بێگەرد تاڵەبانی: رەنگە 49 ملیۆنەكەی پەرلەمانتاران بەقیست پێیان بدرێت

کوردستان

06/11/2018‌ 370 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بێگەرد تاڵەبانی سكرتێری پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: لەگەڵ وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر بابەتی موچەی خانەنشینی پەرلەمانتاران قسەیان كردووە، بەڵام لەبەر ئەوەی وەڵامی ئەوان بەوشێوەیەیە بووە، كە پارەی پێویست لەبەردەست نییە، بۆیە ڕەنگە بە قیست ئەو پارەیە بدرێتە پەرلەمانتاران یا ڕێگە چارەی تر.

بێگەرد تاڵەبانی هەروەها باسیش لە هۆكاری پەسەندنەكردنی پڕۆژە چاكسازییەكەی حكومەت دەكات، كە خانەنشینی پلەتایبەتیەكانی جارێكی تر ڕێكخستبووەوە بەڕێژەی كەم‌و دەڵێت: "پەرلەمانتاران و دەرەوەی پەرلەمانیش لەناو حیزبەكانەوە ئەوانەی زیانمەند دەبون لەم پڕۆژە یاسایە دژی وەستانەوە، چونكە تاكە "بەهانە"ی ئەو پەرلەمانتارانە یەك ماددەی خانەنشینی پلە تایبەتیەكان بوو، كە گەڕاندیانەوە بۆ پەرلەمان و جگە لەخانەنشینی پەرلەمان و پلە تایبەتیەكان، بندیوارەكان و ئەوانەی زیاتر لەموچە و دوو موچە و سێ موچەیان هەبوو یا چەند ساڵە بەنایاسایی موچە وەردەگرن دژی وەستانەوە، كە بەپێی پڕۆژەكە موچەی خانەنشینی پەرلەمانتاران كەمكرابوەوە بۆ لە25%كە ئێستا بە لە 80% ی موچەكانیان خانەنشین دەكرێن".

ئێستا لەهەرێمی كوردستان بابەتی پێدانی موچەی شەش مانگی خانەنشینی ئیكرامی (49) ملیۆن و 200هەزار دیناری عێراق، بە پەرلەمانتارانی خولی چوارەم، كە كارەكانیان تەواوبووە دەنگۆ و ناڕەزایی لە شەقام و تۆڕە كۆمەڵایەتیە كوردییەكان لێكردۆتەوە بەشێك لە ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەن-یش خۆپیشێ‌ندان دژی پێدانی ئەو موچەیەن.

بێگەرد تاڵەبانی سكرتێری پەرلەمان لەخولی چوارەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لەسەر فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لەچاوپێكەوتنێكی دەنگی ئەمریكا ئەوەش دەڵێت: "پەرلەمانتارانیش وەك هەر فەرمانبەرێك لە عێراق و هەرێمی كوردستان لەكاتی خانەنشینیدا موچەی شەش مانگی بەسەریەكەوە پێدەدرێت ئەمەش بۆ ئەوەی كاروبارەكانی خۆی ڕابپەڕێنێت، وەك سەرۆكایەتی پەرلەمان قسەمان لەگەڵ وەزارەتی دارایی كردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ پەرلەمانتارێك ئەو بڕە پارەیەی وەرنەگرتووە.

بێگەرد تاڵەبانی ڕونیشیكردەوە وەك سەرۆكایەتی پەرلەمان پێویستە نووسراوی فەرمی بكەین بۆ پەرلەمانتاران بۆ ئەوەی خانەنشین بكرێن، چونكە ئەوە مافی یاسایی خۆیانە،  "قسەمان لەگەڵ وەزارەتی دارایی كردووە لەبەر ئەوەی پارەی پێویستیان لەبەردەست نیە بۆیە ڕەنگە بە (قیست) ئەو پارەیەیان پێبدرێت، یاخود چارەسەرێكی تری بۆ بدۆزرێتەوە".

هـ ـ ح