ئابووری بەغدا پەیوەستە بەئابووری تاران-ەوە
باجی سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران لەگیرفانی عێراقییەكان دەردەچێت

عیراق

08/11/2018‌ 1307 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: تایبەت
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر
لەگەڵ بەركاربوونی سزا ئەمریكییەكانی سەر ئێران، كە واشنتۆن ئامانجییەتی لەو ڕێگەیەوە هاوردە نەوتییەكانی ئێران یەكسان بكات بەسفر ، پرسیارێكی گەورە و گرنگ خۆی قوت دەكاتەوە، ئایا ئەو سزایانە ئێران بە ئامانج دەگرن یاخود عێراق؟ ئەمەش بەهۆی توندپەیوەست بوونی ئابووری عێراق بە ئێرانەوە.

بەهۆی پەیوەست بوونی پارتە فەرمانڕەوا عێراقییەكان بە ڕژێمی ئێرانەوە لە ڕووی سیاسی و باوەڕدارییەوە ، بۆیە بە درێژایی ماوەی پێشوو و لە ساڵی 2003  تاوەكو ئێستاش ، ئیرانییەكان كاریان لەسەر ئەوە كرد  ئابووری عێراق ببەستنەوە بە ئابووری ئێرانەوە ، بەڕادەیەك وای لە ئابووری عێراق كرد كە بە هەر بەرز و نزمییەكی ئەرێنی یان نەرێنی ئابووری ئێرانی كاریگەر بێت ، ئەمەش لە ڕێگەی واڵاكردنی دەروازەی بازاڕە عێراقییەكان بەڕووی كاڵا ئێرانییە هەمەجۆرەكاندا ، وە لەقاڵبدانی پیشەسازی عێراقی و پشتگوێخستنی ، وە پشتبەستن بە هاوردەكردنی كەلوپەلی ئێرانی بە شێوەیەكی سەرەكی لەسەر هەگبە و كەوڵی كاڵاكانی دەوڵەتانی دەورووبەر.

ئەو ڕێوشوێنانە‌ حكومەتی عێراقیان ناچار كرد بازاڕی عێراقی تا ڕادەیەكی ئێجگار زۆر ببەستنەوە بە ئابووری ئێرانەوە  ، پاشكۆیی ئابووری بەغدا بۆ تاران گەیشتە ڕادەی پشتبەستن بە كەلوپەلی ئێرانی لە بوارەكانی كارەبا ، هاوردەكردنی گاز و بەرهەمە نەوتییەكان ، لەمەشەوە ئابووری ئێرانی تووشی هەر لەرزەیەك ببێت ، ڕەنگدانەوەی بەهێزی دەبێت بۆ سەر ئابوروی عێراق ، لەگەڵ بەركاربوونی دووەم چەپكە سزا ئەمریكییەكان دژ بە ئێرانیش ، وا چاوەڕوان دەكرێت ئابوروی عێراق تووشی لەرزەی توند و ناخهەژێن بێت ، چونكە ئەمریكا وەك چاوەڕێ دەكرا عێراقی  وەك هەندێك دەوڵەتی دیكە بەدەر نەكرد لەو سزایانەی بەسەر ئێراندا سەپاوندونی. 
سەرباری لێدوانەكانی هەندێك بەرپرسی ئەمریكیش لەوەی كە‌ ئیدارەكەی تڕەمپ عێراق بەدەر دەكات لەو سزایانە هەر وەك هەشت دەوڵەتی دیكەی بەدەركردوون ، تا ئێستاش ئەمریكا بە فەرمی شتێكی لەو بابەتەی ڕانەگەیاندووە.

ئەمریكا وەك چاوەڕوان دەكرا عێراقی بەدەر نەكرد
كاتێك ئەمریكا عێراق بەدەر نەكرد لەو سزایانەی خستونیەتە سەر ئێران ، هیوا و خۆزگەی بەرپرسە عێراقییەكان بەباچوو ، ئەمەش بە ڕەچاوكردنی ئەوەی كە ئابووری عێراق بەهۆی ئەو سزایانەوە زیانی زۆری بەردەكەوێت ، لیستی دەوڵەتە بەردەركراوەكانیش عێراقی تێدا نەبوو ، هەندێك كەسیش ئەوەیان وا لێكدایەوە كە ووڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە دژوارترین بارودۆخدا دەستبەرداری عێراق بوو. 

عادل عەبدول مەهدی سەرۆك وەزیرە تازەكەی عێراق ، هیچ كاردانەوەیەكی نەبوو لە بەرامبەر ئەو هەنگاوە ئەمریكییە ، بەڵام سەركردەی حزب و میلیشیاكان بە ڕاشكاوی‌ دوڕدۆنگی خۆیان لە سزا ئەمریكییەكانی سەر ئێران دەربڕی ، ئامادەیی خۆشیان نیشاندا هاوكاری ئێران بكەن بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو سزایانەدا ، هەنگاوێكی لەم جۆرەش عێراق ڕووبەڕووی سزا ئەمریكییەكان دەكاتەوە. 

لە بەر ئەوەیبەرژەوەندی حزبە عراقی و میلیشیاكان بە شێوەیەكی ئۆرگانی بەستراوەتەوە بە ئێرانەوە ، بۆیە وا چاوەڕێ دەكرێت ئەو حزب و میلیشیایانە هەموو توانستێكی عێراق بخەنە خزمەت ئابووری ئێرانەوە بۆ ڕزگاركردنی لەو سزایانە و گرتنەبەری قۆرتوقولاپ بۆ لەڕێلادانی سزا ئەمریكییەكان لە ڕێڕەوی ڕاستەقینەی خۆیان.  

تاكە كاردانەوەی فەرمی بەغدا لە بەرامبەر بەیاننامەی باڵوێزخانەی ئەمریكا لە بەغدا لەسەر‌ زاری ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە گوزارەی لێكرا كە زۆر توند بوو بەرامبەر‌ واشنتۆن ، چونكە بەیاننامەكە داوای لە حكومەتی عێراق كدەكات كە پێویستە ئەوەی لەسەر شانیەتی ئەنجامی بدات لە پێناو جێبەجێكردنی سزا ئەمریكییەكانی سەر ئێران ، داواشی لە ئێران كرد بە گشتی میلیشیاكان لە عێراق هەڵوەشێنێتەوە و چی دیكەش دەست وەرنەداتە كاروباری عێراقەوە  و ڕێز لە سەروەریەكەشی بگرێت ، وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەم داواكارییانەی وا لێكدانەوە كە دەستوەردانە لە كاروباری ناوخۆی عێراق ، جەختیشی كردووە كە "بەغدا ڕێگە بە ووڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا نادات بەم شێوەیە‌ قسەی لەگەڵ بكات كە بە تەواوی دوورە‌ لە هەموو عورف و ڕێوشوێنێكی دبلوماسی پەیڕەوكراو هەر‌و ەك ووتەبیژەكەی وەزارەتی دەرەوە ڕایگەیاند".

قۆرتوقولاپی ئێران لە هەمبەر سزاكان لەسەر هەگبەر و كەوڵی بەرژەوەندییەكانی عێراق دەبێت
لە هەموو ئەوەی لەسەرەوە باسكرا ، بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەست بوونی ئۆرگانی بەرژەوەندی حزبە عێراقی و میلیشیاكان بە ڕژێمی ئێرانەوه ، وا چاوەڕوان دەكرێت ئەو پارت و میلیشیایانە هەموو توانایەكی عێراق بخەنە خزمەت ئێرانەوە ‌بۆ ڕزگاركردنی ئابوروی ئێران و گرتنبەری ڕێگەی قورتوقولاپاوی لە هەمبەر سزا ئەمریكییەكاندا ، لە لایەكی دیكەشەوە عێراق دەكەوێتە ژێر ڕەحمەتی گرتنەبەری ڕیوشوێنەكانی تۆڵەسەندنەوەی ووڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا. 

عێراق دەلاقەی ئێرانە بە ڕووی جیهاندا 
لە ئێستا ئێران خۆی ئامادە دەكات كە عێراق وەك دەلاقەیەكی درەكی بەڕووی جیهاندا بەكاربێنێت ، تاران نیازی وایە لە ڕێگەی عێراقەوە نەوتەكەی‌ هەناردەی دەرەوە بكات – فروشتنی نەوتی ئێرانی بە ناوی نەوتی عێراقەوە -  ئەو بڕیاڕەی ئەمریكاش كە لەسەر زاری بەرپرسیكی ئەمریكی دزەی پێكراوە كە وا واشنتۆن ڕەنگە ڕێگە بە عێراق بدات  گاز و كەلوپەلی خۆراكی لە ئێرانەوە هاوردە بكات بەو مەرجەی بە دۆلار پارەكە نەدات ، ئێرانیش ئەو كەلێنە دەقۆزێتەوە و گاز و كەلوپەلی خۆراكی و  ووزەی كارەبا بە عێراق دەفرۆشیت و لە بەرامبەریشدا دراوی دەگەمەنی غەیرە دۆلاری دەست دەكەوێت وەك "یۆرۆ" یان هی دیكە ، ئەمەش باری ئابوروی عێراق گرانتر دەكات ، چونكە ناچارە یۆرۆ بكرێت و بەهای كڕینی كەلوپەلە ئێرانییەكان پێ بدات. 

واش چاوەڕوان دەكرێت ئێران وەك پیشەی هەمیشەیی خۆی ، شێواز ڕێبازە باوەكانی بەكاربهێنێت بۆ تێكدانی باری ئاسایشی عێراق بە مەبەستی ڕوگیركردنی هێزە ئەمریكییەكانی ناو عێراق. 

واش پێشبینی دەكرێت ئێران لە جاران زیاتر كاڵاو كەلوپەلەكانی هەناردەی عێراق بكات ، ئەمەش لە ڕێگەی تێكدانی پیشەسازی نیشتمانی عێراقی و پشتبەستنی زیاتری عێراق بە كەلوپەل و كاڵا ئێرانییەكان ، ئەو كارەساتە ژینگەیەی چەند ڕۆژێك پێش ئێستا لە عێراقدا ڕوویدا بە‌ لەناوچوونی سامانی ماسی ، نموونەیەكی زیندووی ئەو شێواز و ڕێبازانەیە كە ئێران پیادەیان دەكات بۆ پەرەپێدانی هەناردەكانی بۆ عێراق تا بەغدا زیاتر و زیاتر پشت بە تاران ببەستێت ، ئەمە سەرباری ئەوەی دزەپێكردنی دراوه دەگمەنەكان لە عێراقەوە بۆ ئێران زیاد دەكات لە ڕێگەی نووسینگەكانی ئاڵووێری دراوەوە كە حزبە سیاسییەكان بێ بوونی هیچ چاودێرییەكی دارایی حكومی بەڕێوەی دەبەن ، ئەمەش بە بەرچاوی ئەمریكاوە ئەنجام دەدرێت و كاریش دەكاتە سەر یەدەگی عێراق لە دراوە دەگمەنەكان ، لەمەشەوە كاریگەری دەكەوێتە سەر بەهای دیناری عێراقی كە لە بەرامبەر دراوە دەگمەنەكاندا بڕستی لێ دەبڕێت لە بازاڕەكای عێراقدا. 

زیادبوونی ڕووداوە ئەمنییەكان 
چاوەڕوانكراوە ڕژێمی ئێران شێوازە باوەكانی پێشووی بەكاربێنێت لە تێكدانی دۆخی ئەمنی لە عێراق بە مەبەستی ڕوگیركردنی هێزە ئەمریكییەكانی ناو عێراق ، لە هەمان ئان و ساتیشدا پشتیوانی خۆی بۆ میلیشیا تیرۆرستەكانی سووریا و یەمەن زیاد دەكات ، ئەوسا عێراق سەرباری باجی گرانبەهای ئابووری كە بە هۆی ڕێوشوێنە ئێرانییەكانەوە تووشی دەبێت ، باجێكی دیكەش دەدات كە پەیوەستە بە بواری ئەمنی و ئاسایشی هاووڵاتییان بەهۆی كاردانەوەكانی ئێران لە عێراقدا.