بەپێی لێكۆڵینەوەیەك، ڕێژەی مناڵبوون لە سەرانسەری جیهاندا كەمی كردووە

جیهان

09/11/2018‌ 1072 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ژمارەی مناڵبوون لە سەرانسەری جیهاندا بەشێوازێكی چاوەڕوانكراو كەمبووەتەوە و ئەوەش ژمارەیەك لە وڵاتانی تووشی كەمی دانیشتوان كردووە.

دەستەی لێكۆڵینەوەیی زانكۆی واشنتۆن لە ئەمریكا بە دیراسەكردنی ئاماری منداڵبوون لە وڵاتانی جیاواز و پڕۆسەی گۆڕانی ئەو لە چەند دەیەی كۆتاییدا، بەو ئەنجامە گەیشتووە، كە لە نێوان ساڵانی 1950 تا 2017، ژمارەی منداڵانی لە دایكبوو لە هەر خانمێك بەدرێژایی تەمەنی لە ڕێژەیەكی 4.7 منداڵ بۆ 2.4 منداڵ كەمی كردووە، كە تاڕادەیەك دەتوانرێت بگوترێت بە نیوە گەیشتووە.

ئەو پڕۆسەیەش بۆ هەموو وڵاتانیی جیهان هاوتا نییە و جیاوازی بەرچاو لە نێوان وڵاتاندا دەبینرێت. بۆ نموونە، لە ساڵی 2017 دا لە ئاستی ناوەندی ژمارەی منداڵ بۆ هەر ئافرەتێك لە وڵاتی نەیجیریا لە ڕوژئاوای ئەفریقیا7.1 منداڵ و بۆ قوبروس1 منداڵ بووە.

ئاماری لێكۆڵەرەوان دەرخەری ئەوەن، كە ئەگەر ڕێژەی منداڵبوون بە 2.1 بگات، ئاوا وڵاتێك لە ئەنجامدا تووشی كەمی دانیشتوان دەبێت.

لە ساڵی 1950 ەوە دۆخێكی لەوشێوەیە لە هیچ وڵاتێك لە جیهاندا بوونی نەبووە، بەڵام لە ئێستادا منداڵبوون و پڕۆسەی زاوزێ كردن لە زۆر وڵاتیی دەوڵەمەندی دونیا لە ئەوروپا، ویلایەتەیەكگرتووەكان، كوریای باشوور و ئوسترالیا لەم ژمارەیە كەمترە، لە وڵاتی چینیش هۆكاری جۆراوجۆر بەتایبەت سیاسەتی سنوورداری لە ژمارەی منداڵ بۆ هەر ژن و پیاوێك بووەتە هۆی كەمبوونی ئەو ژمارەیە.

ڕێژەی كەمیی زاوزێ لەم وڵاتانەدا بەواتای كەمبوونی خێرای ڕێژەی دانیشتوان نییە، لەبەر ئەوە جگە لە زاوزێ و مردن، كۆچكردنیش دیاریكەری ڕێژەی دانیشتوانی وڵاتێكە. لەكاتێكدا بەوتەی لێكۆڵەرەوان، ئاوا دۆخێك بە تێپەڕبوونی كات دەتوانێت ڕێژەی دانیشتوان كەمبكاتەوە، مەگەر ئاوا ئەم كەمبوونەوەیە لەڕێگەی وەرگرتنی كۆچبەرانەوە قەرەبوو بكرێتەوە.

لەئێستادا منداڵبوونی نیوەی خانمانی دونیا لە ڕادەیەكدایه، كە بووەتە هۆی گەشەسەندنی مامناوندی دانیشتوانی هەموو جیهان، بەڵام گەشەی ئابووری و دەستڕاگەشتنی وڵاتانی زیاتر بە بواری گەشەپێدان و گەشەسەندن، وا چاوەڕوان دەكرێت ئەم ژمارەیە كەمتر ببێتەوە.

لەبارەی هۆكاری كەمی منداڵبوونی ژنانیشەوە، تیۆری جۆراوجۆر باسكراوەو ئەوەشی كە دیارە ئەوەیە، هۆكاری سەرەكی ئەم گۆڕانكارییه پەیوەندی بە توانای جەستەیی ژنان و پیاوان بۆ زاوزێ كردنەوە نییەو هۆكار گەلیتر لەم نێوەندەدا كاریگەر بووە.

بۆنموونە، كەمبوونەوەی مردنی ساوا و منداڵان بە خێزانەكان ئەو دڵنییاییە دەدات كە بۆ "پاراستنی وەچە" منداڵی زیاتریان پێویست نییەو لەكاتێكدا پێشكەوتنە پزیشكییەكان و هۆشیاری كۆمەڵایەتی وای كردووە، هاوسەران لە كەرەستەو دەرمانی دژە سكپڕی سوود ببەن.

هەروەها لەگەڵ ئەمانەشدا هاتنە ناوەوەی ژنان بۆ كەرتی خوێندن و كارەوە، حەزكردنی ئەوانی بەهەبوونی ژمارەی منداڵی زۆر كەمتر كردووەتەوە، كە ئەنجامی ئاوا دۆخێك بۆ هەندێك وڵات بەتایبەت وڵاتانی پێشكەوتوو، پێویستێتی بە وەرگرتنی هێزی كاری كۆچبەرانە و لە غەیری ئەمەشدا بەزیادبوونی درێژی تەمەن و كەمبوونەوەی دانیشتوان، گرنتی ئاستی ژیانی باش بۆ خەڵك بەتایبەت خانەنشینان دژوار دەبێت. 

لێكۆڵینەوەكان لەبارەی زیاتربوونی زاوزێ كردن و گۆڕان لە پێكهاتەی تەمەنی هێزی كار بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم دۆخەشەدا هەر لە ئارادایە.

هەروەها بەپێی ئەم لێكۆڵینەوەیە زانكۆی واشنتۆن، لە ئێستادا وڵاتی یابان دووچاری كەمبوونەوەی ڕێژەی دانیشتوان بووتەوە، بەڵام بەپێی لێكۆڵینەوەكە هیشتا وڵاتانیی پێشكەوتووی ڕۆژئاوایی تا گەیشتن بەم قۆناغە مەودایەكی زۆریان بۆ گەیشتن بە ئاوا دۆخێك هەیە.

ئەگەر لەم نێوەندشدا چین بە نمونەی باڵا وەربگرین، زیادبوونی ڕێژەی دانیشتوان لەم وڵاتە لە ساڵانی 1950 تا 1970 لەهەر وڵاتێكی تر لە جیهاندا زیاتر بووەو لەم مەودای سالانەدا نزیكەی نیوملیارد كەس بە ژمارەی دانیشتوانی چین زیاد‌بوو و ئەمڕۆكەش ژمارەی دانیشتوانی بە 1.4 ملیارد گەیشتووە.

 لەگەڵ ئەوانەشدا، چین لە ڕیزی ئەو وڵاتانەیە كە ڕێژەی زاوزێی تیادا كەمە. لەساڵی 2017 زاوزێ كردن لە ئاستێكی مامناوەندی لەم وڵاتەدا بە 1.5منداڵ بۆ هەر خانمێك بوو و لەئێستاشدا حكومەتی چین سیاسەتی یەك "منداڵی هەبوو" بۆ هەر خێزانێك ڕێكخستووەو پەیڕەو دەكات.

لێكۆڵەران رایانگەیاندووە، وڵاتانی پێشكەوتوو بۆ پاراستنی ڕێژەی دانیشتوانی خۆیان لە ئاستی ئێستادا پێویستی بەڕێژەی زاوزێ 2.1ە، كە ئەویش بەم هۆیەوەیە، لە لایەك ئەكەری زیندوومانەوە و گەیشتنی منداڵان بە تەمەنی گەورەتر زۆرەو لەلایەكی ترەوە، رێژەی منداڵانی كوڕ بە كچ كەمێك زیاتر لەڕێژەی "یەك بە یەك"ەوەیە.

بەپێی توێژینەوەكە ئەم ڕێژەیە لە چیندا بەرزترە و هۆكاری ئەمەش هەلومەرجێكی سروشتی نییە، بەڵكوو هەلومەرج ڕەخساندنی ڕەگەزی كوڕ پێش لە لەدایكبوونە، كە هەندێك لە هاوسەران بە پەیڕەوكەری داب و نەریتی خێڵەكی، منداڵی كوڕ باشتر لە كچ دەزانن، وە لە ئەگەرێكیشدا غەیری ئەمە بوایا منداڵەكانیان لەبار دەبرد یان تا ئاستێكیش ئەوانیان دەكوشت. بەم پێیە رێژەی منداڵی كوڕ بەنسبەت بەكچ لە چیندا 117 بە 100 ە.
ه.م