گۆڕان دەبێتە بەربەستی بەردەم تاڵەبانی-یەكە
پارتی‌و یەكێتی لەكاندیدكردنی نێچیرڤان بارزانی‌و قوباد تاڵەبانی بۆ سەرۆكایەتی حكومەت یەكلابوونەتەوە

کوردستان

11/11/2018‌ 8548 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی لەكاندیدكردنی نێچیرڤان بارزانی‌و قوباد تاڵەبانی بۆ سەرۆكایەتی حكومەت یەكلابوونەتەوە، بەڵام ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان بەشداری لەحكومەت بكات، كێشە بۆ ئەوەی دووەمیان دروست دەبێت.

فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكرات، كە حیزبەكەی براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە رایگەیاند، تاكە كاندیدی دیاری ئەوان بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی-یە.

هاوكات راهبەر سەید برایم، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی رایگەیاند، كە سەركردایەتی حیزبەكەی لەكاندیدكردنی قوباد تاڵەبانی بۆ جێگری سەرۆكی حكومەت یەكلابووەتەوە، كە ئەو پۆستە بەمافی خۆیان دەزانن لەكابینەی نوێ‌ وەریبگرن.

لەگەڵ یەكلابوونەوەی پارتی ‌و یەكێتی بۆ كاندیدكردنی نێچیرڤان بارزانی‌و قوباد تاڵەبانی بۆ وەرگرتنی سەرۆك‌و جێگری سەرۆكی حكومەت، بزووتنەوەی گۆڕان_یش وەك براوەی سێیەمی هەڵبژاردن بەنیازی بەشداریكردنە لەكابینەی داهاتووی حكومەت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگاداری گۆڕان-ەوە دراوە بەشارپرێس، لەئەگەری بەشداریكردنی گۆڕان لەكابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم، ئەو بزووتنەوەیە داوای پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت دەكات.

هەر بەپێی زانیارییەكان، گۆڕان ئامانجییەتی ئەزموونی بەشداریكردن لەكابینەی هەشت دووبارە ەكاتەوە، بەوەی جارێكی تر پۆستی باڵا لەپەرلەمان وەربگرێت، بەڵكو دەیەوێت ئەو پۆستە باڵایەی لەكابینەی نوێ‌ وەریدەگرێت لەسەرۆكایەتی حكومەت بێت.

گۆڕان لەكابینەی رابردوو 24 كورسی هەبوو، كە هێزی دووەم بوو، بەو 24 كورسییەش پۆستی سەرۆكی پەرلەمان‌و پێنج وەزارەتی لەكابینەكە وەرگرت، بەڵام دواتر بەهۆی كێشەكانی لەگەڵ پارتی لەكابینەكە كشایەوە، كە سەرچاوەی كێشەكانیشیان لەسەرۆكایەتی پەرلەمانەوە بوو.

لەئەگەری بەشداریكردنی گۆڕان لەحكومەتی نوێ‌، ئەوە كێشە بۆ كاندیدەكەی یەكێتی بۆ جێگری سەرۆكی حكومەت دروستدەبێت، كە قوباد تاڵەبانی-یە، چونكە هەردوو حیزب جەخت لەوەرگرتنی ئەو پۆستە دەكەنەوە.

سەرچاوەكە ئاشكراشیكرد، گۆڕان پێیباشە لەكابینەی داهاتوو یەكێتی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەك هێزی دووەم، كە خاوەنی 21 كورسی-یە وەربگرێت‌و دەستبەرداری پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت بێت، بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕی پۆستەكان لەنێوان حیزبەكان دروستبێت‌و كەسانی نوێ‌ پۆستەكان وەربگرن.

هـ ـ ح