مەلا بەختیار: بڕیارەكەی ئەمریكا لەدژی سەركردەكانی پەكەكە چاوەڕوانكراوبوو

کوردستان

12/11/2018‌ 4733 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەلا بەختیار كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی دەڵێت: دوای ساڵەها لە كێشەی بچوك‌و گەورەی نێوان ئەمریكاو توركیای ئەندامانی ناتۆ، سەرەنجام، سێ‌ سەركردەی پەكەكە (موراد قەرەیلان، جەمیل بایك‌و دوران كالكان) بە "تیرۆریست ناسران‌و ملیۆنەها دۆلاری مۆڵیش بۆ قەپڵاندنی سەریان، دیاریكرا".

مەلا بەختیار دەشڵێت: ئەم بڕیارە، لەم دۆخەدا، چاوەڕوانەكراو بوو، بەڵام ئەمەش ئەنجامی بەرژەوەندی زلهێزەكانە، سیاسەتی زلهێزەكان لەدوای سایكس پیكۆوە (1916) دەریدەخات، رەشەبای بەرژەوەندیان، كە هەڵیكرد، پرنسیپ، دۆستایەتی، فەلسەفە، ئازادی‌و مرۆڤایەتی دەكەنە پێخۆر".

قسەكانی ئەو كارگێڕەی مەكتەبی سیاسییەی یەكێتی لەمیانی وتارێك بووە، كە پرسیاری ئەوەش دەكات لەپڕ، بۆ چارەسەری قەیرانی نێوان توركیاو ئەمریكا، سێ‌ سەركردەی (پەكەكە) كرانە عەرەبوونی ئاشتبوونەوەی ئەمریكاو توركیا؟

هەروەها دەڵێت: ئەم بڕیارە، "دیارە پەلوپۆی نهێنی زۆرن، ئەوەی لای من لەهەموو بابەتێكی دیكە گرنگترە، ئەوەیە، ئایە ئەم بڕیارە، خزمەتی ستراتیژی دیموكراسی، ژیانی مەدەنی، ئازادی‌و مافی مرۆڤ دەكات، كە ئەمریكا ستراتیژەكەی لەجیهاندا، لەسەر بنەمای ئەو چەمكانە رۆناوە؟! ئەگەر بەڕاستی خزمەتی دەكات، كەواتا ئەمریكا، بڕیارێكی بەجێی داوە. ئەگەر نا، بێگومان بڕیارێكی هەڵەیە. لەمبارەوە، بۆئەوەی تەمومژ لەسەر گوتارەكەم لەلایەن توركیا، یان هەر ناوەندو لایەنێكی تر، بڕەوێنمەوە، بەپێویستی دەزانم رونیبكەمەوە كەوا".

مەلا بەختیار ئەوەش دەڵێت: هەرچی چۆنێ‌ك بەراوردی كێشەكانی توركیاو هەڵەكانی پەكەكە بكرێ‌، توركیا دەیان بەرامبەر لەدۆخی توركیاو لە پرۆسەی دیموكراسی‌و ئازادیە مەدەنیەكان بەرپرسیارترە. كەچی، ئەمریكا، كە لە چركەساتێكدا، سەدان ملیۆن وشە زانیاری دەگاتە پنتاگۆنەكەی‌و لە ئان‌و كاتیشدا وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی ئاگادار دەكرێتەوە لەو زانیاریانە، هەتا بەهەڵە نەچێ‌، بەبێ‌ ئەوەی گوێ بداتە سەرجەم كێشەو هاوكێشەكان، دوای رزگاركردنی قەشەكەیان، بڕیاری لەم چەشنە دەدات‌و توركیاش چەشە دەبێ‌، هەتا پێی لێهەڵبڕێ‌. دۆخەكەش وا بەردەوام بێ‌، دوور نیە لەرۆژئاوای كوردستانیش، ئەمریكا پاشەكشە بكات.

هەروەها جەختی لەوەش كردووەتەوە، بەدڵنیاییەوە، بە تیرۆریست زانینی سێ‌ سەركردەی پەكەكە، كە تەمەنی خۆیان لەسەر رێبازەكەیان داناوە، هەرگیز، نە خزمەتی ئامانجە ستراتیژیەكانی ئەمریكا لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەكات‌و نە توركیاش، لە قەیرانە هەمەچەشنەكانی رزگاردەكات.

هـ ـ ح