پەرلەمانتارێكی ئەڵمانیا: ئەمریكا سەلماندی کە پشتیوانی دەوڵەتی تورکە

کوردستان

14/11/2018‌ 1263 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پەرلەمانتارێكی ئەڵمانیا ڕەخنە لە بڕیاری ئەمریكا بەرامبەر بە سەركردەكانی پەکەکە دەگرێت و دەڵێت "ئەمریكا دەیەوێت شەڕی نێوان پەكەكە و توركیا قوڵتر بكاتەوە و ئەمریكا سەلماندی، کە پشتیوانی دەوڵەتی تورکە".

ناڕەزایەتیی کوردان و دۆستانی كورد لە دژی بڕیارەكەی ئەمریکا بەرامبەر بە پێشەنگانی بزووتنەوەی ئازادی 'موراد قەرەیلان، جەمیل بایك و دوران كاڵكان' بەردەوامیی هەیە، پەرلەمانتارێكی ئەڵمانیا ئیدانەی بڕیارەكە دەكات.

ئەمڕۆش چوارشەممە ئولا یەلپکە، پەرلەمانتاری ئەڵمانیا لەسەر حزبی چەپ، بڕیارەکەی ئەمریکای لە دژی کادرانی پێشەنگی پەکەکە ئیدانەکرد، لەوبارەیەوە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات  (ANF) قسەیكردەوە و ڕایگەیاندوە"ئەمریکا لە قۆناغی پرۆسەی ئاشتیدا نەیخواست ناوبژیوانی لە نێوان پەکەکە و تورکیادا بکات، ئێستاش بڕیاریداوە لە ڕێگەی پارەوە پێشەنگەکانی بزووتنەوەی ئازادیی کورد دەستگیربکات، بەوەش دەیەوێت شەڕ لە کوردستان قوڵتر و گەورەتر بکات".

پەرلەمانتارەكەی ئەڵمانیا ئەوەشی وتوە "ئیدارەکەی ترامپ بەو بڕیارەی ئەوەی سەلماند، کە پشتیوانی دەوڵەتی تورکە و بەو بڕیارە ئەوەمان بۆ دەرکەوت، کە هاوپەیمانیی ئەمریکا لەگەڵ یەپەگە لە سوریا هاوپەیمانییەکی تاکتیکیە و بۆ دۆستایەتیکردنی کورد و گەلانی بندەست نییە".

هـ ـ ر