عێراق‌و سعودییە لەسەر جێگیركردنی نرخی نەوت رێكدەكەون

عیراق

11/11/2018‌ 1456 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عاسم جیهاد رایگەیاندووە "عێراق و سعودیە ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی پێکەوە کاربکەن بۆ جێگیرکردنی بازاڕی نەوت".

ئەمڕۆ عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵى رۆیتەرز ڕایگەیاندوە "ئەو ڕێککەوتنە لە میانی کۆبوونەوەیەکی نێوان بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق و سعودیەدا بووە لە بەغدا".

ئەمەش لە کاتێکدایە دوای ئەوەى ئەمریکا سزاکانى بەسەر ئێراندا سەپاند داوای لە عێراق کرد لە ماوەى ٤٥ ڕۆژدا  مامەڵەکانی لە بواری وزەدا لەگەڵ ئێران ڕاگرێت و لە بەرامبەردا سعودییە ئامادەى خۆی نیشاندا  لە هەردوو کەرتی ووزە و کارەبا هاوکاری  عێراق بکات وەک  جێگرەوەیەک بۆ ئێران.

لە ئێستادا نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزینى بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە و لە ماوەى شەش مانگى ڕابردوو بەم ئاستەى ئێستا دانەبەزیوە و نرخی یەک بەرمیل گەیشتووەتە ٦٩ دۆلار.


هـ ـ ر