واشنتۆن پۆست: ئیسرائیل هەوڵی رزگاركردنی بكوژانی خاشقچی دەدات

جیهان

12/11/2018‌ 656 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە نوسینێكدا رەخنە لە هەڵوێستی حكومەتی ئیسرائیل دەگرێت لە ئەمریكا لە دوای كوژرانی جەمال خاشقجی، سەبارەت بە پاراستنی پێگەی جێنشینی سعودیە، شازادە محەمەد بن سەلمان.

لە نوسینێكدا كە لە لایەن جاكسن دیێڵ، جێگری بەرپرسی لاپەڕەی بۆچوون لە رۆژنامەی واشنتۆن پۆست نوسراوە تێیدا هاتووە، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە پێناو بەردەوامییدان بە هاوپەیمانیی بەرژەوەندیی ناوچەیی نێوان ئەمەریكا و سعودیە، دەستی هاوكاریی بۆ بەرپرسیارانی تاوانی جەمال خاشقجی، درێژكردووە.

جاكسن دیێڵ لە وتارەكەیدا تیشكی خستووەتە سەر ئەوەی لە دوای ئاشكرابوونی تاوانەكە، كاربەدەستانی ئیسرائیل دەستیان بە چالاكییەكانیان كردووە لە ئەمریكا لە پێناو رژێمی سعودیەدا و لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی بنیامین نەتانیاهۆ لەگەڵ كۆشكی سپیدا.

 ناوبراو جەختی لەوەكردووەتەوە، پێویستە جێنشینی سعودیە كە سەبارەت بە رۆڵی لە تاوانەكەدا قسەدەكرێت لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.

ئاشكراشیكردووە، نەتانیاهۆ تەنها دوای ئەوەی كە ناوەڕۆكی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكە دزەیكردووەتە میدیاوە، سەركۆنەی تاوانەكەی كردووە و ناوبراو لە روونكردنەوەیەكدا بۆ رای گشتیی ئیسرائیل رایگەیاندووە، "پاراستنی سەقامگیریی سعوودیە، گرنگە بۆ پاراستنی سەقامگیریی جیهان".

جەمال خاشقچی، رۆژنامەنوسی سعودی 2 ی مانگی 10 لە ناو كۆنسۆڵخانەی عەرەبستانی سعودیە لە ئەستەنبوڵ كوژرا، ئەوەش دوای ئەوەی بەمەبەستی جێبەجێكردنی مامەڵەیەكی سەردانی ئەو كونسوڵخانەیەی كردبوو.

دوای كوشتنی خاشقچی شەوی 19-10-2018، حكومەتی سعودیە لە راگەیەندراوێكی فەرمیدا رایگەیاند، جەمال خاشقچی لە ئەنجامی دروستبوونی شەڕ و پشێوی لەناو كونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستەنبوڵ كوژراوە، بەڵام هیچ زانیاریەكیان لەبارەی بكوژانی خاشقچی و شوێنی تەرمەكەی ئاشكرانەكرد.

جێگری بەرپرسی لاپەڕەی بۆچوون لە رۆژنامەی واشنتۆن پۆست باسی لەوەشكردووە، باڵیۆزی ئیسرائیل لە واشنتۆن، رۆن دێرمەر بە وتنی ئەوەی كە، "پێویستە تەڕ و وشك بەیەكەوە نەسووتێن" داكۆكی لەوەكردووە كە دەبێت پارێزگاریی لە جێنشینی سعوودیە بكرێت.

دوای راگەیاندنی كوشتنی جەمال خاشقچی، راستەوخۆ پەنجەی تاوان بۆ محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودی درێژكراو تۆمەتباركرا بەوەی كە لە فەرمانی بە كارمەندانی كونسوڵخانەی وڵاتەكەی كردووە خاشقچی بكوژن.

جەمال خاشقچی یەكێك بووە لە رەخنەگرانی سیستەمی سیاسی عەرەبستانی سعودیە و هاوكات وتارنوس بووە لە رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمەریكی.
ه.م