لەپڕۆژەی یاسای بودجەی هەرێم موچەی فەرمانبەران بێپاشەكەوت ئەژماركراوە

کوردستان

06/11/2018‌ 2235 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەپڕۆژە یاسای بودجەی 2019ی هەرێمی كوردستاندا موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بە بێپاشەكەوت ئەژماركراوە.

بەپێی زانیارییەكان، كە هەفتەنامەی باس ئەمڕۆ سێ‌ شەممە بڵاویكردووەتەوە، بۆ هەر مانگێكی موچەی فەرمانبەران بڕی 880 ملیار دینار داندراوە، ئەوەش ئەو بڕە پارەیە موچەی تەواوی هەرێمی كوردستانە بەبێپاشەكەوتی پێدابیندەكرێت.

رۆژی ٣ی شوباتی ٢٠١٦ ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كورستان بڕیاری لەپاشەكەوتكردنی موچەی فەرمانبەران دا، كە پاشەكەوتكردنەكە لە ١٥% دەستیپێدەكرد تاوەكو ٧٥%، بەڵام لە ئاداری 2018دا حكومەت پاشەكەوتی موچەی بە رێژەیەكی زۆر كەمكردەوە.

هەر بەپێی زانیاریەكان ئێستا پاش هەڵگرتنی رێژەیەكی زۆری پاشەكەوت وەزارەتی دارایی مانگانە 725 ملیار دینار بۆ موچە خەرج دەكات، كە لە هەرێمی كوردستان نزیكەی ملیۆنێك و 380 هەزار كەس موچە وەردەگرێت، كە 683 هەزاریان فەرمانبەرن.

نەورۆز قازی، سەرۆكی فەرمانگەی یاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان بە (باس)ی راگەیاند "پلانی حكومەت ئەوەیە سیستەمی پاشەكەوتی موچە بە یەكجاری هەڵبگرێت".

نەورۆز قازی راشیگەیاند "لەپاڵ هەڵگرتنی سیستەمی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران و دابەشكردنی موچە بە بێ پاشەكەوت دەبێت لە بودجەی 2019ی هەرێمی كوردستان بودجەیەكیش دابندرێت بۆ گەڕانەوەی بەشێك لە پاشەكەوتی موچە بۆ ئەوەی دڵنیایی بدرێـە موچەخۆران".

ئەو روونیكردەوە سەرۆكی  حكومەت و جێگرەكەی چەند جارێك دڵنیاییان داوە پاشەكەوتی موچە نافەوتێت و دەدرێتەوەو رایگەیاند "بۆ جێبەجێكردنی ئەو دڵنیاییە  دەبێت لە بودجەی 2019 بڕگەیەك هەبێت بڕێك پارەی پاشەكەوت بدرێتەوە موچەخۆران".

پێشتر پەروین نوری، بەرێوەبەری گشتی بودجە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان رایگەیاندبوو "پەیوەست بەوەی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران لە ساڵی 2019 هەڵبگیرێت، یان چۆن بدرێتەوە، ئەوە دەوەستێتە پێگەی كورد لەحكومەتی  عێراق  و پرسی ناردنی بەشە بودجەی تەواو".

هەروەها ئەحمەد سەفار، پسپۆڕی بواری دارایی و پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، ئەگەر بودجەی 2019 خواستەكانی كوردی تێدا جێگیربكرێت ئەوە پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران نامێنێت‌و راشیگەیاند "پێشووتریش خۆم لەگەڵ  سیستەمی پاشەكەوتی مووچە نەبووم، رێكاری تر هەبوو دەكرا بگیرێتە بەر، ئێستاش ئەگەر بودجەی كوردستان بكرێتە 14 تریلیۆن دینار ئەوە بە دڵنیایی پاشەكەوت نامێنێت".

هـ ـ ح