گۆڕان: ئەگەر بەشداریی حكومەت بكەین جێگری سەرۆكی حكومەت ئیستیحقاقی ئێمەیە

کوردستان

13/11/2018‌ 2126 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هێمن شێخانی،  ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان رایگەیاند، پۆستی جێگری سەرۆكی حكوومەت مافی گۆڕان دەبێت ئەگەر بڕیاری بەشداریكردن بدەن.

هێمن شێخانی،  ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بە ئاژانسی ئەنادۆڵی رایگەیاند، "ئەگەر جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاری بەشداریكردن لە حكومەت بدات ئەوا ئەو كات سێ پۆستی سەرەكی ھەیە كە سەرۆكی حكوومەت و سەرۆكی پەرلەمان، لەگەڵ پۆستی سێیەم كە جێگری سەرۆكی حكوومەتە ئەوا مافی بزووتنەوەی گۆڕان دەبێت".

دەشڵێت، "ئێمە ھێشتا بڕیاری ئەوەمان نەداوە دەچینە حكوومەتەوە یان نا، ئەگەر ئیستیحقاقی خۆمان وەرنەگرین نە دەبینە دیلی دەستی كەس و نە بەشداریی حكوومەت دەكەین".

روونیشیكردەوە، "تا ئێستا گۆڕان خۆی یەكلایی نەكردووەتەوە بەشداریی كابینەی نۆیەم دەكات یان نا، ئەم بڕیارە چارەنووسسازە جڤاتی نیشتمانی دەیدات، جڤاتیش ھێشتا كۆبوونەوەی نەكردووە لەسەر ئەم پرسە، بەڵام راپرسییەكی گەورەمان لە ھەموو شار و شارۆچكەكانی ھەرێمی كوردستان بەدەستەوەیە كە دەبێتە بەشێك لە بڕیاری گۆڕان و بڕیاری جڤاتی نیشتمانی و ئەو كات ھەردووكی پێكەوە دەبنە بڕیاری گۆڕان و یەكلایی دەكەینەوە".

راشیگەیاند، "بەشێك لەگەڵ ئەوەن كە گۆڕان بەشداریی لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێم بكات، بەشێكی دیكەش لەگەڵ ئەمەدا نیین و پێیان باشە گۆڕان ببێتە ئۆپۆزسیۆن، ئەوانەی پێیان باش نییە بەشداریی بكەین ھەڵوێستەكانی پێشووی یەكێتی و پارتی بە نموونە دەھێننەوە كە بەلای ئەوانەوە جێی متمانەی گۆڕان و قاعیدەكەی نیین، ئەوانەشی پێیان باشە بچینە حكوومەتەوە دەڵێن لەوێ پڕۆژەكانی گۆڕان جێبەجێ بكەن".

سەبارەت بە مەرجەكانی گۆڕانیش بۆ بەشداریكردن لە حكوومەت ھێمن شێخانی وتی، "گۆڕان خاوەنی پڕۆژەیەكی بەھێزە و ئەمجارە جیاواز لە نۆ ساڵی رابردوو شتێكمان بەدەستەوەیە و لە حكوومەت بین یان لە شەقام دەگەینە ئامانج".
ه.م