سەفین دزەیی: پارەی پێویست لەبەردەست نییە 49 ملیۆنەكە بدرێت بەپەرلەمانتاران

کوردستان

05/11/2018‌ 787 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەفین دزەیی وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی دەنگۆی پێدانی موچەی شەش مانگ بەسەریەكەوە بۆ پەرلەمانتاران وەك موچەی خانەنشینی ئیكرامی، كە بڕەكەی ( 49) ملیۆن و (200) هەزار دینارە، دەڵێت: "بەپێی بودجەی تەرخانكراو بۆ پەرلەمان لەوەزارەتی دارایش ڕەنگە ئەو پارەیە ئێستا وەك سیویلە لەبەردەست نەبێت".

سەفین دزەیی دەشڵێت: بۆیە وەزارەتی دارایی و لیژنەی تایبەت لەوەزارەتی دارایی لەگەڵ پەرلەمان لە پەیوەندیدان، بۆ ئەوەی میكانیزمێك بدۆزنەوە، كە بەچ شێوەیەك ئەو پارەیە بدرێت بەپەرلەمانتاران.

وتەبێژی حكومەت هەروەها دەڵێت: "هیوادارم سەرۆكایەتی پەرلەمان و پەرلەمانتارە بەڕێزەكان خۆیان دەستپێشخەری بكەن بۆ چارەسەریەكی گونجاو بۆ ئەو بابەتە".

قسەكانی سەفین دزەیی لەمیانی چاوپێكەوتنێكی بووە لەگەڵ دەنگی ئەمریكا، كە هاوكات باس لەوەش دەكات حكومەتی هەرێم پڕۆژەیەكی چاكسازی پێشكەش بەپەرلەمان كردووە، كە تێیدا هەموو خانەنشینی پەرلەمانتاران و پلەتایبەتیەكانی ڕێكخستبوو، بەڵام بەداخەوە پەرلەمان پڕۆژەكەی پەسەندینەكرد، كە چارەسەری ئەو پرسەی تێدا دەكرا.

دزەیی ئەوەش دەڵێت: ڕێگریەكەش ڕەنگە پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن و تاك تاكەش لەدوو هێزە سەرەكییەكە هەبوبێتن، كە هەڵوێستی تریان نواندبێت، ئەگەر ئەو پڕۆژەیە پەسەندبكرایە مانگانە ( 100) ملیۆن دۆلار دەگەڕایەوە بۆ حكومەت. 

دەربارەی موچەی فەرمانبەرانیش سەفین دزەیی دەڵێت: ئەگەر باسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بكرێت ئێستا (30) ڕۆژ جارێك موچە لەكوردستان دەدرێت، ئەگەرچی بەڕێژەیەك پاشەكەوت نەماوە، بەردەوام بوونی ئەو موچەیە لەسەر ئەوە حساب ناكرێت ئەو موچەیە هی كام مانگە ئەوەتا لەم هەفتە، كە مانگی یازدە دەستی پێكردووە دوبارە دابەش كردنی موچە دەست پێدەكاتەوە، لەبەر ئەوە بوترێت ئەو سێ مانگەی كۆتایی ساڵ پاشەكەوت دەكرێت شتێكی وا لەئارادا نییە، چونكە دواكەوتن هەیە ئەو موچەیەی، كە دەدرێت هی سێ مانگ لەوەو پێشە واتە لەسەر ئەو بنەمایە ئەو موچانە دەدرێت (30) ڕۆژ جارێكە.

هـ ـ ح