توركیا بڕیارەكەی ئەمریكا دژی سەركردەكانی پەكەكە بە"گاڵتەكردن" بەئەنقەرە دەزانێت

کوردستان

13/11/2018‌ 4730 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سلێمان سویلۆی وەزیری ناوخۆی توركیا، قسەی لەسەر ئەو بڕیارەی ئەمریكا كرد، كە دژی سێ‌ سەركردەی پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە دەریكردووە.

سلێمان سویلۆ لەمیانی لێدوانێكی رایگەیاند، كە ئەمریكا "گاڵتە" بەتوركیا دەكات، كاتێك بڕیار لەدژی سێ‌ سەركردەی پەكەكە دەردەكات‌و سزای دوو وەزیری توركی هەڵدەگرێت.

وەزیری ناوخۆی توركیا راشیگەیاند، ئەمریكا وا هەڵسوكەوتی كردووە، كە جیاوازی نییە لەنێوان ئەو وەزیرانەی توركیاو سەركردەكانی پەكەكە.

ئەمە لەكاتێكدایە، رۆژی سێ‌ شەممەی رابردوو ئەمریكا بڕی 12 میلۆن دۆلاری وەك خەڵات دیاریكرد ، كە زانیاری لەبارەی سێ‌ سەركردەی پەكەكە دەداتە واشنتۆن، بۆ ئەوەی بەئامانجیان بگرێت.

لەماوەی رابردووش لەكاتی گرژییەكانی ئەمریكاو توركیا، واشنتۆن سزای دوو وەزیری توركی دا، ئەوەش بەهۆی دۆسییەی دەستگیركردنی قەشەیەكی ئەمریكی.

هـ ـ ح