چەند پلانێك بۆ بڵاوكردنەوەی دراوی ساختە لەهەولێر پوچەڵدەكرێنەوە

کوردستان

13/11/2018‌ 590 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پۆلیس دووكەسی "ساختەكاری دراویان" دەستگیركردووە، كە بەنیازبوون دراوی ساختە بۆ هەولێر بێنن، هەروەها دواتریش باندێكی "گەورەی ساختەكاری دراو" دەستگیكراون.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بەرێوەبەری پۆلیسی هەولێر بۆ ژمارەی ئەمڕۆ سێ‌ شەمەی هەفتەنامەی باس رایگەیاندووە، لەوڵاتانی دراوسێ و شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دروای ساختە دەهێنرێت بۆ هەرێمی كوردستان.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت راشیگەیاند، لەماوەی 6 بۆ 8 مانگی رابردوودا لە سنوری هەولێر 100 كەسی ساختەكاری دراو دەستگیركراون، لە نێو ئەوانەدا هەیانە باند بووە، هەیە تاكەكەسی بووە.

ئاماژەی بەوەدا لە نێو ئەو باندانە خەڵكی عەرەب و ئێرانی  و كورد هەیەو ئەوەشی راگەیاند، كە  هەندێك لەو كەسانە دوای دەستگیركردنیان بڕیاری دادگایان بۆ دەرچووە، هەیە 10 ساڵ حوكمدراوە.

ئەو جەختیكردەوە ئەو دراوانەی ئەو كەسانە ساختەییان كردووە زۆر بەئەستەم هەستی پێدەكرێت، كە ساختەیەو رایگەیاند "ساختەكردنی دراو تاوانێكی نێودەوڵەتییە، وڵاتی دراوسێ هەیە دەستی تێدایەو  بەو مەبەستە ئەو كارە دەكات تاوەكو بازاڕ تێكبدات، بەڵام چونكە بەردەوام ئەو كەسانەمان دەستگیكردووە كاریگەری لەبازاڕ نەكردووە.

لیواعەبدولخالق تەڵعەت "پیلانێكی  گەورەی" هێنانی  دراوی ساختەی ئاشكراكردووەو رایگەیاندووە "لەو ماوەیەدا دوو كەسمان لەهەولێر دەستگیركرد، بەرنامەیان دانابوون پارەیەكی زۆری ساختە لە تەڕابلوس لەلیبیاوە بۆ هەلێر َبێنن، ئەویش لەرێگەی كەشتی بۆ بەسڕەی بهێنن پاشان بیگوانەوە بۆ هەولێر، ئەو كەسانە دەستگیر كران و پلانەكەشیان پوچەڵكرایەوە.

عەبدولخاڵق تەڵعەت  نایشارێتەوە، زۆر جار وڵاتی دروسێ هەبووە راستەوخۆ نەیتوانیووە ئەو پارەساخانە بۆ كوردستان بنێرێت لە رێگەی شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق ناردوویەتی، چەندین جار درای ساختە لە لای گەشتیارانی عەرەب گیراوە.

لە سەرەتای ئەو مانگەدا لە هەولێر باندێكی ساختەكاری دراو كە ، ٤ ملیۆن دۆلاری ئەمریكی و نزیكەی ١ ملیۆن یۆرۆ و 100 ملیۆن دینار عێراقی ساختەیان پێبوو  دەستگیركران.

بەرێوەبەری پۆلیسی هەولێر لەمباریەوە زانیاری دەدات‌و رایگەیاند "لەو ماوەیەدا ئەو باندە ساختەكارەی دراو دەستگیركراون،ئەو كەسانە یەكەمینجارە بەم هەموو پارە ساختەیە دەستگیر بكرێن، ئەو كەسانە دراونەتە دادگا و چاوەڕوانی بڕیاری دادگاین".

عەبدولخاڵق روونیكردەوە، بەپێی یاسای سزادانی عێراقی، سزای ساختەكردنی دراو بریتییە لە بەندكردن بۆ ماوەیەك، كە لە 10 ساڵ كەمتر نەبێت ‌و لە 15 ساڵ زیاتر نەبێت.

هـ ـ خ