دووڕوویی ئەمریكا بەرانبەر كورد.. پاداشت لە بەرانبەر پێدانی زانیاری

کوردستان

12/11/2018‌ 4156 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: حلمی رەسول رەزا
"پەیوەندیمان لەگەڵ كوردەكان زۆر باشە و هەوڵدەدەین هاوكاری زۆریان بكەین، لەبیرت بیت ئەمە خاكی ئەوانە پێویستە هاوكارییان بكەین، من دەمەوێ هاوكارییان بكەم، ئەوان زۆر پاڵپشتییان كردین، لەگەڵمان جەنگین و زۆریان لێكوژرا لەگەڵ شەڕكەرەكانمان، پێكەوە بەسەر داعشدا سەركەوتین، ئەوان خەڵكی مەزنن، دڵنیابە ئێمە ئەوانەمان لە یاد ناچێت".

ئەمە قسەی سەرۆكی ئەمەریكایە لە وەڵامی پرسیارێكدا، كە رۆژنامەنووسێكی كورد لەنیویۆرك دەربارەی چارەنووسی پەیوەندیەكانی ئەمەریكاو كورد لە سوریا پاش سەركەوتن بەسەر داعشدا لێی كرد.

لەكاتێكدا واشنتن بەردەوامە لەپاڵپشتیكردنی بۆ هێزە كوردییەكان، لەهەمان كاتدا رایدەگەیەنێت پاداشت بەوانە دەدات، كە زانیاری پێدەدەن بۆ دەستگیركردنی سەركردەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە"، ئەو حیزبەی لە لیستی تیرۆردایە لەلای توركیاو ئەمەریكا، لەلایەكی تریشەوە بەرهەڵستكاری توركی "فەتح الله گویلەن" لەخۆی دەگرێت، كە توركیا داوای دەكاتەوە، بەوەی لەپشت هەوڵدانی كودەتا نەزۆكەكەی توركیاوە بووە.

پاداشت لە بەرانبەر پێدانی زانیاری
باڵوێزخانەی ئەمەریكا لەتوركیا رۆژی سێ شەممەی رابردوو لە  توێتەرەوە رایگەیاند، 12 ملیۆن دۆلار دەدات بەهەركەسێ بەرانبەر ئەو زانیاریانەی هاوكار دەبێت بۆ دەستگیركردنی 3 ئەندامی سەركردایەتی پارتی كرێكارانی كوردستان، ئەوانیش موراد قەرەیلان یەكێك لەدامەزرێنەرانی پارتەكەو سەركردەی گشتی هێزەكانی بەرگری میللی كوردستانی/ باڵی سەربازی پەكەكە، ناوبراو چەندین شەڕی دژی سوپای توركیا كردوەو رۆڵی گرنگی هەبووە لەمانەوەی پارتەكە و كادرانی ئەو حیزبە زۆرپەیوەستن پێوەی لەپاش دەستگیركردنی سەرۆكی حزبەكە "عبدالله ئۆجالان" لە ساڵی 1999، توركیا بەهەمان شێوە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركردوە لەگەل دوو هاورێیدا بە چەندین تۆمەت، گرنگترینیان "تیرۆر"ە.

دووەم كەس "جەمیل بایك"،ی ئەندامی لیژنەی جێبەجێكردنی حیزبەكەیە و یەكێكە لە دامەزرێنەران، هەروەها سەرۆكی هاوبەشی رێكخستنی كۆمەڵگەی كوردستانیە، كە ژمارەیەك حیزب لە خۆی دەگرێت لە هەریەك لە سوریاو عێراق و ئێران و توركیا، ئەمەو سەرەرای كەسایەتییەكی تر بەناوی "دوران كالكان"، یەكێك لەدامەزرێنەرانی پەكەكەیە، ئەم كەسایەتییە كاری سەربازی واز لێهێناوەو لێپرسراوی دارایی حیزبەكەیە و سەرپەرشتی ئیدارەی كۆمپانیاكانی سەر بەحیزبەكە دەكات لە سەرتاسەری جیهان و بەتایبەتی لە ئەوروپا.

لە ئێستادا قەرەیلان و بایك سەركردایەتی پەكەكە دەكەن لەپاش دەستگیركردنی سەرۆكەكەیان لە ساڵی 1999و سەپاندنی سزای تا هەتایەی بەسەردا سەپێنراوە لەدەرەوەی ئەستەنبوڵ، شیكاركاران بڕوایان وایە هەردوو ناوبراو لە چیاكانی قەندیلن لە باكوری عێراق و هەندێكیش بروایان وایە لە هەندێ بۆنەدا سەردانی ئێران دەكەن.

سەردانی كردنی لەناكاوی جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا "ماسیۆ بالمر" بۆ ئەنقەرە، گومانەكانی توركیاو ئەوانی تریشی زیاد كرد لەناوچەكەدا و میدیاكانی توركیا ویستیان خوێندنەوەی لێكەوتەكانی بكەن، بەڵام جەخت لەوە كرایەوە تاقیكردنەوەیەكی راستەقینەی واشنتۆنە و لەهەڵوێستەكانیدا دەردەكەوێت لە پاڵپشتیەكانی بۆ پارتی كرێكارانی كوردستان.

هەڵوێستە دوو فاقیەكانی ئەمەریكا بەرانبەر یەكینەكانی پاراستنی گەل لەسوریاو عێراق و توركیاو ئێران، وای كرد بە شێوەیەكی ئاشكرا وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا بڵێت بڕیارەكەی ئەمەریكا "فریومان نادات"، عیبرەتەكەش خۆی لەهەڵسوكەوتی ئەمەریكادا دەبینێتەوە لە یارمەتیەكانی بۆ پەكەكە، بەوەی ئەو چەكانەی بەدەست شەڕكەركانەوەیە لەواشنتۆنەوە پێیاندەگات بۆ رووبەرووبوونەوەی توركیا.

هەندێك گومانیان لە رەهەندەكانی ئەم هەنگاوە بۆ دروستبوو، ئەویش لە هەڵوێستی سەرۆكی حزبی جوڵانەوەی نەتەوەیی توركی "دەوڵەت باخچەلی" ەوە دەكەوت بەوەی ژمارەیەك قسەی لەتوێتەر كردو وتی "ئەمەریكا لە هەموو كەس باشتر دەزانێ ئەو سێ سەركردەیە لەكوێن، دەتوانێ دەستگیریان بكات ئەگەر بیەوێت"، لە قسەیەكی تردا وتویەتی "مەبەستی ئەمەریكاو سیناریۆكان جیاوازن، یارییەكی نوێ پەیدابووە، بەشێوەیەك بیریان كردووەتەوە یەكینەكانی پاراستنی گەل دەربخەن‌و پارتی كرێكارانی كوردستان بپارێزن".

هەڵسوكەوتكردن لەگەڵ حیزبەكان بەپێی ناوەكانیان
واشنتۆن چۆن دەتوانێت لەم بڕیارەیدا قەناعەت بە ئەنقەرە بكات، لە كاتێكدا لەگەڵ هاوپەیمانەكانی پەكەكە لەهێزەكانی سوریای دیموكراتی و یەكینەكانی پاراستنی گەل هەڵسوكەوت دەكات؟ یاخود ئەم بڕیارە مانای كۆتایی هاتنی رۆڵی پارتی كرێكارانی كوردستانە لە لای واشنتۆن؟ ئایە ئەم بڕیارە گۆرانكاریەكی جەوهەریە لەهەڵوێستی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە پاڵپشتی كردن بۆ دروستبوونی نیشتمانێك بۆ كورد لە باكوری سوریا؟ پەیوەندی ئەم بڕیارە بە هەڵوێستی واشتتنەوە چییە لە نزیك بونەوەی توركیا و روسیا و ئێران لە چارەسەركردنی كێشەی سوریا؟

شیكاركردنی وەڵامی ئەم پرسیارە لە باكگراوندی بریاری ئەمەریكیدا پێشبینی ناكرێت, لەگەل ئەوەی ئەمەریكا پارتی كرێكاران بە رێكخستنێكی تیرۆریستی دەزانێت، و توركیاش هەمان بۆچونی هەیەو پرۆسەی سەربازی لە دژیان ئەنجام دەدات، كەچی واشنتن تاكو ئێستاش بروای بەوە نیە پارتی كریكارانی كوردستان لە توركیا هەمان پارتی یەكێتی دیموكراتیە لە سوریا.

لەلایەكی ترەوە، ئەم هەنگاوە بە گۆرانكاریەكی جەوهەری ئەژمارناكرێت لە سیاسەتی واشنتن بەرانبەر پەكەكە ئەگەر بێت و گۆرانكاری نەكات لە پالپشتی كردن و ناردنی چەك چۆڵ بۆیان, پیدەچێ ئەم بەخشینی پاداشتە بۆ رازی كردنی ئەنقەرە بێت بەوەی هاوپەیمانێكی درێژخایەنی رۆژائاوایە. لەلایەكی ترەوە، شیكاركاران وای بۆ دەچن ئەم ریكارە بۆ ئەوەیە خۆی وا لای توركیا دەربخات كە هاوبەشێتی لە گەیشتن بەو سێ سەركردەیەی كۆتایی هاتنیان نزیك بۆتەوە.

لە بۆچونی نوسەری تورك " تەها ئوزهان" لە وتارێكیدا لە گۆڤاری " زی میدل ئیست ئای" ی بریتانیدا بلاوبۆتەوە، دەڵێت پەیوەندیەكانی ئەمەریكاو پەكەكە و جولانەوەی گولەن و ئەمەش زیانی گەورەی گەیاندوە بە پەیوەندییەكانی نێوان توركیاو ئەمەریكا لەسەردەمی سەرۆكی پیشوی ئەمەریكا باراك ئۆباما، هەروەها ئەمەریكا دەیەوێ پارێزگاری لەو پەیوەندیە نا لۆجیكیە بكات لەگەڵ پەكەكە؛ كە بەرپرسە لە كوژرانی هەزاران كەس لە هێرشە تیرۆریستیە تۆقێنەرەكانیدا. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەمەریكا هەڵس و كەوت لەگەل حزبدا دەكات بە پێی ناوەكانی، هەندێ حزب هەیە لە دەرەوەی توركیایەو بیری سەرۆكی پەكەكەیان هەیە كە ماوەی بیست ساڵە لە زینداندایە، هەندێكی تریان پاڵپشتی دەكرێن لە عێراق وەكو پارتی چارەسەر، لە ئێرانیش حزبی ژیان و ئازادی و لە سوریا حزبی یەكێتی دیموكراتی.

شەپۆلێكی هەڵگەراوە لە نێوان پاڵپشتیەكانی حیزب
ژمارەیەك دۆسیە هەیە كە بە روونی روئیای واشنتن و ئەنقەرە لە بارەیانەوە جیاوازە؛ یەكەمیان پالپشتی ئەمەریكایە بۆ جەنگاوەرانی كورد لە باكوری سوریا ، بە تایبەتی یەكینەكانی پاراستنی گەل كە هێزی بنچینەییە لە ناو هێزەكانی سوریای دیموكرات و هێزەكانی ئەمەریكا لە ژێر دەسەڵاتی ئەواندا بلاوەیان كردوە لە شارو گوندەكان، كەچی لەكاتی هێرشی توركیا بۆ شاری عەفرین ئەمەریكا دەستی وەرنەدایە ئەو پرۆسەیەوە.

هۆكاری ئەم پالپشتیەی ئەمەریكا بۆ جەنگاوەرانی كورد بەهۆی بەرگریانەوە بو لە بەرانبەر داعش لەلایەكە؛ لەلایەكی تریشەوە پێویستی بەوان هەیە بۆ رێگرتن لە هەژمونی روسیاو ئێران، كێشەكەش لەوەدایە توركیا یەكینەكانی پاراستنی گەلی كردۆتە لیستی تیرۆرەوە بەهۆی پەیوەندییان لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان. جێگەی باسە ئەم پالپشتیە بەردەوام جێگای رەخنەی سەرۆكی توركیا بوە لە زۆربەی لێدوانەكانیدا و بە تیرۆریست وەسفی كردون، لە كاتێكدا ئەمەریكا داوا لە سەركردەكانی ناوچەكە دەكات دژی تیرۆر بوەستنەوە.

كێشەیەكی تری هەلواسراو دەمێنێتەوە، ئەویش كێشەی جولانەوەی "گولەن"ە، كە توركیا تاوانباری دەكات لە تێوەگلانی لە هەوڵی كودەتا كردنە نەزۆكەكەی 15ی تەموزی 2016، و ئەنقەرە داوا لە واشنتن دەكات رادەستی بكاتەوە و ئەمەریكاش ئەم داواكاریە رەتدەكاتەوە، ئەردۆگان پێشنیاری كرد بە قەشە ئەمەریكیە بیگۆڕێتەوە، ئەمەش دیسان لەلایەن ئەمەریكاوە رەتكرایەوە.

بۆیە ئەنقەرە متمانەی بە واشنتن نیە كاتێ 3 سەركردەی پارتی كرێكاران دەكاتە لیستی داواكراوەكانەوەو لە لایەكی ترەوە چەندین بار چەك و چۆڵ دەنێرێت بۆ هێزەكانی سوریای دیموكرات و باشیش دەزانێ ئەم چەكانە دژی توركیا بە كاردەهێنرێت، پێدەچێ توركەكان هەنگاوی رونیان لە ئەمەریكا بوێت و گومانەكانیان بڕەوێنرێتەوە لە زۆرەی دۆسیەكان، لە پێشەوەیاندا كێشەی بەرهەلستكاری تورك " فتح الله گولەن" ؛ كە لەسەر خاكی ئەمەریكادا دەژی.