كاریگەری قۆناغی دووەمی گەمارۆكانی ئێران لەسەر هەرێمی كوردستان

کوردستان

05/11/2018‌ 686 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەلام عەبدوڵڵا وتەبێژی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی رایگەیاند، كاریگەری سزاكانی سەر ئێران بۆ سەر هەرێمی كوردستان تەنیا ئەو بازرگانانە دەگرێتەوە، كە لە رێگەی بەندەر عەباسی ئێرانەوە بە ترانزێت كاڵا و كەلوپەل دەهێننە هەرێمی كوردستان.

ئەمڕۆ دوو شەممە دووەمین قۆناغی ئەو سزایانەی لە دوای كشانەوەی تاك لایەنەی سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ لەرێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپێندراوە، چووە بواری جێبەجێكردنەوە.

سەلام عەبدوڵڵا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ راشیگەیاند "ئەم سزایانەی، كە سەپێنراوە بەسەر ئێراندا، بڕیارێكی ناوخۆیی ئەمریكایە، بەڵام كاریگەرییەكی نێودەوڵەتی هەیە و بەپلەی یەكەم كاریگەری لەسەر ئەو وڵاتانە دەبێت، كە كاڵا و كەلوپەل رەوانەی ئێران دەكەن، هەروەها كاریگەری لەسەر ئەو كۆمپانیا نەوتیانە دەبێت لە ئێران كار دەكەن ، لەگەڵ ئەو بەندەر و كەشتییەوانیانەی، كە لەئێران هەیە".

هەروەها رایگەیاند "وەك هەرێمی كوردستان شتێكی زۆر كەم دەنێرینە ئێران و شتێكی ئەوتۆ نییە، كە كاریگەری ئابوری هەبێت، بەڵام ئەوەی لە ئێرانەوە رۆژانە بۆمان دێت و كەلوپەلی رۆژانە و بەرهەمە خۆراكییەكانن سزاكان نایگرێتەوە".

وتەبێژی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی هەروەها رایگەیاند "سزاكان تەنیا ئەو بازرگانانە دەگرێتەوە لەرێگەی بەندەر عەباسی ئێرانەوە بە ترانزێت كاڵا و كەلوپەل دەهێننە هەرێمی كوردستان، ئەوەش زیاتر ئامێرە كارەباییەكان دەگرێتەوەو كاریگەری ئەوتۆی نابێت و پێویستە لەسەر ئەو بازرگانانە رێگەیەكی نوێ بدۆزنەوە بۆ گواستنەوەی كەلوپەلەكانیان".

ئەو ئاماژەی بەوەش كرد، تائێستا هیچ شتێكیان پێنەگەیشتووە لەسەر گۆڕانكاری لەدەروازە سنوورییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران، هەروەها لەناو بازاڕی شارەكەش هیچ گۆڕانكارییەك بەسەر نرخی كاڵا و خۆراكدا نەهاتووە.

كاریگەری قۆناغی دووەمی سزاكانی ئەمریكا لەسەر ئێران تائێستا لەسەر هەرێمی كوردستان رون نییە و بازرگان و سەرمایەداران تائێستاش لەگفتوگۆ و راوێژكردندان بە كەسانی پسپۆڕ لەو بوارەدا، بۆ ئەو مەبەستەش لەسلێمانی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە كاریگەریەكانی ئەو گەمارۆیە لەسەر ڕەوشی ئابووری هەرێمی كوردستان بە ئامادەبونی ژمارەیەك لە سەرۆك و ئەندامانی رێكخراوە بازرگانی و ئابوورییەكان و كەسانی پسپۆڕ بەڕێوەچوو.

سەرپەرشتیاری كۆبوونەوەكە، سیروان حەمە شەریف بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ وتی: "وەك هەرێمی كوردستان بەتایبەت شاری سلێمانی چەند كیلۆمەترێكی زۆر هاوسنورین لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران، بۆیە ئەو سزایانە كاریگەری راستەوخۆ و ناراستەوخۆی لەسەر هەرێم دەبێت، ئێمە دەمانەوێت بزانین كاریگەرییەكانی لەسەر هەرێم چییە و چ خۆپارێزییەك بكەین بۆ ئەوەی بە كەمترین زیان لێی دەربچین".

هـ ـ ح

بەپەلە