دادگایەكی توركیا گۆرانیبێژێكی ئەڵمانی بە رەچەڵك كوردی بە شەش ساڵ زیندانیكردن سزادا

کوردستان

14/11/2018‌ 1045 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دادگایەكی توركیا خانمە گۆرانیبێژێكی ئەڵمانی بە ڕەچەڵەك كورد بە شەش ساڵ و 3 مانگ زیندانیكردن سزادا، ئەوەش بە تۆمەتی پەیوەندیكردن بە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)ەوە.

سەعیدە ئیناج، ناسراو بە هۆزان جانێ ئەمڕۆ چوارشەممە لە لایەن دادگایەكی شاری ئەدرنەی باكوری ڕۆژئاوای توركیا سزای زیندانیكردنەكەی بۆ درا بە تۆمەتی ئەندامێتی لە پەكەكە.

هۆزان لە 23 ی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ لە شاری ئەدرنە دەستگیركراوەو لە میانەی هەڵمەتێكی هەڵبژاردن بۆ پارتی هەدەپە و سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پـێشووتری هەدەپە كە خۆی بۆ پـۆستی سەرۆكایەتی توركیا كاندیدكردبوو.

ئاژانسی فڕانس پـرێس بڵاویكردەوە، نەورۆز ئاكاڵان پارێزەری هۆزان وتویەتی تانە لە بڕیارەكەی دادگا دەگرن تاوەكو دادگای پـیاداچوونەوە بە كەیسەكەدا بچێتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لەوبارەیەوە رایگەیاندووە، كونسوڵخانەی وڵاتەكەی لە ئیستانبوڵ نوێنەری خۆی بۆ دانیشتنی دادگایـیكردنی هۆزان ناردبوو.

هاوكات سیڤیم داگدیلیم، پەرلەمانتاری سەر بە پارتی چەپڕەوی ئەڵمانیا كە بە ڕەچەڵەك كوردە، دادگاییكردنەكەی بە "گاڵتەجاری سیاسی" ناوبردووە و رایگەیاندووە، "ئەمە بە ڕوونی نیشانی دەدات توركیا وڵاتێكی یاسا نیـیە، بەڵكو ڕژێمێكی زۆردارە".
ه.م