندەرانی بدات ئەوا نزیكەی دوو هەزار پڕۆژەی دیكە دەست بەكاردەكەنەوە، چونكە بەڵێندەران متمانە لەسەر حكوومەت دروست دەكەن و وەبەرهێنان متمانە لەسەر بازاڕ دروست دەكەنەوە.
ه.م