شارپرێس:
ڕۆژنامه‌یه‌كی سعودیی ئاشكرایكرد، ژماره‌یه‌ك له‌به‌رپرسانی عێراق داوایان له‌سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كردووه سه‌ردانی ئه‌مریكا بكات، له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته سزاكانی سه‌ر ئێران تاوتوێبكات.
ڕۆژنامه‌ی عوكاز-ی سعودیی له‌ژماره‌ی ئه‌مڕۆیدا بڵاویكرده‌وه، چه‌ند به‌رپرسێكی عێراقیی به عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقیان ڕاگه‌یاندووه، سه‌ردانی ئه‌مریكا بكات‌و له‌گه‌ڵ دۆناڵد تره‌مپ-ی سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته كۆبێته‌وه، به‌رله‌وه‌ی واده 45 ڕۆژییه‌كه‌ی واشنتۆن كۆتایی پێبێت كه بۆ عێراقی د‌یاریكردبوو، تا له پاش ئه‌و ماوه‌یه مامه‌ڵه‌ی كڕینی غاز له‌ئێران بۆ دابینكردنی كاره‌با بۆ عێراق ڕابگرێت.
ڕۆژنامه‌كه كۆتایهاتنی ئه‌و واده‌یه‌و نه‌دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێك بۆ دابینكردنی كاره‌با بۆ عێراق كه ئێستا به‌شێكی له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه به عێراق ده‌فرۆشرێت، به كاره‌ساتی گه‌وره بۆ عێراق ناوبردووه.
هه‌ر په‌یوه‌ست به‌و بابه‌ته رۆژنامه‌كه ئه‌وه‌ی ئاشكراكردوه، عه‌بدولمه‌هدی به باڵیۆزی ئه‌مریكا له عێراقی ڕاگه‌یاندووه، وڵاته‌كه‌ی ناتوانێت له‌ماوه‌ی 45 ڕۆژدا به‌دیلی ئێران بۆ كڕینی غاز بۆ عێراق بدۆزێته‌وه.
هه‌فته‌ی ڕابردوو ئه‌مریكا له‌به‌شێك له سزاكانی ئێران كه كاریگه‌رییان بۆسه‌ر عێراق هه‌یه خۆش‌بوو، به‌تایبه‌ت كڕینی غاز بۆ وێستگه‌كانی دابینكردنی كاره‌با، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی له‌ماوه‌ی 45 ڕۆژدا عێراق به‌دیلی ئێران بدۆزێته‌وه بۆ ئه‌و بابه‌ته.
ڕ . ج