دوای 17 ساڵی لە شەڕ
ئەفغانییەكان ئەمەریكا بە درێژەدان بە شەڕ تۆمەتبار دەكەن

جیهان

13/11/2018‌ 597 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كاتێك هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانە ئەفغانییەكانیان لە مانگی 11 ی ساڵی 2001 بەرەو كابوڵ ڕۆشتن ئەوان وەكو هێزێكی ڕزگاركەر بوون. بەڵام پاش 17 ساڵی شەڕ، تالیبان نیوەی وڵاتەكەی كۆنترۆڵ كردووەتەوە باری ئاسایش لە هەمو كات خراپترە و زۆربەی ئەفغانییەكانیش ڕاستەوخۆ ئەمەریكاییەكان تاوانبار دەكەن.

بەپێی دەنگی ئەمەریكا، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا زیاتر دوو هەزار و 400 سەربازی لە درێژدەمترین شەڕیدا لە دەستداوە، و زیاتر لە 900 ملیار دۆلاریشی خەرج كردووە بۆ ئەو شەڕە.

 هەر لە ئۆپەراسیۆنی لەشكرییەوە بگرە هەتا دەگاتە بونیادنانەوەی ڕێگاكان و دروست كردنی پردی و وێستگەی كارەبا. سێ سەرۆكی ئەمەریكا پەیمانی هێنانی ئاشتیان بۆ ئەفغانستان داوە جا بە كشانەوەی هێز بێت یان بە زیاد كردنی هێز، بە هەوڵی وتووێژكردن لەگەڵ تالیبان یان بە هێرشكردنە سەریان. 

ساڵی ڕابوردوو ئەمەریكا بۆمبێكی گرتە بەنكەكانیانەوە كە بە دایكی هەمو بۆمبان دەناسرا، هیچ لەمانە كاریگەرییەكی ئەوتۆی نەبووە، پاش چەندین ساڵی بێهیوابوون ئەفغانیەكان چەندین بۆ چوونی جیاجیایان لەسەر ئەم شەڕە هەیە، لە ناویاندا ئەو بۆچوونەش كە ئەمەریكاییەكان تاوانبار دەكرێن.

محەمەد ئیسماعیل قاسمیار، ئەندامێكی ئەنجومەنی باڵای ئاشتی ئەفغانی دەڵێت تێناگات چۆن هێزەكانی ئەمەریكا و ناتۆ كە ژمارەیان نزیكەی 150 هەزار بوو لەگەڵ سەدان هەزار هێزی ئەفغانی تردا كاریان دەكرد و نەیان توانیوە دەیان هەزار تالیبان ببەزێنن.

دەشڵێت، لە ئێستادا ئەو گومانی ئەوەش دەكات كە ئەمەریكا و پاكستانی هاوپەیمانی دەیانەوێت نائارامی لە ناو ئەفغانستاندا بەردەوام بێت تا ڕەوایەتی بدەن بە هێزەی بیانی لە ئەفغانستان بمێننەوە بۆ ئەوەی لەوێوە چاودێری ئێران، ڕوسیا و چین بكەن. لە ئێستادا نزیكەی 15 هەزار هێزی بیانی لە ئەفغانستاندا هەیە.

ئەو بۆچوونە گوماناویانە لە پاش كوشتنی ژەنەڕاڵ عەبول ڕەزاق بەرپرسی پۆلیسی قەندەهار لە مانگی ڕابوردوو لە نێو ئەفغانییەكاندا بڵاو بوونەوە. كاتێك لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی وێنەكانی بڵاو كرایەوەو دەنوسرا بوو بە قوربانی پیلانگێڕی ئەمەریكا. و هەروەها هێرشەكەی ئەم دواییانەش بۆ سەر هێزەكانی ئەفغانی.

حامید كارزایی، سەرۆكی پێشوی ئەفغانستان كە دوو جار خولی سەرۆكایەتی بردەوە لە وتووێژێكی ئەم دواییانەیدا رایگەیاندووە،  "لە ساڵی 2001 خەڵكی ئەفغانستان بە خۆشحاڵییەوە پێشوازیان لە گەیشتنی ئەمەریكا و هێزەكانی نێونەتەوەیی كرد بۆ ئەفغانستان. بۆ چەندین ساڵ شتەكان بە باشی ڕۆشتن، بەڵام پاشان بینیمان وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا یان مەبەستی گۆڕی یان دیدوبۆچوونی خەڵكی ئەفگانی پشتگوێ خست."

جۆن سۆپكۆ پشكێنەری گشتی ئەمەریكا بۆ هەوڵەكانی بونیاتنانەوەی ئەفغانستان لە سەرەتای ئەم مانگە لە وتارێكی ڕەخنەئامێزدا لە ئۆهایۆ ڕایگەیاند، ئەمەریكا 132 ملیار دۆلاری لە بونیاتنانەوەی ئەفغانستان خەرج كردووە ئەمەش زۆر زیاترە لەو بڕەپارەیەی پاش جەنگی جیهانی دووهەم لە ڕۆژئاوای ئەورپا خەرج كرا. 750 ملیار دۆلاری تریش خەرجیەكانی لەشكری ئەمەریكا بووە و واشنتۆن ساڵانە پەیمانی 4 ملیار دۆلاری داوە بە هێزی ئاسایشی ئەفغانی. ئەنجامەكەش ئەوەیە پاش 17 ساڵیش ئاشتی نەهاتۆتە ئەو وڵاتە.
ه.م