هادی عەلی: یەكگرتوو باجی هەڵوێستە سیاسییەكان دەدات

کوردستان

12/11/2018‌ 1290 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هادی عەلی سەرۆكی ئەنجوومەنی سیاسیی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، دەڵێت: لەهەردوو هەڵبژاردنی دوایی، هەڵەكانی یەكگرتوو دەنگەكانی كەمكردەوەو باجی هەڵوێستە سیاسییەكانیشیدا.

ئەو قسانەی هادی عەلی لەمیانی چاوپێكەوتنێكی بووە لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵ، كە حیزبەكە لەدوو هەڵبژاردنی رابردوو دەنگەكانی كەمیكردووە.

لەبەرانبەر كەمكردنەوەی دەنگەكانی، یەكگرتوو ئێستا بەنیازی كۆمەڵێك گۆڕانكارییەو لەو چوارچێوەیەش ئەمڕۆ دووشەممە، یەكگرتووی ئیسلامی كۆبوونەوەی سەركردایەتی دەبەستێت و پێشخستنی كۆنگرەش لە شەش مانگ تا ساڵێك تاوتوێدەكرێت، كە لەچاوپێكەوتنەكە هادی عەلی لەبارەی ئەو پرسەو چەند پرسێكی تریش قسەی كردووە.

جگە لەوەی بەگشتی باسكراوە، یەكگرتووی ئیسلامی بۆچی لەدوو ھەڵبژاردنی دوایی (پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی هەرێمی كوردستان) دەنگەكانی بۆ نزیك لە نیوە كەمی كرد؟
ھادی عەلی: دابەزینی دەنگەكانی یەكگرتوو كە پێموایە تەنھا یەكگرتوو نییە، بەڵكو لایەنەكانی دیكەش وەكو بزووتنەوەی گۆڕان و تەنانەت كۆمەڵی ئیسلامیش لە ژمارەی دەنگەكان كەمییان كردووە ئەگەرچی ئەممان كورسییەك زیادییانكردووە، ھۆكارەكانی كەمكردنی دەنگەكانی یەكگرتووی ئیسلامی دوو جۆرن، ھۆكارێكیان پەیوەندیی بە بارودۆخی سیاسیی ناو ھەرێمی كوردستان هەیە كە لایەنەكانی دەرەوەی دەسەڵات ژمارەیان زۆر بوون و لایەنی دیكە زیادبوون وەكو نەوەی نوێ و ھاوپەیمانیش، بەمشێوەیە دەنگە ناڕازییەكان جاران ئەگەر بەسەر سێ لایەن دابەش دەبوون، ئێستا دابەش دەبێت بەسەر چوار تا پێنج ھێزدا، واتە ئەو گۆڕەپانەی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن ركابەرایەتیان لەسەر دەكرد ژمارەیان زۆر بووە، بۆیە ژمارەی دەنگەكان كەم دەبێتەوە.

ھۆكارێكی دیكە ئەوەیە لە ھەڵبژاردنی ١٢ی ئایار بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تەزویرێكی ئەلیكترۆنیی زۆر خەیاڵی و چاوەڕواننەكراو كرا، ھەوڵی زۆریش درا بۆ ئەوەی سنووروێك بۆ ئەو تەزویرە دابنرێت یان چارەسەر بكرێت، بەڵام لە كۆتاییدا ئەوەبوو چارەسەرنەكرا و ئیدی نائومێدییەك رووی كردووەتە دەنگدەر كە بەشداریكردنی لە دەنگدان بەڕێژەیەكی زۆر كەمیكردەوە، ھەروەھا لە ھەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان لە ٣٠ی ئەیلوول رێژەیەكی كەمی خەڵك بەشدارییكرد و رێژەكە كەمتر بوو لەوەی كە راگەیەندرا، بەشی زۆری ئەوانەشی كە نەچوون بۆ دەنگدان ئەوانە بوون كە لە دەسەڵات ناڕازیین و ئەمەش لە زەرەری لایەنەكانی دەرەوەی دەسەڵات شكایەوە كە یەكگرتوو پشكی شێری بەركەوت ھەم لە تەزویری ئەلیكترۆنیی ١٢ی ئایار و ھەم لە نەچوون بۆ دەنگدان لە ٣٠ی ئەیلوول، بەو ھۆیەوە دەنگەكانی یەكگرتووی ئیسلامی كەمی كرد.

ھەروەھا ھەندێك ھۆكاری دیكەش ھەن كە پەیوەندییان بەخودی یەكگرتووی ئیسلامییەوە ھەیە، ھەندێك لە ھەڵوێستە سیاسییەكانی یەكگرتووی ئیسلامی لە تێڕوانینی جەماوەردا وێنای ئەوەی لێگیراوە كە نزیكییەكی لەگەڵ دەسەڵاتدا ھەبووە لە مەسەلەی ریفراندۆم و مەسەلەی دیكەش، ئەگەر چی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن و ئەوانی دیكەش درێغییان نەكردووە لە تۆمەتباركردن و رەخنەگرتن لە یەكگرتوو ئەمانەش ھۆكار بوون بۆ ھاتنەخوارەوەی دەنگەكانی یەكگرتوو.

دەوترێت پاڵپشتیی سەرسەختانەی یەكگرتووی ئیسلامی لە ریفراندۆم ھۆكارێكی ئەم دابەزینە بوو، بۆچوونتان لەمبارەیەوە؟
ھادی عەلی: ئەوە یەكێك بووە لە ھۆكارەكان و بەقەد خۆی و بەشی خۆی باجی ئەوەمان داوە، بەڵام ھۆكارێكی تر ئەوەیە لە مەسەلەی یەكلاییكردنەوەی كێشەی یاسای سەرۆكایەتی ھەرێم بەداخەوە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەماندا بوو بە دوو ھەڵوێستی دژ بەیەك، ئەمەش كاریگەری ھەبوو و ھەڵەی ستراتیجی بوو و كاریگەرییەكەی زۆر بەردەوام بوو و لایەنەكانی نەیاری یەكگرتووی ئیسلامی دژە پڕوپاگەندەیەكی زۆر خراپیان دژ بە یەكگرتوو كرد و ئەمەش ھۆكارێكی سەرەكی بوو بۆ كەمكردنەوەی دەنگەكانی یەكگرتوو.

یەكگرتووی ئیسلامی كەی كۆنگرەی خۆی دەبەستێت؟
ھادی عەلی: ئەمڕۆ دووشەممە، كۆبوونەوەیەكی سەركردایەتی یەكگرتوو سازدەدرێت بۆ تاوتوێكردنی راسپاردەكانی كۆنفڕانسەكان و تاوتوێكردنی چەند پرسێكی تایبەتی یەكگرتوو، مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٠ وادەی بەستنی كۆنگرەی یەكگرتووی ئیسلامییە، بەڵام كۆبوونەوەی سەركردایەتی تاوتوێی پێشخستنی دەكات كە دەكرێت لە شەش مانگ بۆ ساڵێك پێشبخرێت، ئەوە گفتوگۆكان و بڕیارەكانی سەركردایەتی دواتر یەكلایی دەكەنەوە.

ئێوە و نەوەی نوێ ھەر زوو ئۆپۆزسیۆنبوونی خۆتان بۆ چوار ساڵی ئایندە راگەیاندووە و ناچنە حكوومەتەوە، ھەوڵی فراوانكردنی ئەم بەرەیە دەدەن؟
ھادی عەلی: ئێمە لە ئەنجامی ئەو دوو ھەڵبژاردنەی دوایی كە دەنگەكانمان كەمیكرد ھۆكارێكی سەرەكی بوو لە سەركردایەتی یەكگرتوو و رێكخستنەكانیشدا ئامادەگی زیاتر دروست بێت بۆ ئەوەی بەشداری حكوومەت لەم خولە نەكەین و بەپێی راپرسییەكی ناوخۆیی كە لە سەروو حەفتا لەسەدی كادیرانی یەكگرتوو لەگەڵ ئەوەبوون لەم خولە ئۆپۆزسیۆن بوون تەبەنی بكەین.

گرتنەبەری ھەڵوێستی ئۆپۆزسیۆن بوون بۆ ئەوەیە كە یەكگرتوو كەمێك پێداچوونەوە بەخۆیدا بكات و خوێ نوێ بكاتەوە، ئۆپۆزسیۆن بوون گرنگیی خۆی ھەیە و لە ھەموو حاڵەتێكدا پڕۆسەی سیاسی لە ھەرێمی كوردستان پێویستی بە ئۆپۆزسیۆن ھەیە، ئێمە لە پەرلەماندا ھەوڵ دەدەین ئۆپۆزسیۆنێكی كارا بین و دیار نییە لایەنەكانی دیكە كێ دەبێتە ئۆپۆزسیۆن و بێگومان لەگەڵ لایەنەكانی دیكە ھەماھەنگی دەكەین بزانین چەندێك ئەوان ئامادەییان ھەیە.

ئێستا ئێوە ھیچ پەیوەندییەكتان لەگەڵ گۆڕان و كۆمەڵ ھەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەواندا ھاوشان لەگەڵ نەوەی نوێ بەرەی ئۆپۆزسیۆن فراوان بكەن؟
ھادی عەلی: برادەرانی كۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی گۆڕان تا ئێستا خۆیان یەكلایی نەكردووەتەوە كە دەبنە ئۆپۆزسیۆن یان بەشداریی حكوومەت دەكەن، بەڵام ئەوەی دەردەكەوێت پێیانەوە دیارە ئارەزوویان ھەیە بەشداریی لە حكوومەتدا بكەن، تا ئەوە دەرنەكەوێت ئیدی جارێك قسەیەكی جیددی نییە لەبارەیەوە لەگەڵیادا بكرێت.

چیتان لێوەدیارە لەبارەی شێوازی كابینەی داھاتووی حكوومەتی ھەرێم؟
ھادی عەلی: ئێمە ناچینە ئەو پرسەوە، پەیوەندیی بەو لایەنانەوە ھەیە كە ئامادەیی بەشداریكردنیان ھەیە لە حكوومەت، ئێمە بڕیارمان داوە بەشداریی ئەم كابینەیە ناكەین، بۆیە ھیچ پێشنیازێكیش بۆ كابینەكە ناكەین كە چۆن بێت، ئەو لایەنانەی ھەن رێكدەكەون چۆن بێت، ئیمە دوای ئەوە قسەمان لەسەر ئەوە دەبێت.

پێتان وایە بە پێنج كورسییەوە بتوانن كاری زۆر بكەن؟
ھادی عەلی: بێگومان پێنج كورسی ھەر ئەوەندەی خۆی پێدەكرێت، بەڵام ئەگەر كۆمەڵ و گۆڕان ببنە ئۆپۆزسیۆن، نەوەی نوێ-ش ھەیە ئەوا زیاتر لە ٣٠ كورسییمان دەبێت و جۆرێك لە ھەماھەنگی و كاری پێكەوەیی دروست بكرێت كە زۆر بە ئاسانی نابینم بەداخەوە ئەوا بێگومان ئەو ژمارە كورسییە دەتوانێت ئۆپۆزسیۆنێكی كارا و كاریگەر بێت.

پێتان وایە دۆخی ئێستای ھەرێمی كوردستان ئۆپۆزسیۆنێكی كارا و كاریگەر دەخوازێت؟
ھادی عەلی: خۆی ھەموو سیستەمێكی سیاسی پێویستی بە ئۆپۆزسیۆنێكی كارا و كاریگەر ھەیە، ھەرێمی كوردستانیش پێویستی پێیەتی و لە سیستەمی دیموكراتیدا ئۆپۆزسیۆن بەشێكی سەرەكیی سیستەمەكەیە و ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات پێكەوە سیستەمەكە تەواو دەكەن، ئەگەر ئۆپۆزسیۆن نەبێت ئەو سیستەمە پێی ناگوترێت دیموكراسی.

پێشتر یەكگرتووی ئیسلامی، بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆنی تۆكمەی باشتان ھەبوو، ئەم بەرەیە لەیەكترازا، ئەمە ھۆكارێكی نەرێنی نییە بۆ ئەوەی ھەرێمی كوردستان گەیشتووەتە ئەم قۆناغە؟
ھادی عەلی: بەڵێ بێگومان یەكێك لە ھۆكارەكان كە وەزعی ھەرێمی كوردستان گەیشتووەتە ئێرە ئەوەیە ئۆپۆزسیۆن نەیانتوانی ببنە خاوەن پڕۆژە یان ستراتیجییەتێكی ھاوبەش بتوانن تا سەر كاربكەن. لە مەسەلەی پۆستی سەرۆكایەتی ھەرێم سەرەتای درزتێكەوتنەكە بوو و تا پێش ئەوە ھەماھەنگییەكە لە ئاستی گونجاودا بوو، بەڵام بە بۆچوونی من لە خولی رابردوو كە سەردەمی زێڕین بوو بۆ ئۆپۆزسیۆن لە ھەرێمی كوردستان كە ئێستا سەردەمێكی لاواز و نەخوازراوە، لەو سەردەم زێڕینە ئۆپۆزسیۆن لە بەشی خۆیان سەركەوتوو نەبوون لەوەی پڕۆژەی چاكسازیی بە ئاراستەیەكی دروست بگەیەننە ئەنجام، بەتایبەت ھەرسێ لایەنەكە لە حكوومەت بەشداربوون و نزیكەی دە وەزارەت و زۆر پۆستی دیكەی حكوومییان لەبەردەست بوو، بەڵام شكستیان ھێنا لەوەی ئەو خولە بەڕێكی ببەنە سەر و ببێتە پێشەكییەك بۆ ئەوەی لەم خولە بەردەوام بوونایە، ئەگەرچی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن ئەو خەتایە دەخەنە ئەستۆی یەكێتی و پارتی بەتایبەت پارتی، راستە ئەوان بەشێك لە بەرپرسیارێتییە گەورەكەیان بەردەكەوێت، بەڵام پێم وایە ئۆپۆزسیۆنیش بەشێك لە بەرپرسیارێتییەكەیان بەردەكەوێت.

ئەگەر گۆڕان و كۆمەڵ نەچنە حكوومەتەوە، پێتان وایە ئۆپۆزسیۆن بگەڕێتەوە سەردەمی زێڕینی خۆی؟
ھادی عەلی: ھەق وایە ھەوڵی ئەوە بدرێت، بەرژەوەندیی پڕۆسەی سیاسیی ھەرێمی كوردستان بەتایبەت خستنەگەڕی چاكسازی و دروستكردنی فشار لەسەر لایەنی دەسەڵات دروست بكرێت بۆ ئەوەی چاكسازیی ئەنجام بدات ئەوە دەخوازێت ئەم لایەنانە ھەوڵ بدەن كە ھەماھەنگیی لەنێو خۆیاندا ئەنجام بدەن، بەڵام جارێ بۆ ئەمە زووە.

لە پەرتەوازەیی نێو ماڵی كورد و كێشەكانی ھەرێم و بەغدا و نزمی ئاستی خزمەتگوزارییەكان پێتان وایە كابینەی داھاتوو چی پێ دەكرێت؟
ھادی عەلی: ئێمە چاوەڕێی زۆر لەو كابینەیە ناكەین، چونكە ھەر یەكێتی و پارتی-ن، تەنانەت ھەمان ئەو بەرپرسە باڵایانەی كاروبارەكان دەگرنە بەر خەریكە بڵێی كاراكتەرە تەقلیدییەكانی خولەكانی رابردوون، بۆیە چاوەڕوانی زۆریان لێ ناكرێت.

دیدی یەكگرتووی ئیسلامی بۆ ئایندەی سیاسی ھەرێمی كوردستان چییە؟ چاوەڕوانی چی دەكەن؟
ھادی عەلی: پێویستە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لەنێوخۆیاندا رێكبكەون لەسەر تێڕوانینێكی ستراتیجییەتێكی ھاوبەش بۆ بەھێزكردنی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان و لەسەر بنەمایەكی پتەو مامەڵە لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی ھەرێمی و ئەوانی دیكەش بكرێت، ئەگەر بتواندرا ئەمە بكرابا بێگومان ھەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا دەیتوانی شتێك بكات، چونكە ئەوەی لە دەستووری عێراق بۆ ھەرێمی كوردستان ھەیە كەم نییە، ئەگەر خۆمان ستراتیجییەتێكی یەكگرتوومان ھەبایە وەكو لایەنەكانی ھەرێم، زۆرێك لە كێشەكانی دوای ریفراندۆمیش كە پەیوەندییەكانی ھەرێم و بەغدا و وڵاتانی ھەرێمی لاوازكرد و لەدەستدانی كەركووك و ناوچەكانی دیكەش دەتواندرێت زۆرێك لەو زەرەرانەی كراوە لە چەند ساڵی داھاتوو بە شێوەیەك لە شێوەكان چارەسەر بكرێت تاڕادەیەك، بەڵام كێشەی ھەرێمی كوردستان ئەوەیە ناتوانن بگەنە ستراتیجییەتێكی ناوخۆیی كە لەسەری رێكبكەون، ئەمەش بە پلەی یەكەم دەكەوێتە ئەستۆی یەكێتی و پارتی كە نایانەوێت تەنازول لە بەرژەوەندییە حزبی و كەسێتییەكانی خۆیان بكەن و لە زۆر وێستگەشدا بەرژەوەندییە باڵاكانی ھەرێمی كوردستان دەكەنە قوربانیی بەرژەوەندییە حزبییەكان.

ھەرێمی كوردستان دەتوانێت بگەڕێتەوە ساڵانی رابردووی كە قورسایی لەسەر ئاستی عێراق و ناوخۆ و ھەرێمیشدا زیاتر بوو؟
ھادی عەلی: ھۆكاری لاوازیی ھەرێم یەكێتی و پارتی-ین، نموونە لەسەر پۆستی سەركۆمار كە پشكی لایەنێكی دیاریكراو نییە لە ھەرێمی كوردستان بەڵكو پشكی كوردە لە چوارچێوەی ئەو تەوافوقەی ھەیە كە سەرۆكوەزیران پشكی شیعە و سەرۆكی پەرلەمان پشكی سوننە و سەركۆمار پشكی كوردە، دەبوو لایەنەكان رێكبكەون كەسێك نوێنەرایەتیی ھەرێمی كوردستان بكات لەسەر ئاستی لایەنە سیاسییەكان و لە بەغداش نوێنەرایەتی عێراق بكات، لەسەر ئاستی دەرەوەش نوێنەرایەتی عێراق بكات، ئەو ئاڵۆزییەی نێوان یەكێتی و پارتی ھەیە ئێستا بەشێكی زۆری بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە نەیانتوانی یەك پاڵێوراو پێشكەش بكەن، ئەمە خەتای ئەوانە نەك لایەنەكانی تر، ئەوان لەسەر پۆستێكی زۆر بچووكیش، كێشەیان نییە قەیرانێك رووبەڕووی ھەرێمی كوردستان بكەنەوە.

پێتان وانییە نەبوونی مەرجەعێكی سیاسیی كارا و كاریگەر وایكردووە لایەنە كوردستانییەكان پەرتەوازەبن؟
ھادی عەلی: نەبوونی چەتر و مەرجەعێك ھۆكارەكەی دوو لایەنە سەرەكییەكەیە كە نەیانتوانیوە رێكبكەون لەسەری، نەبوونی ئەو مەرجەعە ھۆكارێكە بۆ پەرتەوازەبوونی كورد.

بەرھەم ساڵح چۆن توانی رێككەوتنی ئەمریكا و ئێران لەسەری بەدەست بهێنێت كەچی یەكێتی و پارتی لەسەری ناكۆك بوون؟
ھادی عەلی: كەسایەتی بەرھەم ساڵح كە ساڵانێك سەرۆكوەزیران بووە لە ھەرێم و لە بەغدا جێگری سەرۆكوەزیران بووە لەسەر ئاستی ھەرێمی كوردستان و عێراقیش رۆڵی سەركردایەتی بینیوە، تاڕادەیەك كەوتووەتە بەرچاو لە رووی دیپلۆماسی و بە كەسێكی كارایان بینیوە، خیتاب و لێدوانەكانی جێی رەزامەندیی لایەنە دژ بەیەكەكان بووە و ئەوەش وایكردووە پشتگیریی بكەن، ئەوەشی رەچاو كرا لایەنە عێراقییەكان بە كورد و سوننە و شیعەش ژمارەی دەنگەكانی دەریخست لەسەری كۆك بوون.