بەڕێوەبەری دەروازەی باشماخ: ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان ئێران و هەرێم ئاساییە

کوردستان

06/11/2018‌ 1204 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەزوەر مەحمود، بەڕێوەبەری گشتی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ رایگەیاند، تا ئێستا ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێو مەرزی باشماخ ئاساییە و وەك خۆیەتی و ھیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەھاتووە.

ئەزوەر مەحمود، بەڕێوەبەری گشتی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "بارودۆخی سیاسی ھەرێمی و نێودەوڵەتی كاریگەری ھەیە لەسەر بازرگانی و ئاڵوگۆڕی شمەك و كەلوپەل لە دەروازەكە، قۆناغی نوێی سزاكانی ئەمریكاش لەسەر ئێران درێژكراوەی ئەو سزایانەیە كە ماوەی چەندین ساڵە لەسەر ئەو وڵاتە ھەیە".

هەروەها وتیشی، "تا ئێستا ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە مەرزی باشماخ ئاساییە و وەك خۆیەتی و هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەھاتووە، ئەوەی ئێمەش ئاگادارین بەردەوام دەبێت و بەپێی لێدوانی بەرپرسانی ئەمریكاش ھەشت وڵات بەخشراون لە مامەڵەكردنی بازرگانی لەگەڵ ئێران و دەتوانن ھەناردەكردن و ھاوردەكردن بكەن و نەوت لە ئێران بكڕن، عێراق تا ئێستا بە ھەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، بەڵام پێشبینی دەكەین عێراق یەكێك بێت لەو وڵاتانە".

بەڕێوەبەری مەرزی باشماخ راشیگەیاند، "بەخشینی ئەو وڵاتانە رەنگە بە شێوەیەكی كاتی بۆ ماوەی شەش مانگ یان یەك ساڵ بێت و دواتر ئەو دۆخە شێوازێكی تر وەربگرێت".