چاوشئۆغڵو: ناكرێت هەوڵی داخستن یاخود بەلاڕیدابردنی كەیسی خاشقچی بدرێت

جیهان

14/11/2018‌ 277 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا لەبارەی كوشتنی خاشقچی رایگەیاند، ئیدی دەزانن كە لێكۆڵینەوەیەكی نێودەوڵەتی لەبارەی بابەتەكە پێویستە، دەشڵێت، "ناكرێت هەوڵی داخستن یاخود بەلاڕیدابردنی كەیسەكە بدرێت".

 مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا كە بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر بوودجەی 2019ی وەزارەتی دەرەوە توركیا سەردانی كۆمیسیۆنی بوودجەو پلاندانانی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كردبوو، لە وەڵامی پرسیارێكدا لەبارەی كەیسی خاشقچی رایگەیاند، لە پرسی لێكۆڵینەوەكان لە كوشتنی خاشقچی هەموو جیهان دان بەوە دادەنێت كە توركیا لێكۆڵینەوەیەكی شەفافانەی كرد.

ئاماژەی بەوەشكرد، "لە سەرەتا لەگەڵ عەرەبستانی سعوودیە گرووپێكی كارمان پێكهێنا، ئێمە گوتمان بیر لەوە ناكەینەوە كە بابەتەكە بۆ دادگای نێودەوڵەتی ببەین، بەڵام ئەو خاڵەی كە پێی گەیشتووین ئیدی دەزانین كە لێكۆڵینەوەیەكی نێودەوڵەتی لەبارەی بابەتەكە پێویستە".

راشیگەیاند، "هەرچییەك رووبدات ئێمە بۆ ئاشكراكردنی راستی ئەم رووداوە چی پێویست بێت ئەنجامی دەدەین، ناكرێت هەوڵی داخستن یاخود بەلاڕیدابردنی كەیسەكە بدرێت".

چاوشئۆغڵو رونیشیكردەوە، خاشقچی بووەتە قوربانی تاوانێكی وەحشیگەرانە و وتیشی، "یەكەكانی هەواڵگری و ئاسایشی ئەو بەڵگە پێویستانەیان بەو لایەنانە نیشاندا كە داواینكردبوو".
ه.م

بەپەلە