ئەمەریكا 45 رۆژ مۆڵەت دەداتە عێراق بۆ كڕینی گازی سروشتی لە ئێران

عیراق

09/11/2018‌ 457 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
باڵیۆزی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە بەغدا رایگەیاند، واشنتۆن ماوەی 45 رۆژ دەرفەتی كاتیی داوەتە عێراق بۆ كڕینی گازی سروشتی لە ئێران.

لە ڤیدیۆیەكدا كە لە پێگەی باڵیۆزخانەكە لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك بڵاوكراوەتەوە هاتووە، "ئەمریكا ماوەی 45 رۆژ دەرفەتی كاتیی بۆ عێراق دەستەبەركردووە بۆ كڕینی گازی سروشتی لەئێران".

لەڤیدیۆكەدا كە دەبینرێت هەندێك لە بەرپرسانی باڵیۆزخانەكە بە زمانی عەرەبی قسە دەكەن هاتووە، "سزاكانی ئەمریكا رژێمی ئێران دەكەنە ئامانج نەك گەلەكەی".

بۆ دەستەبەركردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەكانی كارەبا، عێراق گازی سروشتی لە ئێرانەوە هاوردە دەكات.

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە چەند رۆژی رابردوودا رایگەیاندبوو، عێراق لەسزاكانی سەر ئێراندا لەلایەن ئەمریكاوە چاوپۆشیی لێكراوە، چونكە بێلایەنە لە كێشمەكێشەكانی ناوچەكەدا.

5ی تشرینی دووەم ئەمریكا ناوی 50 بانكی ئێرانی و زیاتر لە 700 كۆمپانیا و كەسایەتیی خستە لیستی سزاكانەوە.

هەروەها حكوومەتی ئەمریكا ماوەی 180 رۆژی دیكەی وەك چاوپۆشی بۆ درێژەدان بە بازرگانییەكانیان لەگەڵ ئێران داوەتە هەریەكە لە وڵاتانی توركیا، كۆریای باشوور، ئیتاڵیا، یۆنان، چین، تایوان، هیندستان و ژاپۆن داناوە.
ه.م