ئەردۆغان: دانانی خەڵات بۆ دەستگیركردنی سێ سەركردەی پەكەكە بە گەمە دەزانین

جیهان

13/11/2018‌ 497 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، دانانی خەڵاتی پارە لەسەر سێ سەركردەی پەكەكە لە لایەن ئەمریكاوە، "هەنگاوێكی دواكەوتووە"، دەشڵێت، "ئێمە ئەمە بە گەمەیەك دەزانین بۆ شەرعیەتدان بەوەی گوایە پەكەكە و پەیەدە دوو پێكهاتەی جیاوازن".

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا لە میانی گەڕانەوەیدا لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا رایگەیاند، "تەنها قەندیل نییە و بابەتی مەخمووریش لە ئارادایە. مەخموور هێلانەی پەكەكەیە. ئێستا 12 بۆ 13 هەزار كەسی تیادایە، نەتەوە یەكگرتووەكانیش ئیدی لەم كارە بێزار بووە. دەیەوێت ئەوێ تێكبدات. دوای تێكدانی چی دەبێت؟ پێویست دەبێت لەگەڵ حكوومەتی عێراق، ئەمریكا و حكوومەتی هەرێمی باكووری عێراق كارێك لەبارەی بوونی پەكەكەوە بكەین لە عێراق".

ئەردۆغان لەبارەی دانانی خەڵات لەسەر سەرانی رێكخراوی تیرۆریستی پەكەكە لە لایەن ئەمریكاوە هەڵسەنگاندنی كرد و وتی، "دانانی خەڵاتی پارە لەسەر سێ سەركردەی پەكەكە لە لایەن ئەمریكاوە، هەنگاوێكی دواكەوتووە. ناكرێت لێی دڵنیابین. ئێمە ئەمە بە گەمەیەك دەزانین بۆ شەرعیەتدان بەوەی گوایە پەكەكە و پەیەدە دوو پێكهاتەی جیاوازن".

دەشڵێت، "بێگومان بەم گەمەیە هەڵناخەڵەتێین. بێگومان روونكردنەوەكانی یەپەگەش ئەمریكا بەدرۆدەخاتەوە. لە راستیدا روونكردنەوەكەی یەپەگە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە لە پەكەكە جیا نین".
ه.م

بەپەلە