پێكهێنانی هێزی هاوبەش خەریكە دەبێتە خواستی پێكهاتەكانی كەركوك

عیراق

12/11/2018‌ 426 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە كاتێكدا كێشمەكێشی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر گەڕانەوەی پێشمەرگە و مانەوەی تەنهای هێزە عێراقیەكان لەناوچە كێشەلەسەرەكان بەردەوامە، كار بۆ پێكهێنانی هێزی هاوبەش لە پێكهاتە جیاوازەكانی ئەو ناوچانە دەكرێت.

ئیسماعیل حەدیدی، كەسایەتی دیاری عەرەبی لەكەركوك، بەدەنگی ئەمەریكای راگەیاند، "لە كۆنفرانسی عەشایەرەكانی كەركوكدا، كە كەسایەتیەكانی كورد و عەرەب و توركمان تێیدا بەشداربوون، داوای پێكهێنانی هێزی هاوبەش بۆ شارەكە كراوە".

داواكاری عەشایەرەكانی كەركوك بۆ پێكهێنانی هێزی هاوبەش، لەكاتێكدایە لە قەزای خورماتوی پارێزگای سەڵاحەدین ئامادەكاری بۆ دروستكردنی ئەو هێزە كراوە و ناوی 450 كەس رەوانەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق كراوە.

لەو 450 كەسەی بۆ پێكهێنانی هێزە هاوبەشەكە ناونوسركراون، 150 كەسیان كوردن و 300 كەسەكەی تریان لەنەتەوەی عەرەب و توركمانن.

عەلی حسێنی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی قەزای خورماتو، بەدەنگی ئەمەریكای راگەیاند، "چاوەروانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقین، تا دروستكردنی هێزە هاوبەشەكە بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە".

ئەنجومەنی سیاسی عەرەبی پێشوازی لە پێكهێنانی هێزی هاوبەش لە پێكهاتەكان دەكات بەمەرجی نەگەڕانەوەی هێزە كوردیەكان بۆ ئەو ناوچانە، كوردیش تائێستا پێداگیری لەسەر گەڕانەوەی پێشمەرگە و توركمانی شیعەش خاوەنی هێزی حەشدی شەعبی یە لەناوچەكەدا.
ه.م