پەیوەندییەكانی عێراق ئێران لەبەرانبەر تاقیكردنەوەی بڕینی نەوت

sharpress.net

1003 جار خوێندراوه‌ته‌وه

10/11/2018‌

شارپرێس: حلمی رەسول رەزا
لە هەڵوێستێكی سیاسییدا  سەرۆك وەزیرانی عێراق عادل عەبدولمەهدی لە 26 تشرینی یەكەمی 2018دا، لە پاش چەند كاتژمێرێك لە سوێندخواردنەكەی رایگەیاند بەرژەوەندیەكانی عێراق لەپێشەوەی هەموو شتەكانەو سەربەخۆیی بڕیارەكانی دەپارێزێت، ئەمەش وەك ئاماژەیەك سەبارەت بە جێبەجێكردنی سزاكانی ئەمەریكا لەسەر ئێران.

بەڵام وەك پێدەچێ عێراق ناتوانێ دەستبەرداری هاوسێكەی بێت بەهۆی ئەو پەیوەندییەی لە نێوان هەردوولایاندا هەیە، لەبەر ئەوە عێراق داوای لە ویلایەتە یەكگرتوەكان كرد رێگەی پێبدرێت لە هێنانی كەرەسەتە پێویستییەكاندا لە گازو وزەو خواردن لەئێران. 

واشنتنیش لە 2ی تشرینی دووەمدا رازی بوو لەسەر ئەو داواكارییە، بە مەرجێ بە دۆلاری ئەمەریكییەوە مامەڵە نەكرێت، واش پێدەچێ لەو شتانەی رێپێدراون ناردنی نەوتی كێڵگەكانی كەركوك نەگرێتەوە.

لەو بارەوە وەزیری نەوت سامر غەزبان ئەوەی دوویاتكردەوە، عێراق چاو بە ناردنی نەوت بۆ ئێران دەخشێنێتەوە.

لە رووی پراكتیكیەوە، سەرچاوەكانی وەزارەتی نەوت لە 26ی تشرینی یەكەم دوویاتیانكردەوە عێراق ناردنە دەرەوەی نەوتی خاو لەكیلگەكانی كەركوكەوە بۆ ئێران رادەگرێت لە نیوەی دووەمی تشرینی دووەم، وەك پەیوەیست بونێك بەو سزاسانەی ئەمەریكا بەسەر ئێراندا سەپاندویەتی.

وتەبیژی وەزارەتی نەوت عاسم جیهاد لە لێدوانێكیدا وتی: "سەبارەت بە سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران زیانی بۆ سەر ئابوری عێراق كەمتر هەیە، ئەمەش لە پاش زیادبوونی رێژەی هەناردەی نەوتی خاو، كە لە تشرینی یەكەمی 2018 گەیشتە 3 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە لە رۆژیكدا لەبەندەرەكانی پارێزگای بەسرە و دەسكەوتەكەی 8 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە".

سەبارەت بە كاریگەری ئەو بڕینەی نەوتی كەركوك لەسەر ئابوری عێراق، جیهاد ئاماژەی بۆ ئەوە كرد " ئەو زیادبونە زۆرەی هەناردەی نەوت، كەمێكی بۆ ئێران هەناردە دەكرێت و نزیكەی 30 هەزار بەرمیلی رۆژانە بوە، بۆیە وەستاندنی ئەو رێژەیە كاریگەریەكی كەمی لەسەر داهاتی عێراق دەبێت.

ئەگەر "عاسم" قسە لە بواری نەوتەوە قسە دەكات، ئەوا شارەزای بواری نەوت لە وەزارەتی ناوبراو "حمزە جەواهری" لە لێدوانێكیدا رایگەیاند" لێكەوتە سیاسیەكانی پابەند نەبون بە سزاكان ئەوەیە، عێراق لە بواری وزەی كارەبادا پشت بە ئێران دەبەستێت، ئەگەر سزاكان جێبەجێ بكات 5 هەزار مێگاوات كارەبا لە دەست دەدات و ئەم رێژەیە لە وزە ناتوانرێ پڕ بكرێتەوە، ئەمەش كاریگەری لەسەر دۆخی جەماوەری و سیاسی و ئەمنی دروست دەكات و لە خۆپیشاندانەكانی بەسرەو ناوچەكانی تردا بە روونی دەركەوتن".

لەلایەكی ترەوە، جواهری وای دەبینێ" هەرچەندە ئەم كارە قورسە، بەڵام عێراق ناچارە پەیوەست بێت بە سزاكانەوە، چونكە تاكو ئێستاش لە ژێر بەندی حەوتدا دەرنەچوە، و ئەگەریش پەیوەست نەبێت كێشەیەكی گەورە دروست دەبێت، لە هەمان كاتدا دارایی عێراق دەستی بەسەردا دەگیرێت و ئەمەش دیسان كاریگەری دەبێت لەسەر پەیوەندی سیاسی هەردو وڵاتەكە".

"محمود هاشمی" ئەمینداری روانگەی نیشتمانی بۆ میدیا بڕوای وایە " هێزە هاوپەیمانەكانی ئێران و ئەوانەی شەڕی داعشیان دەكرد و پاڵپشتیان لەو وڵاتەوە بۆ دەهات، هەر شتێك زیان بە پەیوەندی لەگەل ئەو وڵاتە هاوسێیەیان بگەیەنێت، رەتی دەكەنەوە". بۆیە هاشمی پێی وایە " لێدوانی عێراق سەبارەت بە جێبەجێكردنی سزاكان و لەناویشیاندا بڕینی نەوت، تەنها لە روی میدیایەوەیەو بۆ هۆكاری سیاسی بەكاردەهێنرێت".

هاشمی پێشبینی دەكات " بڕینی پەیوەندی نەوت لەگەڵ ئیران و پەیوەست بوون بە بەندەكانی سزاكانەوە شكست دەهێنێت، ئەمەش بەهۆی بازرگانی نێوان هەردو ولاتەوە و تێپەڕاندنی 12 ملیار دۆلار، لە كاتێكدا عێراق دەناڵێنێت بە دەست وەستانی 15 هەزار كارگەی كارەوە، پاشەكشە لە كشتوكاڵكردن و كیشەی ئاوو كارەبا، بۆیە ناردن و هاوردەكردن لە سنوری عێرا- ئێران مەسەلەی ژیانە".

سەرەرای ئەو هۆكارانەی هاشمی باسی لێوە كرد، هەندێ لە شیكار كاران لە 27ی تشرینی یەكەمی 2018 ئاماژەیان بۆ ئەوە كرد، سنوری درێژی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات وا دەكات جێبەجێكردنی سزاكان شكت بهێنێت بە شێوەیەكی گشتی، ئەزمونیش لەو بارەیەوە سنوری نێوان ئوردن –عێراق بوو لە كاتی سەپاندنی سزای ئەمەریكا بەسەر رژێمی پێشوی عێراقدا لە نەوەدەكان، بەهۆی سنوری هاوبەش و پەیوەندی پتەوی نێوان ئوردن و عێراق وای كرد ئوردن پەیوەست نەبێت بە سزاكانی ئەمەریكاوە.

لە هەمان كاتدا بەرێوەبەری كۆمپانیای گازی عێراقی سەر بە وەزارەتی نەوت " علی عبد الكریم موسەوی" لە 28ی تشرینی یەكەمی 2018دا رایگەیاند" سزاكانی ئەمەریكا بە شێوەیەكی راستەوخۆ كاریگەری لەسەر عیراق دەبێت. شارەزایەكی ئابوریش سلام سمیسم دەڵێت " واشنتن و بەغدا هەست بە مەترسی بڕینی نەوتی عێراق دەكەن، ئەمەش وای كرد بە پێی رۆیتەرز لە رۆژی هەینی 2ی تشرینی دوەمی 2018 بیسترا كە عێراق بە شێوەیەكی كاتی ریگە پێدراوە گازی ئێرانی هاوردە بكات بە مەبەستی بەدەست هێنانی وزەی كارەبا، چونكە ئەمە پەیوەندی بە خەڵكەوە هەیەو ئەمەریكا نایەوێت حكومەت توشی ئەم كێشەیە ببێت".

سمیسم وای دەبینێت " ئەمەش ببێتە هۆی مانەوەی پەیوەندی سیاسی باشی نیوان عێراق و ئێران" و دوپاتی كردەوە " سیستەمی پێدانی نوێ لە عێراق لە 5ی تشرینی دووەمەوە دەست پێدەكات و هەڵس و كەوتی عێراق بە دۆلار لەگەڵ ئێران زۆر سەخت دەبێت، ئەمەش بەهۆی ئەو چاودێریە وردەی لەسەر بانكە عێراقیەكان هەیە و كاریگەریش دەبێت لەسەر دۆخی ئابوری و سەقامگیری لە عێراقدا، و واشنتن نەرمی دەنوێنێ لە هەڵس و كەوت كردن لەگەڵ بەغدا بۆ هێنانی شت و مەكی ئێرانی ئەمەش لەبەردۆخی عێراقە بە شێوەیەكی گشتی.

لەهەمان كاتدا میدیا عێراقیەكانی سەر بە ئێران باسی ئەوە دەكەن كە حكومەتی عێراق ئامادەیە لەگەل تاران بوەستێت لە كێشەكانی بۆ روبەرو بونەوەی سزاكانی ئەمەریكا و ئامادەیە هاوسێكەی لەو كێشانە رزگار بكات، دیارە ئەمەش بەهۆی ئەو پەیوەندیە پتەوەیە لە دوای ساڵی 2003ەوە دروست بوە، دیارە رون و ئاشكرایە كە مەلەفی پەیوەندی نەوتی لەگەڵ ئێران و سزاكانی سەری دەبنە دیارترین ئاڵینگارەكانی بەردەم حكومەتی عبد المهدی، ئەمەش وا دەكات بەغدا رۆڵێكی ناوەن بگێرێت لە نێوان واشنتن و تاران، یاخود ئەمەریكا بهێنێتە سەر ئەوەی لەو سزایانەی سەر ئێران بیبەخشێ.

سەرچاوە: پێگەی مۆنیتۆر






ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved