پێنج برا پلانی دامەزراندنی یەكەم كۆمپانیای دروستكردنی ئۆتۆمبێل لە هەرێم دادەنێن

کوردستان

13/11/2018‌ 9877 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پێنج برای بەهرەمەندلە رانیە شوێنكارێكی تایبەت بە ئۆتۆمبێلیان هەیە و تا ئێستا حەوت ئۆتۆمبێلی پێشكەوتوویان دروستكردووە، ئەوان پلانیان هەیە ئەگەر حكومەت هاوكارییان بكات شوێنكارەكەیان بكەنە كۆمپانیایەكی دروستكردنی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی كوردستان.

لە ناوچەی پیشەسازی چوارقوڕنە لە نزیك شاری رانیە بە دووری 134 كلم باكووری رۆژئاوای سلێمانی، كەمال سەلیم عەلی و چوار برای دیكەی كە تەمەنیان لە نێوان 25 تا 40 ساڵان دەبێت شوێنكارێكی تایبەت بە خۆیان بەناوی شوێنكاری برایان هەیە، ئەوان لە بواری كاركردن لە ئۆتۆمبێل و چاككردنەوەیدا شارەزا و بەهرەمەندن حەز و خولیایەكی زۆریان بۆ پیشەكەیان هەیە.

كەمال و براكانی لە حەز و خولیای خۆیان بۆ پیشەكەیان، تەنها بە چاككردنەوەی ئۆتۆمبێلەوە نەوەستاون، بەڵكو دەستیان داوەتە دروستكردنی ئۆتۆمبێل بۆ خۆیان و تا ئێستا چەند ئۆتۆمبێلێكی پێشكەوتویان دروستكردووە كە وەك خۆیان دەڵێن جگە لە بزوێنەر و گێڕ و تایەكان هەموو پارچەكانی تری ئەو ئۆتۆمبێلانە بۆ خۆیان دروستیانكردووە.

كەمال لە بارەی كارەكەیانەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ وتی، "ئێمە پێنج براین و لەم شوێنەدا كار دەكەین و شاگردیشمان هەیە كە هاوكاریمان دەكەن و لە ساڵی 2010 ەوە دەستمان بەم كارە كردووە و تەنها حەز و خولیایەكی خۆمانە كە بۆمان ماوەتەوە و بەردەوامین لەسەری".

ئاماژەی بەوەشكرد، "تا ئێستا حەوت ئۆتۆمبێلمان دروستكردووە، دروستكردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەش تەنها بۆ حەز و خولیای خۆمان بووە نەوەك بۆ سوود و قازانجی ماددی، زۆرجاریش ئۆتۆمبێلەكان لە پێشبڕكێ‌ و نمایشەكان بەكاردێنین".

دروستكردنی هەر ئۆتۆمبێلێك لە لای ئەوان ماوەی سێ‌ مانگ تا ساڵێكی دەوێت، دیارترین ئۆتۆمبێلیش كە ئەوان دروستیانكردووە ئۆتۆمۆبێلێكی جۆری لامبۆرگینییە كە لە ماوەی ساڵێكدا دروستیانكردووە و زیاتر لە 40 هەزار دۆلاری تێچووە.

كەمال رایگەیاند، "ئەو ئۆتۆمبێلانەی دروستمانكردوون جۆراوجۆرن لە لامبۆرگینی و جێب و بۆگی، لامبۆرگینییەكە ئۆتۆمبێلێكی جیهانییە و لە ماوەی ساڵێكدا بە تێچووی زیاتر لە 40 هەزار دۆلار دروستمانكردووە لە كاتێكدا ئەو ئۆتۆمبێلە نرخەكەی لە جیهاندا زیاتر لە 300 هەزار دۆلارە، ئۆتۆمبێلەكانی تریش لەماوەی نزیكەی سێ‌ مانگ و زیاتر دروستیان دەكەین".

كەمال و براكانی بە هۆی خولیای زۆریان بۆ كارەكەیان چاوەڕوانی هاوكاری حكوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەن و باس لەوە دەكەن ئەگەر هاوكاری بكرێن و حكوومەت مۆڵەتیان بدات و هاوكارییان بكات دەیانەوێت شوێنكارەكەیان گەورە بكەن و بیكەنە كۆمپانیایەكی دروستكردنی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی كوردستان. 

بە وتەی كەمال، ئۆتۆمبێلەكان بە شێوەیەكی تۆكمە و بەپێی كوالێتی و بوونی مەرجی توندوتۆڵی و دڵنیایی دروستكراون و لە دوای دروستكردنی هەر ئۆتۆمبێلێكیش تاقیدەكرێنەوە تاوەكو لە مەرجەكان و توندوتۆڵی ئۆتۆمبێلەكە دڵنیاببنەوە.
ه.م

بەپەلە