جێگری سەرۆكی ئەمەریكا: توندوتیژی سوپای میانمار دژی مسوڵمانانی ڕۆهینگیا بێپاساوە

جیهان

14/11/2018‌ 687 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رایگەیاند، توندوتیژیەكانی سوپای میانمار دژی مسوڵمانانی ڕۆهینگیا بێپاساوە.

مایك پێنس، جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە پەراوێزی دانیشتنی ASAN لە سینگاپور لەگەڵ ‌ئان سۆن سوچی، سەرۆكی حیزبی دەسەڵاتداری میانمار  دیدارێكی سازدا.

بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، مایك پینس بە ئان سۆن سوچی وتوە، توندوتیژییەكان و ئازاردانی سوپای میانمار، كە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی 700 هەزار موسوڵمانی ڕۆهینگیا بەرەو بەنگلادیش، بێ پاساوەو قبوڵكراو نییە.

بەرپرسێكی كۆشكی سپی رایگەیاندووە، جێگری سەرۆكی ئەمەریكا لە دیداری لەگەڵ سوچیدا بابەتی دوو هەواڵنێری زیندانیكراوی ڕۆیتەرزیشی لە میانمار باس لێوە كرد و هیوای خوستووە ئازادبكرێن.

دیداری پینس و سوچی ڕۆژێك پاش ئەوە هات، كە ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی خەڵاتی (باڵیۆزی ویژدان)ی كە لە ساڵی 2009بە ئانگ سۆن سوچی دابوو، بەهۆی بێدەنگیی ئەو لەو كوشت و كوشتار توندوتیژی دژی كەمینەكانی ئەم وڵاتە لێ سەندەوە.

مایك پێنس لە سینگاپور لەگەڵ شینزۆ ئابە سەرۆك وەزیرانی یابانیش دیدارێكی سازدا و بەردەوامی سزاكانی لەسەر كۆریای باكوور تا كاتی دەستڕاگەشتن بە چەك داماڵینی ئەم وڵاتە جەخت لێ كردەوە.
ه.م

بەپەلە