رێككەوتنی عێراق‌و هەرێم لەبارەی نەوتی كەركوك نزیكە

عیراق

10/11/2018‌ 724 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمزی بەریتانی، رێككەوتنی هەردوو حكومەتی عێراق‌و هەرێمی كوردستان بۆ هەناردەكردنی نەوتی كەركوك لەرێگەی بەندەری جەیهان نزیكە.

هەر بەپێی رۆژنامەكە رێككەوتنەكەی هەولێرو بەغدا بەشێوەیەك دەبێت، كە نەوتی كەركوك لەرێگەی بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان هەناردەی بەندەری جەیهانی توركی دەكرێت‌و رەوانەی بازاڕەكانی جیهان دەكرێت‌و داهاتەكەشی بۆ حكومەتی عێراق دەبێت.

رۆژنامەكە باسی لەو گفتوگۆیانە كردووە، كە لەماوەی ساڵی رابردوو لەنێوان حكومەتی هەرێم ‌و عێراق هەبووە، لەبارەی هەناردەی نەوتی كەركوك كراوەو ئاشكراشیكردووە، ئێستا گەیشتوون بەرێكەوتنی سەرەتایی.

هەروەها رۆژنامەكە ئاشكراشیكردووە، كە سەرجەم ئامادەكارییەكان بۆ هەناردەی نەوتی كەركوك لەرێگەی بۆری نەوتی هەرێم كراوەو دەستپێكردنی پرۆسەكەش لەسەر رێككەوتنی كۆتایی هەولێرو بەغدا ماوە.

لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر هەناردەی نەوتی كەركوك لەرێگەی هەرێمی كوردستان راگیراوە، ئەوەش دوای ئەوەی سوپای عێراق هێرشی كردە سەر كێڵگە نەوتییەكانی شارەكەو كۆنتڕۆڵی كرد، كە پێشتر ئەو كێڵگانە بەدەست هەرێمی كوردستانەوە بوو.

هـ ـ ح