گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ لایەنەكاندا كراوە
پارتی دوو لیژنە بۆ یەكلاكردنەوەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و حكومەت پێك دەهێنێت

sharpress.net

1103 جار خوێندراوه‌ته‌وه

08/11/2018‌

شارپرێس:
بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی پارتی رایگەیاند، بەم زووانە دوو لیژنە بۆ یەكلاكردنەوەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و پێكهێنانی كابینەی نوێ پێك دەهێنن، دەشڵێت، "گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ لایەنەكاندا كراوە".

عەلی حوسێن، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی پارتی بە ماڵپەری فەرمی حزبەكەی راگەیاندووە، وەك سەرەتا بە ناڕاستەوخۆ گفتوگۆ دەربارەی پێكهێنانی كابینەی نوێ كراوە، بەڵام وەك شاند، دانوستانی فەرمی لەگەڵ هیچ لایەنێكدا نەكراوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، گفتوگۆ ناڕاستەوخۆكان لە پێناو لێكنزیكبوونەوەیانە لەگەڵ لایەنەكاندا، تا وادەیەكی نزیك بۆ ئەو مەبەستە دیاری بكرێت.

6ی ئەم مانگە، یەكەم دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان كرا و كاندیدە دەرچووەكان سوێندی یاساییان خوارد و بەپێی یاسا بوونە پەرلەمانتاری خولی نوێ.

 عەلی حوسێن، رەتیدەكاتەوە لە ئێستادا لیژنە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان سەبارەت بە چۆنیەتیی پێكهێنانی كابینەی نوێ دیاری كرابێت، هۆكارەكەیشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، كە دەبێت سەرەتا دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان دیاری بكرێت.

بەرپرسی پەیوەندییەكانی پارتی دەشڵێت، حزبەكەی پاكێجی تایبەتی خۆی بۆ یەكلاكردنەوەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت، كە بەم زووانە دوو لیژنە بۆ ئەو مەبەستە پێك دەهێنن.

سەبارەت بە دیاریكردنی كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران، بەرپرسی پەیوەندییەكان وتیشی، بە یەكلاكردنەوەی پۆستەكانی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، بە فەرمی پارتی ناوی كاندیدەكەی بۆ پۆستی سەرۆكایەتیی كابینەی نوێ ئاشكرا دەكات.

بە وتەی عەلی حوسێن، پارتی وەك هێزی براوە، بە مەبەستی دانوستان لەگەڵ لایەنەكاندا، دوو لیژنە پێك دەهێنێت، كە لیژنەی یەكەم ئەركی نزیككردنەوەی لایەنەكانە لە پاكێجی پارتی بۆ پەرلەمان و حكوومەت، لیژنەی دووەم، كە شاندی فەرمییە، لە دوای یەكلاكردنەوەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەبێت، ئەویش بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم.
ه.م




ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved