كوشتن لەرێگەی بازرگانەكانەوە
وردەكاری پلانی سعودییە بۆ كوشتنی قاسم سلێمانی

جیهان

14/11/2018‌ 5870 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شار پرێس: حلمی رەسول رەزا
"نیویۆرك تایمز" ئاشكرایكرد سەركردەكانی هەواڵگری لە سعودیە پێش ساڵێك داوایان لەچەند بازرگانێك كردووە كۆمپانیای تایبەت رابسپێرن بۆ كوشتنی "دوژمنە ئێرانیەكان"، لە نێویاندا جەنەرال قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی.

رۆژنامەكە ئەم زانیارییە نهێنییانەی لە سێ كەسەوە گواستووەتەوە، كە ئاگاداری ئەو گفتوگۆیانە بوون دەربارەی ئەم بابەتە‌و محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دوای یەك رۆژ لەبڵاوكردنەوەی ئەو زانیارییانە پشتراستیكردەوە، كە ئاگادارن ئێران بەرنامەی كوشتنی چەند بەرپرسێكی ئێرانی هەیە.

سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان ئەوەیان روونكردووەتەوە، ئەم كۆبوونەوەیە هاوكات بووە لەگەڵ هەژموونی محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنیشنین بەسەر دەسەڵاتی سعودییە.

رۆژنامەكە بڵاویشیكردەوە، محەمەد بن سەلمان، پاشان بووە شازادەی جینشین، راوێژكارەكانی بە جۆرێك ئاراستە دەكرد كاری هەواڵگری‌و سەربازی لە دەرەوەی سنووری شانشین پەرە پێبدەن.

ئەم گفتوگۆیانەی ساڵێك پێش تیرۆركردنی رۆژنامەنووس جەمال خاشقچی ئاماژەن بەوەی بەرپرسە سعودییەكان لە سەرەتای هاتنە سەر دەسەڵاتی محەمەد بن سەلمان بیریان لەپرۆسەی تیرۆركردن كردووەتەوە لە دەرەوەی سنووری وڵاتەكەیان.

لە كوژرانی خاشقچیدا سعودییە دەستی تۆمەتی بۆ جەنەرال "ئەحمەد عەسیری" درێژكرد، كە لە دواییدا دەستی لەكاركێشایەوە، بەڵام عەسیری پێش ساڵێك و لە مانگی ئازاری 2017 چاوپێكەوتنی لەگەڵ چەند بازرگانێكدا كردووە سەبارەت لە پیلانێك بە تێچووی دوو ملیار دۆلار بۆ راسپاردنی لایەنی هەواڵگری تایبەت بۆ تێكدانی ئابووری ئێران.

لەكاتی گفتوگۆكاندا، راوێژكارەكانی عەسیری داوای كوشتنی قاسم سلێمانیان كردووەو رۆژنامەی ناوبراو ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، كە تیرۆركردن و پرۆسەی نهێنی و دەستوەردانە سەربازییەكان، وەك ئەوەی لە یەمەن روویدا بابەتی نوێن بۆ سعودییەو مێژوو سەلماندویەتی خۆی لاداوە لە سەركێشی دەرەكی

باكگراوندی هەواڵگری
هەمان رۆژنامە ئەوەی ئاشكراكردووە، بازرگانەكانی بەشدار بوو لەچاوپێكەوتنەكەدا خاوەن باكگراوندنی هەواڵگری بوون‌و بەو پێشنیارە پڕ لە قازانجە رازی بوون، پاشان رۆژنامەكە ئەوە روون دەكاتەوە بازرگانی ئەمەریكی بەرەگەز لوبنانی "جۆرج نادر" ئەو چاوپێكەوتنەی نێوان بازرگانەكان‌و بەرپرسە سعودییەكانی رێكخستووە لە ریاز. 

نادر ئەو چاوپێكەوتنەی رێكخستووە لە پاش ئەوەی چاوی كەوتووە بە محەمەد بن سەلمان، بیرۆكەی تێكدانی ئابووری ئێرانی خستووەتە بەردەم بەرپرسانی كۆشكی سپی. 

هەروەها لەچاوپێكەوتنەكەدا ،جول زامل، كە پەیوەندی توندو بەهێزی لەگەڵ لایەنی هەواڵگری و دەستە ئاسایشییەكانی ئیسرائیلدا هەیە، ئامادە بووە، كە بەرپرسە سعودییەكان رەتیانكردووەتەوە كۆمێنت دەربارەی دزە پێكردنی ئەم زانیارییانە بدەن، سەرەرای هەریەك لەنادرو زاملیش بەهەمان شێوە قسەیان نەكردووە، بەڵام بەپێی هەرسێ سەرچاوەكەی نیویۆرك تایمز باسی كردوون، سعودییەكان لەو چاوپێكەوتنەدا داوایان لەبازرگانەكان كردووە پرۆسەی كوشتنیان بۆ ئەنجام بدەن، لەنێویاندا تیرۆركردنی بەرپرسە ئێرانییەكان.

رەتكردنەوە و پێشنیار
بازرگانەكان دەربارەی پەیوەست بوون بەجێبەجێكردنی تیرۆركردنەوە ڕاڕابوون و وتوویانە پێویستیان بە راوێژكردن هەیە لەگەڵ پارێزەرەكانیان، هەرچی هەڵوێستی پارێزەرەكانە بەهەموو شیۆەیەك ئەم پلانەیان رەتكردووەتەوە و بازرگانەكان ئەوەیان گەیاندووەتە بەرپرسە سعودییەكان، كە بەشداری ناكەن لە پرۆسەی تیرۆركردندا.

بەڵام " نادر" رێگەی بەسعودییەكان نیشان داوە و زانیاری پێداون دەربارەی كۆمپانیایەك لە "لەندەن"، كە لەلایەن سەربازە دێرینەكانی تایبەتی بوریتانیاوە بەڕێوە دەبرێت، بەوەی دەتوانن لەگەڵیان رێكبەكەون بۆ جێبەجێكردنی پرۆسەی تیرۆركردن، بەڵام ناوی كۆمپانیا پێشنیاركراوەكەی نەهێناوە.

"جۆرج نادر" وەك راوێژكارێك لای جێنشینی ئەبو زەبی كاری كردووە و وڵاتەكە لەگەڵ سعودییەو ئیسرائیل كۆكن لەسەر ئەوەی ئێران مەترسی گەورەیە لەسەر سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەراست.

سەرچاوە: نیویۆرك تایمز