شارپرێس:
بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دەستگیركردنی ئەو دوو تۆمەتبارەی راگەیاند، كە رۆژی دووشەممە، هێرشیانكردە سەر كەسێكو لەتۆرە كۆمەڵایەتییەكاندا گرتەی ڤیدیۆیی هێرشەكە بڵاوكرایەوە.
رۆژی دوو كەسی مەدەنی، كە فەرمانی كۆپی كراوی پۆلیسی كەركوكیان پێبووە، لەشاری كەركوكەوە بەڕێكەوتون بۆ سلێمانی تا كەسێك دەستگیربكەن بەهاوكاری هێزەكانی پۆلیسو ئاسایش، ئەو كەسەی فەرمانی دەستگیركردنی هەبووە پێشتر بەهاوكاری چەند كەسێك كەسێكی نزیكی ئەو دوو كەسەی كوشتووە، جگە لەوەش لەپۆلیسی كەركوك فەرمانی دەستگیركردنی هەبووە بەمادەی ۱٤ موخەدەراتو ٤۰٦ لەیاسای سزادانی عێراقی.
ئەو دوو كەسە پێشتر ئاسایشیان ئاگاداركردووەتەوە لەكاتی بینینی ئەو تۆمەتبارەدا دەستبەجێ مەفرەزەكان ئاگاداربكەنەوە، بەڵام كاتێك چوونەتە پێشانگای فرۆشتنی ئوتومبیل (ناسراو بەمەعرەزی علوجەكان) لەسلێمانی كەسەكەیان بینیووەو بووە بەشەڕیانو فریانەكەوتوون بەئاسایش بڵێن، لەئەنجامدا فیشەكێكیان ناوە بەقاچی كەسەكەوە.
بریندارەكە دوو فەرمانی دەستگیركردنی هەبووە لەلایەن پۆلیسی كەركوكەوە، ئەو دوو كەسەی تەقەیان كردووە مامو برازانو یەكێكیان ناوی (ج. س. ت)ەو تەمەنی ٤۱ ساڵەو ئەوی تریان ناوی (ه. ج. س) تەمەنی ۲۳ ساڵە، بریندارەكەش ناوی (و. ج. ع) تەمەنی ۳۰ ساڵەو هەرسێكیان خەڵكی كەركوكن، لەئێستادا سەرجەمیان لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە دەستگیركراونو بەبڕیاری دادوەر بەندنو لێكۆڵینەوەكان لەگەڵیاندا بەردەوامە.
هـ ـ ح