باکوری کوردستان.. لەچالاکییەکی گەریلاکاندا حەوت سەربازی سوپای تورکیا کوژران

کوردستان

13/11/2018‌ 560 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار، لە دوو چالاکیدا سوپای تورکیان کردە ئامانج، لە ئەنجامی ئەو چالاکیانەدا حەوت سەربازی سوپای تورک کوژران.

ئەمڕۆ سێ‌شەممە ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، دەربارەی چالاکی گەریلاکانی لەناوچەی گابار لە باکوری کوردستان و بۆردوومانەکانی سوپای تورک، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.


ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە ڕایانگەیاندوە "سوپای تورکیا لە کاتێکدا لە ڕۆژی ٩ی تشرینی دووەم لە ناوچەی دۆڵی گوردێلای ناوچەی گاباری سەر بە شڕناخ سەرقاڵی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بوون، هێزەکانمان لە چوارچێوەی هەڵمەتی شۆڕشگێڕانەی شەهید دەلال ئامەد و شەهید بەستا لە هەمان ڕۆژ و لە کاتژمێر ١٥:٠٠ سەربازانی سوپای تورکیایان کردە ئامانج، لەو چالاکییەدا دوو سەرباز کوژران و ژمارەیەکی دیکە بریندار بوون".


ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل ئاماژەی بەوەشداوە "گەریلاکانمان لە ڕۆژی ١١ی ئەم مانگەدا لە کاتژمێر ١١:٤٥ خولەکی پێشنیوەڕۆ لەدژی یەکینەیەکی سەربازی سوپای تورک لەسەر گردی شەهید سۆرۆ چالاکییان ئەنجامدا، لەوچالاکییەدا پێنج سەربازی سوپای تورکیکوژران و چەندین سەربازی دیکەش برینداربوون، دوای ئەوچالاکییە سوپای تورکیا بە هێلیکۆپتەر ناوچەکەی بۆردوومان کرد و دواتر کوژراو و بریندارەکانی لە شوێنی چالاکییەکە گواستەوە".


ناوەندی ڕاگەیاندنی هەپەگە ئەوەشی وتوە "سوپای تورک کە بەهۆی چالاکییەکانی گەریلا-وە چەندین کوژراو و برینداری دا، دوێنێ و بەبێ ئەنجام کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنەکە هێنا"..
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگەدا باسی لەوەکردوە "١١ی ئەم مانگە فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورک لە کاتژمێر ٠٢:٠٠ی پاش نیوەشەو دۆڵی پربولای ناوچەی هەفتانین-ی سەربە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا-ی بۆردوومانکرد، هەروەها ئەمڕۆ لە کاتژمێر ٠٩:١٥ خولەکی بەیانی فڕۆكە جەنگییەکانی سوپای تورك گەلی بەدران-ی لە ناوچەی بۆ كریسكان و چەند ناوچەیەكی دیكە لە بناری قەندیل-یان بۆردوومان کرد".
هـ ـ ر